خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
لە گفتوگۆیەكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕوونیكردەوە: یەكێك لە دەسكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەچەند بڕگەیەك و لەچەند شوێنێك كارو بەرنامەی خۆیدا باس لە گرنگی كارە خزمەتگوزاریەكانی كەرتی تەندروستی كراوە لە هەمووی گرنگنتر هاوسەنگی و یەكسانییە لەگەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چەند پڕۆژە یاسایەك لەگەڵ چاككردنی چاكسازی لەكەرتی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، بۆیە ئێمە وەكو وەزارەتی تەندروستی لە هەموو ئەو بڕگانەدا كارو بەرنامە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان لە سێكتەری تەندروستی ئامادەكردو پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كرد و دەستمانكرد بە چاكسازیەكان كردو كۆمەڵێك چاكسازی زۆرمان لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی كراوە هەم لە ڕووی كوالیتی هەم لەڕووی دابینكردن و نرخی دەرمان و ستیكەری دژە ساختەو نەهێشتنی دەرمانی قاچاغ و پتەوكردنی چاودێری ناو بازاڕو گرنگیدان بە بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری بۆ پێدانەوەی ڕێگە پێدانی دەرمان لە ماوەیەكی كورت و فراوانكردنی خزمەتگوزرایەكان لەوێ لە ڕووی پشكنینەوە.
پێشكەشكردنی چەند پڕۆژە یاسایەك
دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی دەربارەی ئەو پڕۆژە یاسانەی كە پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد و گوتی: ئەو پڕۆژانەی كە پێشكەشمان كردووە بریتییە لە دوو پڕۆژە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان لە دوای پەسەنكردنی دەرچوو، كە یەكێكیان بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرەكانەوە دووەمیشیان مافی نەخۆشەوپەیڕەوی مافی نەخۆش دانراوە بەڵام ئێستا پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی وەكو پڕۆژە یاسایەكی نوێ و پڕۆژە یاسای مافی پزیشكان و پڕۆژە یاسای ئەنجوومەنی پزیشكی و چەند پڕۆژە یاسایەكی دیكەوئەو پڕۆژە یاسایانەش لەبەر دەستمانە ئەوانە لە ڕێگادانەو لەئایندەدا دەردەچێت.
دوو پڕۆژە یاسای دیكەی گرنگ
دواتر هەر لە میانەی ئەو گفتوگۆیەدا دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسی لە ئامادەكردنی دوو پڕۆژە یاسای دیكەی گرنگ كردو گوتی: چەند چاكسازییەكی دیكە هەیە و زۆر تەركیزی لەسەر دەكەین ئەویش دووانیان زۆر گرنگە یەكێكیان ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستییە و ئامادەیەو لەئاییندەیەكی زۆر نزیكدا ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەین و هەوڵمانداوە پەیڕەوی یاسای ڕێكخستنەوەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت كاری لەسەر بكەین و كاریشمان لەسەر كردووەو لێرەدا چەند بڕگەو تەوەری جیاواز هەیە لە ڕووی كوالیتی و نرخ و لەڕووی كاركردن و چۆنیەتی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریەكان و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان دیارە ئەوانە هەر هەمووی لەبەر دەستی ئێمەدایە پەنا بەخوا هەموو ئەو كارە خزمەتگوزاریانە لە دوای تەواو بوونی كارەكانیان دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان جگە لەوەش ڕۆژانە لەگەڵ داموو دەزگا تەندروستیەكان لەسەر هێڵین بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ سازدانەوەی ئامێرە پزیشكیەكان لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە ڕووی بیناو لە ڕووی ئامێری ستراتیژی بۆمان كردووەو بۆ ئەمساڵی تازەش ژمارەیەك كارو بەرنامەی نوێمان هەیە و لەبەرژەوەندی نەخۆشاندایەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەگەڵ ڕەچاوكردنی باری ئابووری هەرێمی كوردستان و هیوادارین باری ئابووری كوردستان بەرەو پێشەو بچێت و ئابووری كوردستان زیاتر ببوژێتەوەو قەیرانی دارایی نەمێنێ وجێگیر بێت.
پڕۆژە ستراتیژییەكان بۆچی تەواو نەبووە؟
دواتر وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی پڕۆژە ستراتییەكان گوتی: ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە كاتی خۆی لە بودجەداو لەڕێگەی وەزارەتی پلاندانەو جێگیركراوە بەداخەوە لە كوردستان زۆربەی پڕۆژەكانی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەسالی 2014وە ئەو پڕۆژانە لەكار وەستاون و هەندێ لەو پڕۆژانە بەڵێندەری جێبەجێكار گرێبەستی كارەكەی هەڵوەشاوەتەوە بەڵام ئێمە ڕەشنوسێكی بودجەمان ئامادە كردووە لەگەڵ وەزارەتی پلان و ئەولەویەتی چەند پڕۆژەیەكمان بۆ هەر پارێزگایەك و ئیدارەیەكی سەربەخۆ هێناوەتە پێش بۆئەوەی ئەو پڕۆژانە تەواو بكرێت جگەلەپڕۆژە ستراتیژییەكان ئێمە پڕۆژەی فراوانكردن و دروستكردنمان ڕانەگرتووەو هەر بەردەوامەو ئەو پڕۆژانە تەرخانكردنی تایبەتی بۆ وەردەگرین بۆ نموونە دروستكردنی نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە بەردەڕەش ولەگەڵ ڕێكخراوەكانی NGOو نێو دەوڵەتی و كونسوڵگەریەكان ژمارەیەك پڕۆژەمان ئەنجامداوە وەك دروستكردنی نەخۆشخانەی كۆرۆنا و فریاكەوتن لە شاری دهۆك و نەخۆشخانەی نەخۆشیە گوازراوەكان لە شارەدێی بەحركەو نەخۆشخانەی 100 قەرەوێلەلە شاری سلێمانی كە لەلایەن ئەڵمانیەكانەوە دروستكراو نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێرو چەند بنكەیەكی تەندروستی و فراوانكردنی هۆڵەكانی نەشتەرگەریو زیادكردنی ژمارەی قەرەوێلەكان و نۆژەنكردنەوەو فراوانكردنی بەشە خزمەتگوزاریەكان وەكو فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات و چەندانی دیكەو لە شاری هەڵەبجە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی كیمیاوی دەستبەكاربوو لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش سەنتەری شێرپەنجە تەواو دەستبەكاربوو لە گەرمیانیش چەند ڕۆژێك بەرلەئێستا ئامێری سی تی سكان دەستبەكاربوو بەردەوامیش هەوڵمانداوە ڕەوشی دەرمان لەكوردستان باشتر بكەین و داوو دەرمان لەكابینەی نۆیەم زۆرباشەوئەگەر بودجەی هەرێم پەسەند بكرێت هەندێ لەكارو پڕۆژە كان دەست پێدەكەنەوەو لێرەدا پێویستە ئاماژە بە كارێكی گرنگی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان بدەین كە پشكنینی دەرمان لە كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بە بەرزترین ئاست پشكنین بۆ دەرمان دەكات و لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ یەكەمینجار متمانەی بەخشی بە كوالیتی كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بڕوانامانەی كە بۆ بەكار هێنانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و لەكاتی پەسەنكردنی بودجەی هەرێم هەوڵ دەدەین چەند پڕۆژەیەكی تەواو نەكراو كاری بۆ بكەین.










