خەبات: هێمن ئاری:- فاروق هەژار، خاوەن قەڵەم و ئایدیایەکی شیعری جوانە.. ئەو لەکۆتای هەشتاکانەوە شیعر دەنوسێت، وەک خۆی دەڵێت لەو سەردەمدا لە نووسینەکانی دوو دڵ بووە لەوەی ئاخۆ شیعرەکانی دەچێتە فۆرم و قاڵبی شیعری یان نا ! پێشیوایە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و خوێندنەوەی زێدەتر تێگەیشتووە چەمکی شیعر دەریایەکی قوڵبووە ئەویش مەلەوانێکی خراپ بووە لەم دەریایە، فاروق هەژاری جوان نووس، لەچاوچێکەوتنێکی ڕۆژنامەی خەبات باس لە ئەزموون و چوونی خۆی بۆ نێو دنیای نووسین و شیعر دەکات، پێیوایە شیعر جگە لە هەست و سۆز و بارە ڕۆحانییەکەی ئاوێنەی ڕووداو و ڕەنگدانەوەی داب و نەریت و میراتەکانی کۆمەڵگەیە.
دڕاندنی شیعر
لەبارەی نووسین و دەستپێکی خزانە نێو بواری شیعر نووسین فاروق هەژار گوتی: لەناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکاندا دەستم بەنووسین کرد ،تەقریبەن لەتەمەنی هەرزەکاری دابووم ئەوکات شتێکم دەنووسی زۆر دوو دڵ و نیگەران دەبووم لەوەی ئاخۆ شیعرە دەچێتە فۆرم و قاڵبی شیعرەوە یان نا، دەیان جاریش شتم دەنووسی و دەمدڕاند. ئیتر وردە وردە تاکۆتای هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان بەئاوێزان بوون و تێپەڕبوونی تەمەن و ڕۆچوونی زێترم بەدنیای خوێندنەوە بەگشتی و دیوانە شیعرییەکان و چیرۆک و رۆمان بەتایبەتی ، ئەوسا تێگەیشتم کە چەمکی شیعر دەریایەکی قۆڵە و منیش مەلەوانێکی خراپ بوویمە تیایدا.
جوانی شیعر و ناشیرینی کۆمەڵگە
لەبەردەوامی ئەو چاوپێکەوتنەدا لەبارەی ئەوەی ویستووتە لەڕێگەی شیعرەوە چی بەخوێنەر بڵێیت، بۆ ئەوەش دەڵێت: پێموایە شیعر لەهەر بوارێکی دیکەی وەک شانۆ، دراما، میوزیک، وێنە کێشان و هتد . لەڕۆحم نزیکترەو ڕەنگە بەشیعر بتوانم گوزارشت لەخەونەکانی خود و ئێش و ئازار و دیاردە جوان و ناشیرینەکانی کۆمەڵگە و ژیان بکەم.
نازناوی هەژار
هەژاری فاروق هەژار لەچیدایە؟ لەعەشق و خۆشەویستی یان لەژیان؟ نازناوی هەژار بۆ ؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش فاروق هەژار گوتی: ئەم نازناوە پەیوەندی بـــە بارودۆخی سیاسی و کەلتووری و فەرهەنگی ئەو سەردەمە هەیە کەمن دەستم بەنووسین کرد. ئەوکات گەلی کورد بەتایبەتی لەباشوور لەبەردەم قۆناغێكی مەترسیداری نامرۆڤانەی ڕژێمی بەعس دابوو، دوژمن هەموو شێوازەکانی وەک پاکتاوکردن ، داپپلۆسین و تەرحیل و تەعریب و ئەنفال و گوند وێرانکردن و هەتا کۆتای لەبەرامبەر گەلی کورد پیادە دەکرد.. ئیدی بیری کوردایەتی و نەتەوایەتیش ئەوکات لەلوتکە دابوو.. بەکورتی نازناوی هەژار واتە هەژاربوونی میللەتێک لەنەبوونی نیشتمان و پشت و پەنا و ئازادی ژیان و دەربەدەری و ئاوارەیی.
نازناو هەگبە
سەبارەت بەوەی نازناو تاچەند بۆ شاعیر و نووسەر یان هونەرمەند پێویستە، ئایا کاریگەری لەسەر زوو ناساندن و لەو بوارەی کاری لێدەکات، بۆ ئەوەش گوتی: پێـــم وانییە نازناو هێندە کاریگەری لەسەر پێگەو زوو ناساندنی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند هەبێت بەقەد ئەوەی چی دەنووسێت و چی دەڵێت و چی لەهەگبەدایە ..
شیعر و ژیان
هەروەها لەبارەی ئەوەی کە ئایا شیعر کەس ئومێدەوار دەکات یان بۆ ماوەیەکی کاتییە و دواتر مرۆڤەکان دەچنەوە دۆخی تایبەتی خۆیان. فاروق هەژاری شاعیر دەڵێت: شیعر هیچ کاتێک کائینێکی سڕکەر نەبووە، تامرۆڤ بۆ کاتێک بخاتە بارێکی نا وشیاری و دواتر بێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، شیعر جگە لە هەست و سۆز و بارە ڕۆحانییەکەی ئاوێنەی ڕووداو و دیاردەکان ڕەنگدانەوەی داب و نەریت و میراتەکانی کۆمەڵگەیە . لەلایەکی دیکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپرۆسەی پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان . شیعر پەیامێکە دەگەیەندرێت، هاوارێکە دەردەبڕێت، ڕووناکییەکە دەگەیەندرێتە گۆشە تاریکەکان و ناشیرینەکانی ژیان.
عەشق و جوانییەکانی بوون
فاروق هەژار عەشق بەڕۆحی زیندووی شیعر و داهێنان و هەموو بەها جوانەکانی ژیان دەزانێت. لەبارەی ئەوەی زۆرێک لە شاعیران لەدەرگای عەشقەوە چوونەتە نێو بواری شیعر ئەی تۆ؟ بۆ ئەوەش دەڵێت: عەشق ڕۆحی زیندووی شیعر و داهێنان و هەموو بەها جوانییەکانی بوون و ژیانە.
ژانی شیعر و تەزووی شیعر
دەگوترێت نووسینی شیعر پێوسیتی بەحاڵەتێکی تایبەت هەیە بۆئەوەی شاعیر ژانی شیعر بیگرێت تابتوانێت شیعرێکی جوان بنوسێت ، ئەمە وایە ؟ فاروق هەژار دەڵێت: ئەو حاڵەتەی جەنابت باسی دەکەیت بۆ کاتی نووسین و داڕشتنی شیعر دەشێ دروست و پێویست بێت ، بەڵام بۆ قووت بوونەوەو تەزووی شیعرێکی تازە بەناخی شاعیردا من پێم وانییە پێویست بەوە بکات ، چونکە خودی شاعیریش بۆ خۆی ڕەنگە زۆرجار هەر نەزانێت لەکوێ و چۆن و چ ڕووداو دیاردەیەک دەبێتە هەوێن و بیرۆکەی شیعرێکی تازەی.
کپی و وردبوونەوە
لەوەڵامی کپی و بێدەنگی و ووردبوونەوە تاچەند بۆ شاعیر پێویستە، فاروق هەژار دەڵێت: پێم وایە شاعیر لەساتی نووسینی هەر شیعرێکدا پێویستی بەوە هەیە بەبێ دەنگی و ڕامانێکی ورد و قوڵەوە گەشتێک بەنێو بیر و هزر و فەرهەنگی وشەو هەگبەی کەسی خۆیدا بکات.
سەبارەت بەو پرسیارەی شاعیر کەی لەپەل و پۆ دەکەوێت دەڵێت: ئەوکاتەی شاعیر کە خۆری عەشقی بۆ جوانییەکانی ژیان لەکەلی نائومێدی لێ ئاوا دەبێت.
شاعیری تازە و قۆناغ و سەردەم
هەروەها لەبارەی تێڕوانینی بۆ ئەو تازە قەڵەمە شیعرییانەی دەرکەوتوون تاچەند توانیویانە شتێک بکەن لەگەڵ قۆناغ و سەردەمی ئێوەو پێش ئێوە جیاوازبێت، هەژار دەڵێت: لەڕاستیدا قەڵەم و نووسینی جوان و باش بەرچاو دەکەون و هەن لەهەموو قۆناغێکیشدا ئەو حاڵەتە بوونی هەبووە، واتە قەڵەمی باش و پێچەوانەکەی، دواتر هەر قۆناغێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیچ قۆناغێکیش دەقاو دەق لەوی تریان ناکات… ئەوەی جیاوازی هەیە لەگەڵ سەردەمی ئێمە لەڕووی ناساندن و بڵاوکردنەوەی شتەکان، ئەوەیە کاتی خۆی شتێکمان دەنووسی جگە لەچەند دۆستێکی نزیک و کەسانێک کەسێکی تر نەیدەزانی ، هەتاکو شتێکمان لەگۆڤارێ یان ڕۆژنامەیەک بڵاودەکردەوە زەحمەت بوو بەسانایی و بێ فلتەر بڵاونە دەکرایەوە.. بەڵام ئێستا سۆشیال میدیا و دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی زۆر هەن و بەسانایی هەرچیت بوێ و بتەوێ بۆخۆت بڵاوی دەکەینەوە.
شیعری لیرک و تایبەتمەندییەکانی
سەبارەت بە نوسینی شیعری لیرک و جیاوازی لەنووسینی شیعری دیکە، کامیان زیاتر ئاسوودەیی بەڕۆحت دەبەخشێت، بۆ ئەوەش دەڵێت: بۆ بەخشینی ئاسوودەی شیعر هاوشێوەی گوڵە، چۆن هەر گوڵە و ڕەنگ و بۆنێکی تایبەت بەخۆی هەیە، شیعریش بەهەمان شێوە، هەر شیعرێک کەلەدایک دەبێت جوانی و ئاسوودەیی بەڕۆحم دەبەخشێت، بەتایبەتیش ئەو شیعرەی خەڵک پێی جوانە و خوێنەر پێشوازییەکی باشی لێدەکات. بــــــۆ جیاوازیش پێویستە لە شیعری لیرکی دا پەیامی شیعریت لەچەند کۆپڵەو وێنە شیعرییەکدا چرکەیتەوەو بەشێواز و تەکنیکێکی هونەرییانە بکەوێتە بەر گوێچکەی گوێگر و بینەر ، چونکە شیعری لیرکی لەرێگای بەگۆرانی کردنەوە دەچێتە ناو هەموو ماڵ و مۆڵ و تاکسی و خاوەن عارەبانەیەکی سەر شەقامەکانیش گوێ بیستی دەبێت، جاراگرتنی ئەو هاوسەنگییە لەڕووی وشەسازی و دەربڕین و وێنە شیعریدا بۆ کۆمەڵێک ئاستی جیاوازی ناو کۆمەڵگە پێویست دەکات تایبەتمەندییەکان لەبەرچاو بگیرێن لەهەموو ڕوێکەوە.
ئەو گۆرانیبێژانەی شیعرەکانیان کردووە بەگۆرانی
سەبارەت بەوەی چەند شیعرت کراون بەگۆرانی فاروق هەژار دەڵێت: زیاتر لە (بیست و پێنج) شیعرم کراوە بەگۆرانی لەلایەن هونەرمەندان ( عەدنان کەریم و خۆشەوی عەزیز و ئەحمەد زەمانە و دلێر بەرزنجی و ئەرسەلان کاروانی و سرود حاتەم و ئیبراهیم ئیسماعیل و گورانیبێژی کۆچکردوو کامەران عەبدوڵڕەحمان و ئەو بەرێزانەی ناویانم لەبیر نییە داوای لێبوردنیان لێدەکەم کەناوم نەهێناون).
تێکستی لاوک
سەبارەت بەو پرسیارەی وەک ئەوەی بزانم بەنوسینی تێکست بۆ لاوکیش شارەزایت هەیە، ئەوەیان چۆنە؟ فاروق هەژار دەڵێت: من لەدایکبووی شارۆچکەی مخمورم و دیارە ئەو ناوچەیەش بەمەڵبەندی لاوک و حەیران هەژمار دەرکرێت، کەش و هەواو ژینگەی ئەو شوێنە بۆخۆی پڕ لە كەرستەی لاوك و حەیران، ڕەنگە ئەوە بۆ خۆی کەرستە و هۆکارێکی باش بووبێت بۆ نوسینی.
چاپکراوەی نوێ
لەکۆتایشدا سەبارەت بە بەرهەمی چاپکراو و پڕۆژەی داهاتووی فاروق هەژار گوتی: دوو بەرهەمی چاپکراوەم هەیە، یەکێکیان بەناوی( گەردوونێک لەجوانی ) ئەویتریشیان (سەرەتایەک بۆ کۆتاییەکانی تۆ)،هەروەها پڕۆژەی داهاتووشم ئەگەر تەمەن دەرفەت بدات بێگومان بەردەوام دەبم لەسەر نووسین و ئێستاش نووسینی کتێبێکی شیعری بڵاو نەکراوەم ئامادەیە بۆ چاپ.
