بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13/1/2023 لە تەقینەوەیەکدا بەهۆی دزەی غاز لە بۆڕیی غازی ماڵێکەوە لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەش کەس گیانیان لەدەست دا و سێ کەسیش بریندار بوون.

لەم بارەیەوە قایقمام (فەرماندار)ی بۆکان بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لەو تەقینەوەیەدا یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەتەواوی خاپوور بووە و زیاتر لە 70٪ی دوو یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش لە تەنیشتییەوە زیانیان بەر کەوتووە.

سەرۆکی بەرگریی شارستانی (ڕێکخراوی ئاگرکوژاندنەوە و خزمەتگوزاریی پارێزراوی) سەر بە شارەوانیی بۆکانیش بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: ”لەو ڕووداوەدا تەرمی شەش کەس لەوانە دوو منداڵ و دوو ژن و دوو پیاو لەژێر داروپەردووی ماڵەکە دەرهێنراون کە هەموویان ئەندامی یەک خێزانن. دوو کەسیش هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بریندار بوون کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.”

بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە کارمەندانی بەرگریی شارستانیش لە کاتی لابردنی داروپەردووی خانووەکە و دەرهێنانی قوربانییەکاندا بریندار بووە کە ئەویش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.