هیوا گەیلانی
ڕۆژی 16/1/2023 بەڕێز « مەسرور بارزانی » سەرۆکی حکومەتی کوردستان، پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی ئاڕاستەی ھاوڵاتیانی کوردستان و ڕای گشتی کرد.
ناوەڕۆکی پەیامەکە باسی ڕێککەوتنە سیاسیەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و، ئەجێندای کابینەکە و، تێڕوانین و جیھانبینی بەڕێزیان بۆ ئیدارەدانی حکومەت و، ئاستەنگ و کێشە و ئاریشە کارگێڕی و ئەمنی و ڕامیارییەکان دەکات و، پەنجەی خستۆتە سەر گرفت و ئاریشەکان و، ڕوونی کردۆتەوە گرفتەکانی نێوان خۆیان و ھاوبەشە سەرەکیەکەیان کە برایانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن چین، وە لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە بەڕێزیان پێی وایە بارودۆخەکە نەگەیشتۆتە بن بەست و، ئەگەر بڕیار و ئیرادەی سیاسی ھەبێت کێشەکان قابیلی چارەسەرن و، پێشنیار و، ڕا و بۆچونی خۆی بۆ چارەسەریان خستۆتە روو.
بە پێویستی دەزانم ھەڵوەستە لە سەر چەند تەوەرێکی ناوەڕۆکی پەیامەکەی بەڕێزیان بکەین:
یەکەم: بەڕێزیان لە ئاستێکی باڵای ھەستکردن بە لێپرسراوێتی دەدوێ و دەڵێ (من بە یەکسانی سەیری سەرانسەری ھەرێمی کوردستان دەکەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر ھەموو ھاوڵاتیانی ھەرێم )، واتا ھەم لە بەرپرسیارێتی و ئەرکی سەرشانی بەرانبەر ھاوڵاتیان ڕا ناکات و، ھەم ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایا سەرۆکی حکومەت جیاوازی لە نێوان شارەکانی کوردستان دا دەکات.
دووەم: بەڕێزیان چۆن ڕاشکاوانە پەنجەی خستۆتە سەر کڕۆکی کێشەکان و خاڵی داناوەتە سەر پیتەکان، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بەرچاوویان ڕوون بێت و بزانن ناوەرۆکی کێشەکان چین، لە ھەمان کاتدا باس لە ھەستیاری بارودۆخی ناوچەکە و، زەروریەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەنگاوە ھاوبەشەکانمان بۆ داھاتوویەکی گەش دەکات، ئەمەش ئەو ڕاستیە ڕۆشنتر دەکات کە بەڕێزیان بڕوای قوڵی بە دۆزینەوەی ڕێگا چارەی ئاشتیانە و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ھەیەو و، لەم بارەوە پێشنیار دەکات:
أ- دەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی ھاوکار جاف، بەڕێزیان تاکید دەکاتەوە ھیچ لایەنێک تۆمەتبار نەکراوە، تەنھا چەند کەسێکی تۆمەتبار ھەیە و داوا دەکرێ ڕادەستی دادگا بکرێن و لیژنەی ھاوبەشی لێکۆڵینەوە بە ئامادەبونی لایەنی نێودەوڵەتی پێکبھێنرێ و ئەنجام بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێ.
ئێ دەبێ لە کەیسی بابەتێکی تیرۆریستی کە بە نوێژی نیوەڕۆ لە پایتەختی ھەرێم ئەنجامدراوە سەرۆکی حکومەت چ ھەڵوێستێکی تری ھەبێ بۆ سەروەربوونی یاسا و دۆزینەوەی تاوانباران و ئاشکراکردنیان بۆ ڕای گشتی؟
ب- دەربارەی کۆکردنەوە و شەفافیەت لە داھات دا و، دابەشکردنی بە یەکسانی و ھاوسەنگی و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داھاتی دەروازە سنوریەکان، بەڕێزیان داوای ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە و ، پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش دەکات.
لێرەدا دوو بابەت جێگای تێرامانە، لەو سێ وەزارەتەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێداون کە ھەماھەنگیان ھەبێت تەنھا یەکیان پارتی یە ، یەکێکیان یەکێتی یە و، ئەوی دیکەشیان گۆڕانە. واتا بەڕێزیان بۆ بابەتی داھات داوای ھەماھەنگی ھەرسێ لایەنە سەرەکیەکانی پێکھێنەری حکومەت دەکات، وە کە باس لە پێکھێنانی ھێزێکی ھاوبەش دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوریەکان، مەبەستی ھەموو خاڵە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستانە.
ج- لە خاڵێکی تری پەیامەکەدا بەڕێزیان داوا دەکات کۆسپ بۆ پڕۆسەی چاکسازی و، یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و، دروستکردنی ھێزێکی نیشتیمانی بۆ بەرگریکردن لە کیانی دەستوری ھەرێم دروست نەکرێت. ئایا دەبێ کوردێکی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر ھەبێ جورئەت بکات و ئەم مافە بە خۆی بدات لە گەڵ ئەم خاڵە ناکۆک و ناتەبا بێت؟
د: کۆبونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ھەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ئەمساڵ دا تەوەرێکی تری پەیامەکەی بەڕێزیانە، لای ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ھەڵبژاردن ستونێکی بە ھێزی دێموکراسیەتە و، خاڵێکی گەش و بەھێزی کوردستانە لەسەر ئاستی ڕای گشتی دەرەوەدا.
سەرۆکی حکومەت جەخت دەکاتەوە کە ئامادەییان ھەیە ھەموو پێداویستیەکانی ھەڵبژاردن لە زووترین کاتدا ئامادە بکەن، ئێ خۆ دواجار ھەر دەبێ سندوقەکانی ھەڵبژاردن سەنگی مەحەک بن.
ھ: دوا تەوەری پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت جەخت لە سەر سێ بابەت دەکات ئەوانیش:
– لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەت پاڵپشتی حکومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن نەبینن.
– وەزیر و تیمە وەزاریەکان جێبەجێکاری ئەجێندای حکومەت بن.
– کێشە و ئاڵۆزیە سیاسیەکان نەگوازرێنەوە ناو حکومەت و لە دەرەوەی حکومەت ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێ.
پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە لە کوێی دونیادا ھەیە لایەنێک بەشدار و پێکهێنەری سەرەکی حکومەت بێت و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێت ؟! بە چ پێوەر و لۆژیکێک وەزیر و تیمە وەزاریەکان ئەجێندای حکومەتەکەیان جێبەجێ نەکەن ؟ بۆ چی و لە بەرژەوەندی کێ دایە کێشە و ئاڵۆزیە سیاسیەکان بگوازرێنەوە ناو حکومەت و ببنە ئاستەنگ و ئاریشە لە بەردەم کار و بەرنامەکانی حکومەت دا؟
لە کۆتاییدا دەڵێم پەیامی سەرۆکی حکومەتی کوردستان شایانی لێ ووردبوونەوە و ھەڵوەستە لە سەرکردنە لە لایەن ھێز و لایەنە سیاسیەکان و سیاسەتوان و ڕۆشنبیران، وە دەکرێ بکرێتە بناغە و دەرچەی چارەسەری کێشە و ئاریشەکان و، ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندیەکان.