فازیل میرانی
یاساناسان دەوڵەت بە شێوەیەکی دیاریکراو پێناسە دەکەن یان بەپێی (دەستوور) یان پێشنیارگەلێکی بۆ زیاد دەکەن، کە لەگەڵ ئایندەدا بگونجێت بە واتایەکی تر یاساناسان و شارەزایانی بواری سیاسیی سوود لە ئەزموونەکانی چەمکی دەوڵەتی بوون لە نێوان دەقە نووسراوەکان و واقیعدا وەردەگرن.
کاتێک یاسادانەرەکان هیواکانی خۆیان لە پێناسەیەکی دەوڵەت لە دەستووردا بنیاد دەنێن، دواتر سەرکەوتوو نابن لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان بۆ پیادەکردنی کارەکانی بەرپرسانی دەوڵەت، ئیتر دەست دەکەن بە رەخنەگرتن و تێگەیشتنە دواکەوتووەکانیان یان کەمتەرخەمییەکانیان بەدیاردەکەوێت لە ئاست تێگەیشتنی سروشتی گرووپی دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتێک، عەقڵییەتیەتێک ئامادەیە لەگەڵ زانین یان نادانی خۆی لەوەی، کە دەوڵەت لە ژێر باری چ کەڵەکەیەکی مێژوویی دایە بە تایبەتی لە کاتی دامەزراندنی دەسەڵاتێک دا.
زمان رۆشنبیری راڤە دەکات، تێگەیشتن شیدەکاتەوە، بەو پێیەی رۆشنبیری لە جوانترین پێناسەکانیدا بریتیە لە: ڕەفتاری میراتێک، کە ماوەتەوە. دەوڵەت لە خۆیدا زمانی لێکتێگەیشتن و گواستنەوەی (دەسەڵاتە) لە نێوان گروپەکاندا. ڕەنگە ئەمە نزیکترین پێناسە بێت بۆ کەیسەکانی دەوڵەت بوون بە دەوڵەتی عێراقیشەوە، کە لە مێژووی حوکمڕانیدا لە دوای سەردەمی راشدین تا ئەم سەردەمە خوێندبێتمانەوە، کە ناکۆکی توند و تەشەنەی هەموو شتێک لە پاڵنانی بەرهەڵستکار بۆ سەر دەسەڵات یان خراپ بەکارهێنانی براوەیەک بە دۆڕاو دەخاتەڕوو.
ڕەنگە دروست نەبێت مۆدێلێکی ڕۆژئاوایی سەرکەوتووی دەوڵەت تێکەڵ بکرێت لە بەڕێوەبردنی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەکە بە مۆدێلێکی ڕۆژهەڵاتی، کە دەست و پێوەندەکانی بۆ گەیشتن بە ژینگەیەکی ئارامەوە خوێنیان لێ دەتکێ، کە لەو ژینگە ئارامەدا جگە لە یەک یاسا هیچ دەسەڵاتێکی تر نییە ئیجتهاداێک بکات.
بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، کە مەسەلەکە (هەڵمژین) بێت، چونکە هەموو واقیعێکی سیاسی ڕۆژهەڵات نائومێد نییە و نە هەموو ڕۆژئاوایێکیش ئومێد بەخشە، چونکە ئەزموونی دەسەڵاتی ڕۆژئاوایی هەیە، کە جیاوازی نییە لەگەڵ خراپترین ئەزموونی سیاسەتی بەشێک لە رۆژهەڵاتێکدا، هەرچەندە لە رووی کولتووریشەوە جیاوازی لە نێوانیان دا هەیە لە تێگەیشتن لە پرسیارە چەسپاوەکان و دابینکردنی وەڵامەکانیان: مەبەست لە گەیشتن بە دەسەڵات چییە و دەسەڵات لە ناو جەستەی دەوڵەتدا بەرە و کوێ دەڕوات، ئەو جومگانەی، کە دەوڵەت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی گروپێکدا لەسەر حیسابی گرووپێکی دیکەدا، یان هەڵکەوت و تواناکانی قەوارەیەک چیە بۆئەوەی بریندار نەکرێ بە تاوان و سەرکۆنەکردنێک وای لێ بکات نقووم بێت لە گێژاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
دواڕۆژی هەر دەوڵەتێک بەبێ لەخۆگرتنی ئاواتە موجیزە ئاساکان لە واقیعەوە بۆی دەکێشرێت، چونکە ئەگەر لە دەوڵەتێکدا دەسەڵات لە ڕۆڵی خۆی ئاگادار بێت و پێوانەیەک بۆ هەنگاوەکانی بکات و سەرکەوتوو بێت مانای وایە دامەزراوەیەک هەیە، کە ئەو دامەزراوانە بەڕێوە دەبات، کە سەرکێشی و وەهمی بیروباوەڕ و مێژوویان تێدا نییە، یان بە وردی بیروباوەڕە رۆحیەکان لە پێداویستی بابەتەکانیان جیادەکەنەوە، ئەوە ئەو وڵاتانە بەرەو ئاشتەوایی دەڕۆن و پێچەوانەکەشی هەر راستە.
٭ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی