فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ساڵی ڕابردوو 15 هەزار و 897 دۆسیەمان هەبوو، تا ئێستا چوار هەزار و 946 دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و هەشت هەزار و 643 دۆسیەش یەکلایی بوونەتەوە، لەناو ئەو دۆسیانەدا دوو هەزار و 605 دۆسیە بۆ دادگا ڕەوانە کراون.

گوتیشی: ساڵ بە ساڵ جۆری توندوتیژییەکان دەگۆڕێن و ڕێژەکانیان جیاواز دەبن، ئەوانەی ساڵی ڕابردوو تۆمار کراون بریتین لە 44 حاڵەت کوشتنی ئافرەت و سێ هەزار و 515 حاڵەت لێدان و سێ هەزار و 404 حاڵەت شەڕکردن و دوو هەزار و 59 حاڵەت هەڕەشە و 539 حاڵەت ناپاکی و 420 حاڵەت جێنودان و 276 حاڵەت فێڵ و 244 حاڵەت بوختان و بەگشتی قوربانییەکان 16 هەزار و 419 کەس بوون کە قوربانیانی مێ 10 هەزار و 960 حاڵەت و نێرینە پێنج هەزار و 459 قوربانی بوون.

باسی لەوەش کرد: هەر لە ساڵی ڕابردوودا  10 هەزار و 305 کەس پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی 119ـوە کردووە. دوو هەزار و 555 کەس چوونەتە سەنتەری خزمەتگوزاریی خێزانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی و دەروونی و ئاشتەوایی بۆ  826 دۆسیە کراوە و سەردانی سێ هەزار و 224 کەس کراوە بۆ گەڕان بەدوای توندوتیژیدا، کە لەو سەردانانەدا 447 فەرمانی گرتن بۆ ئەنجامدەرانی توندوتیژی دەرچووە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 600 تۆمەتبار دەستگیر کراون و 534 تۆمەتباری ئەنجامدانی توندوتیژییش دەستگیر نەکراون، بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتییش حەوت هەزار چالاکی ئەنجام دراون و 45 هەزار کەس لێیان سوودمەند بوون.

گوتیشی: نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە بازیان و زاخۆ و حاجیاوا کراوەتەوە و کار دەکەین بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەراتییەکیش لە پارێزگای هەڵەبجە.