خەبات: سەردار حوسێن:- دوێنێ دووشەممە 16_1-2023، بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مەحمود محەمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی و بریكاری وەزیر و پەرلەمانتار و نووسەر و رۆژنامەڤانان سیمینارێكی بۆ نووسەری ناسراوی كورد محەمەد سەلیم چروككایە، یەكێك لە دامەزرێنەرانی PKK‌ و نووسەری کتێبی ئایەتەکانی ئاپۆ، لە هۆڵی رۆشنبیری و راگەیاندن سازكرد، سەرەتای سیمینارەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد و دواتر د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان، باسی لەوەكرد كە بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەرزی نوێی ساڵی تازەدا یەكەمین چالاكیی رۆشنبیری خۆی بە سیمینارێكی نووسەر محەمەد سەلیم چروككایە لەژێر ناونیشانی ( نەخۆشی پەكەكە چییە؟) ساز دەكات.

د. سالار عوسمان گوتی: ئەم كۆڕ و سیمینارانە بە مەبەستی ئەوەیە نووسەر و رۆژنامەڤان و سیاسەتمەدارانی كوردستان زانیاری راست و دروستییان لەسەر رووداوەكان هەبێت و راستەوخۆ گوێبیستی ئەو راستییانەبن، كە هێشتا بەشێكیان بە پەنهانی ماونەتەوە و پێویستیشە بخرێنەڕوو، مەبەستمانە نووسەر و میدیاكارانی كوردستان راستەوخۆ گوێ لە نووسەرێكی دیاری كورد و یەكێك لە دامەزرێنەرانی PKK بگرن.

محەمەد سەلیم چروككایە لە سەرەتای سیمینارەكەیدا گوتی: كاتێك د. سالار عوسمان پێیگوتم: دەتوانیت سیمینارێك ساز بكەیت و گوێت لێ بگرین؟ پێمگوت: بەڵێ، من سێ مانگ پێش ئێستا چوومەتە لای پزیشك و پشكنینی خوێنیان بۆ كردم، تاوەكو بزانن چ نەخۆشییەكم هەیە یان نا، بۆیە PKK بەلای منەوە وەك ئەو پشكنینەی خوێنە، كە دەتواندرێت لە رێگەیەوە بزاندرێت چ نەخۆشییەك لە جەستەیدا هەیە، من پشكنینی خوێنم بۆ PKK كردووە و دەزانم نەخۆشییەكانی چین و لە چییەوەش تووشی بووە، بۆیە دوای 45 ساڵ تەمەنی ئەو حزبە من وردەكاریی دامەزراندن و چۆنیەتی دەستپێكردنی چالاكییەكانی و هەموو ئەو نهێنییانەیش دەزانم، كە هێشتا رەنگە زۆركەس نەیزانن.

لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەیدا محەمەد سەلیم چروككایە بە وردی باسی لە قۆناغەكانی دروستبوونی PKK كرد و ئەوەیشی روونكردەوە، كە بەشێك لە دامەزرێنەرانی PKK بە تۆمەتی خیانەتكردن و لادان لە پرەنسیپ و بەرنامەكانی حزب لەلایەن خودی حزبەوە كوژراون، چروككایە دەڵێت: بەشێكی زۆری ئەو سەركردە و دامەزرێنەرانەی PKK بە تۆمەتی خیانەتكردن لەلایەن خودی رێبەرایەتی PKK ـەوە بڕیاری كوشتنیان بۆ دەرچوو و كوژران، لە كاتێكدا هیچ بەڵگەیەكی وەها لەبەردەست نەبوو كە خیانەتیان كردبێت، بەڵام تاكڕەویی و دیكتاتۆرییەت و بریاری كوشتن لەناو PKK، بە ئارەزووی رێبەرایەتی بەڕێوەدەچوو، بۆیەش ئەو حزبە نەیتوانی ببێتە رابەری راستەقینەی كوردانی باكووری كوردستان و هەموو ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشەی لەو پارچەیەی كوردستان دەهاتنە ئارا، لەلایەن PKKـەوە سەركوت دەكران.

محەمەد سەلیم چروككایە لەمیانەی سیمینارەكەیدا بە نیشاندانی وێنەی دیكیۆمێنتاری ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری PKK و ناو و ناونیشانی تەواوی ئەو دامەزرێنەرانە، بەوردی باسی لە چۆنیەتی لەناوبردنی هەریەك لەم سەركردانەی كرد و ئەوەیشی خستەڕوو، كە لە 22 كەسی دەستەی دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان تەنیا دوو كەس ماون و بەشێكی زۆریش لەو ژمارەیە بە دەستی PKK كوژراون، چروككایە دەڵێت: دروستبوونی PKK لە باكووری كوردستان بۆ داكۆكیكردن و خەباتكردن لە پێناو دۆزی كورد بوو، بەڵام لە ئەسڵدا وانەبوو، بەڵكو بۆ دژایەتی دۆزی كورد بوو.

لە دوایین بەشی سیمینارەكەیدا، محەمەد سەلیم چروككایە دەرفەتی بە ئامادەبوواندا بە ئازادی خۆیان پرسیار لەبارەی PKK بكەن و ژمارەیەكی بەرچاوی ئامادەبووان سەرنج و پرسیارەكانیان ئاراستەی نووسەر كرد. لە وەڵام بەو پرسیارەی چۆن بتوانین لە PKK و خودی ئۆجەلان تێبگەین؟ محەمەد سەلیم چروككایە گوتی: من حەز دەكەم میدیاكانی كوردستان ئەو 65 خوولەك دانپیانانەی ئۆجەلان بە وردی بڵاوبكەنەوەو بۆ شێوەزارە كرمانجی و سۆرانییەكەیش وەربگێڕدرێت، تاوەكو دانیشتووانی هەر چوار پارچەی كوردستان بزانن ئۆجەلان چییە و كێیە و ئامانجەكانیشی چین، ئەوكات كەس ئەو پرسیارە ناكات و هەموو شتێك بە روون و ئاشكرایی دەردەكەوێت.