خەبات: هاژە بەرزنجی: سلێمانی:- شادان عەلی ئەحمەد ناسراو بە (شادە عەلی) شاعیر و هونەرمەندی شێوەكار و باڵیۆزی نێودەوڵەتی و جیهانیی، بڕوانامەی دكتۆرای فەخری لەبواری مرۆڤایەتی و ئاشتی و هونەر لەم ڕێكخراوانە وەرگرتووە و هاوكات ئەندامی یەكێتی نێودەوڵەتی ڕێكخراوە جیهانییەكانی ئاشتی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە و بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە پێشانگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیی و ناوخۆیی و فیستیڤاڵ و كۆڕبەندەكاندا كردووەو ژمارەیەكی زۆر لەبڕوانامەی نێودەوڵەتی لە 60 وڵات بەدەستهێناوە وەكو بڕوانامەی بۆردی نێودەوڵەتی، خەڵاتی شاعیرەی نێودەوڵەتی، بڕوانامەی شەرەف، بڕوانامەی شانازی نەتەوە، وەك خۆشی پێیگوتین : ئەم ناونیشانانەی لەبواری كارو چالاكیەكانیدا پێدراوە، باڵیۆزی ئاشتی نێودەوڵەتی ـ باڵیۆزی ژنان و منداڵان ـ باڵیۆزی هونەرو ڕۆشنبیری و ـ باڵیۆزی مرۆڤایەتی و ئاشتی، ڕێزلێنانی باشترین كەسایەتی جیهانی ۲۰۲۲ لە زانكۆی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئازادی و ئاشتی پێدراوە – ڕێزلێنانی ئاشتی نێودەوڵەتی و جیهانی لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ڕێكخراوی مافی جیهانی مرۆڤ وەرگرتووە ـ رێزلێنانی لەگەڵ (سەد) هونەرمەندی كاریگەر لەسەرتاسەری جیهان لە بەشی شێوەكاری لە ئەمەریكاو ئاسیادا لەوڵاتی هیند وەرگرتووە ـ پێدانی بڕوانامەی كەسایەتیی نایاب بۆ ساڵی ۲۰۲۲ لە بواری داهێنانی هونەری شێوەكاریدا لەلایەن یەكێتی نێونەتەوەیی نووسەرانی عەرەب و ئەكادیمیای نێودەوڵەتی نووسەران و بیرمەندانی ڕۆشنبیری عەرەب. ئەمانەو خاوەنی چەندین ڕێزلێانی دیكەشە، هەربۆیە (خەبات) بە پێویستی زانی ئەو دیدارەی لەگەڵدا سازبكات :

*چی بكرێت بۆ پێشكەوتنی هونەر لە كوردستاندا؟
هەتا هونەرمەند چالاك و داهێنەر نەبێت هەرچی بكرێ سوودی نیە ،من خۆبەخشانە تابلۆو كارەكانی خۆم جێبەجێ دەكەم ، بەڵام بۆ پشتگیریكردنیان لەماف وپێدانی ماددییان ئەركێكە بۆ هاندان و پێشكەوتنیان بەو مەرجەی هونەرمەند چالاك بێت و لەگەڵ ئەوەشدا شوێن دەستی دیاربێت لەپێشانگاكاندا.

*ماندووبونت لە ژیانی هونەری و شیعریدا ؟
كاركردنم لەگەڵ هونەرو نووسینی شیعردازۆر خۆشە بەڵام ئەوەی ماندووم دەكات، كاتە، چونكە كاتم زۆر دەوێ، چالاكیم زۆرە ،لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بنووسم یان تابلۆیەك بكێشم، كێشانی تابلۆش پێویستی بەلایەنی ماددیە.

*بۆچی گوندەكانت هەڵبژاردووە بۆ نمایشی وێنەكانت؟
با پێشانگاو كارەكان هەربۆشارەكان نەبێت با بۆ گوندەكانیش بێت، واتە گوندنشینانیش چێژ لەتابلۆ ببینن، بائێمە هەوڵ بدەین كارەكانمان ببەینەگوندەكان، من بەو كارە لەنزیكەوە تێبینی ئەوەم كرد ، كە گوندیەكان چەندە دڵخۆشن بەو كارەی من ، هەمیشە دەمەوێ كارێك بكەم ، تازەگەری تێدا بێت و سوودی بۆ كۆمەڵ و كۆمەڵگا هەبێت.

*وەك لەنزیكەوە ئاگادارم شیعریش ئەنووسیت ؟ ئایا خۆت لە (شیعر یان وێنەو تابلۆ) لەكامیان ئەبینیتەوە؟
هەردووكیان شیعر و تابلۆی وێنەكان ، بۆمن وەكو یەكن، واتە هەردووك بۆمن بەشێكن لە جوانی و سەركەوتنی كارەكانم ، جگە لەنووسینی شیعرو كێشانی وێنەو تابلۆی شێوەكاری، كار لەسەر ئاشتی و مرۆڤایەتی و پێكەوە ژیان دەكەم.

*هونەر چی پێ بەخشیوویت و چی لێ سەندویتەوە؟
هونەر منی بە دنیای دەرەوە ناساندووە ناوبانگێكی باش لە هەڵسەنگاندنی كارو چالاكیەكەكانمدا ،گەورەترین هونەرمەندانی جیهانی و ڕێكخراوە جیهانیەكانی پێناساندووم و كارم لەگەڵ كردوون، چەندین بڕوانامەی دەوڵەتی و ئیقلیمیم بەهونەر وەرگرتووە ، بەڵام هیچی لێ نەسەندومەتەوە بەڵكو بەپێچەوانەوە زیاتری پێداوم.

*هونەرو شیعری ئەمڕۆی كوردی چۆن دەبینی؟
هونەرو شیعر،، لەمڕۆدا لەئاستێكی باشدا دەیانبینم چونكە خۆرسكانە كاردەكەن و بەرهەمیان هەیە ،ڕۆژانە ئێوارانی سلێمانی پڕیەتی لە چەندان چالاكی و كۆڕو بڵاو بووەی بەرهەمی كتێب بەهەموو بابەتەكانیەوە بێ جیاوازی ڕەگەزی نێرو مێ.

*بەشداری قەڵەم و فڵچەی ئافرەتان لەكاری هونەرو شیعری ئەمڕۆی كوردی چۆن دەبینی؟ تا چەند دەتوانن لەڕێگای هونەرو شیعرەوە داكۆكی لە بوونیان بكەن؟ و كێشە كانیان چارەسەر بكەن؟
ئێمە تەنیا دەتوانین كێشەكان وەكو هونەرمەند بەپەیامێك لەناو تابلۆیەك بیكێشین و لەو ڕێگەیەوە بیگەیەنین هەروەها بەنووسین و قەڵەمیش، بەڵێ پەیامەكان تا ئاستێك دەڕوات دەتوانم بڵێم چارەسەر یا بەدوادا چوونی بۆ دەكرێت بەو مەرجەی چ هونەرمەندان و شێوەكاران یا نووسەران و شاعیران پێكەوە بۆ سەرخستنی پەیامەكان یەكگرتووبن، بۆنموونە وەكو ئێستا لەناو كۆمەڵگە شتێك ڕوودەدات لایەنی سوشیال میدیا هۆكارێكی گرنگە بۆ گەیاندنی پەیامەكان لەوێدا بڵاو كراوە دەنوسرێت و بڵاو دەكرێتەوە بەچندان بڵاو كراوە داوای چارەسەر دەكرێت و دەسەڵات داران و ئەوانەی پەیوەندیان پێوە هەبێ بەدوادا چونی بۆدەكەن و بۆی كراوە.

*دەتەوێ چی بە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی كورد بڵێی؟
دەمەوێ پێیان بڵێم پێش هەموو شتێك یەكگرتووبن ،بە لایەنی كەمەوە ڕاستگۆبن لەگەڵ ڕووە ڕاستیەكان بڕۆن پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتی و یەكسانی بێ جیاوازی كاری لەسەربكەن چونكە مێژوو ڕەحم بەهیچمان ناكات هەوڵبدەن كێشەكانی ناوكۆمەڵگە با پەیامێكی پاك و پوخت بێت تا ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و پشتیوانی یەكتربین.

*كارو پڕۆژەی نوێت لە هونەرو شیعردا؟
بۆ ئەمساڵ هەوڵمداوە كارو پڕۆژەیەكی نوێم هەبێت بەڵام دەمەوێت لەكاتی خۆیدا بڵاوی بكەمەوە.