چاودێرێک
کێشەکانی یەکێتی زۆرن، بەشێکی ناوخۆیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەست پێدەکات، لەجیابوونەوەی گۆڕان و کۆنگرەکەیان و کێشەی ھاوسەرۆکی زەھرەکەو تەسفیەکردنی ناوخۆ زۆر بابەتی تر، کە ئەمە ئەگەرچی پێوەندی بە پارتی و حکوومەتی ھەرێمەوە نییە، بەڵام ھەندێ جار کاردانەوەکانی بۆ بەلاڕێبردنی، پڕوشکەکانی بەر حکوومەت پارتیش دەکەوێت. بەشەکەی تری کێشەکان، یەکێتی راست دەکات پێوەندی بەئاڵوگۆڕی پۆستەکانەوە نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکین و پارتی بەڕوونی پێداگیری لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی حکومڕانیەکی ڕاستەقینە دوور لە موجامەلە بێت و ئارامی و دڵنیایی بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی خۆشەویست فەراھەم بکرێت، بەشێکی کەمی کێشەکان لەخوارەوە دەخەینەڕوو “.

کێشەی ئەمنی
کردەوە تیرۆرستییەکەی پایتەختی ھەرێمی کوردستان، کە لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆیی، ئێستا بۆتە کرۆکی کێشەکان، ئەویش تەنھا لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوە دەکرا و تاوانباران ئاشکرا کراون، ئەمەش ھستریا و کاردانەوەی جۆراوجۆری لای یەکێتی دروستکردووە، لێرەدا دەبێت یەکێتی لە ڕوونی سیاسەتی حکوومەت و پارتی تێبگەن، کە ئەم بابەتە قابیلی سازان نییە و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و خۆشیان دەکرێت له‌ به‌دواداچوونیدا به‌شداربن.

کێشەی داھات
لەسەرەتای کابینەکەوە کێشەی سەرەکی یەکێتی و داواکاری بریتی بوو لە چەسپاندنی لامەرکەزیەتی دارایی، لە کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی لە دووکان، لە تەمووزی ساڵی ٢٠٢٠، خاڵی پێداگری لەسەر ئەم بابەت بوو، دوای ساردییەکی زۆر لە نێوان ھەردوولا، لەسەر لامەرکەزیەتی دارایی ئەمجارە لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم لە ٩ ⁄ ١١⁄ ٢٠٢٠، ھەردوو مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە، لەخاڵی (٢) ی بەیاننامەکە جەخت لە لامەرکەزیەتی دارایی کراوەتەوە، لەسەر داوای یەکێتی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٣٠⁄ ١١⁄ ٢٠٢٠ لێژنەیەکی وەزاری بۆ ئەم بابەتی لامەرکەزیەتەی دارایی پێکھێنا لە ١⁄ ١٢⁄ ٢٠٢٠ و لە شاری سلێمانی لەگەڵ ھاوسەرۆک و مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە (ئەوکات داھاتی سلێمانی زۆر بوو پێداگری یەکێتی لەسەر لامەرکەزیەتی داھاتی سلێمانی بوو)، دوای بارودۆخی ناوخۆیان داھاتی سنوورەکان و داھاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو دیار نه‌ده‌ما، لەوکاتەوە یەکێتی داوای مەرکەزیەتی دارایی دەکات، حکوومەتی ھەرێم و پارتی ڕازین بەم پێشنیارە ئەگەر ڕوونی لە داھاتی ناوخۆی سلێمانی و سنووره‌كانی ھەبێت و داھاتەکە بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٨٧) لە ١٧⁄ ١⁄ ٢٠٢١ تایبەت بەناردنی ھێز بەھاوبەش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ سنوورەکان جێەبەجێ بکرێت.

داھاتی نەوت بریتیە لە نزیکەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلار کە لە 96% ی لە سنووری ھەولێرو دھۆکە، بەڵام بێ جیاوازی پارێزگاکان، تەواوی ئەم داھاتە بە یەكسانی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەچێت. حكوومەتی هەرێم بۆ مووچە پێویستی بە 620 ملیۆن دۆلارە، 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتەوە دێت، كەواتە 120 ملیۆن دۆلار دەمێنێ، لێرەدا لە داهاتی ناوخۆ پێویستە بۆ تەواوكردنی مووچە هەولێر 70 ملیۆن دۆلار و سلێمانیش 50 ملیۆن دۆلاربدات، ئەمە جگە لەوەی بۆ دەرمان و كۆكردنەوەی خاشاك و پێداویستی زەروری تری سنووری سلێمانی، كە مانگانە زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلاریان پێویستە، کەواتە تەنھا (٥٠) ملیۆن دۆلار پێویستە لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مووچە.

کێشەی شەراکەت و ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن
لەھەموو جیھاندا بۆیە ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کە بەرکەوتەکان بەپێی ئاکامەکانی بێت، بەڵام بەپێی ڕێکەوتنی کارگێڕی نێوان ھەردوولا، کە پارتی وەک کابینەی ڕابردوو (٥٠ بە٥٠) پۆستەکانی وەزیر و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەڕی گشتییەکانی بە یەکێتی داوە و تەنانەت یەک بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستانیشی بە زۆرینە و کەمینە تێنەپەڕاندووە.

کێشەی ھەڵبژاردن
لای پارتی ڕوونە کە ھەڵبژاردن دەبوایە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بەداخەوە کە دواخرا، بەبێ ئەوەی پارتی ئارەزووی بکات، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ناوبانگی ھەرێم گەیاند و ھۆکاری سەرەکیش یەکێتی بوو، لەبەر کێشەکانی ناوخۆی، ئەمجارە پارتی لەسەر ئەوە سوورە کە دەبێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

کێشەی تاکڕەوی
با خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی شاھێد بن، لە کوێی دونیا ھەبووە، سەرۆکی حزبێک، لە شوێنی یاسا و لە شوێنی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و پارێزگارەکان و قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و پۆلیس و ئاسایش بڕیار بدات و تەداخولی ھەموو ورد و درشتی ئەم سنوورە بکات؟؟

لەکۆتاييدا پارتی بڕوای بە گفتوگۆی بونیادنەرانە ھەیە و هه‌میشه‌ بۆ چارەسەری کێشەکان ئاماده‌یه‌، نەک بە پینەو پەڕۆ.