نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی پێشوو، لە نێوان 13 بۆ 19 هەزار و 500 دینار بووە، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر  ڕايگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 12ی ساڵی 2022 بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 13 بۆ 19 هەزار و 500 دینارە و تێکڕای ئیشکردنی مۆلیدەش 276 کاتژمێر بووە، نرخی یەك كاتژمێر مۆلیدەش 57 دینار بووە.”

نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی 10، لەنێوان 11 بۆ 12 هەزار و 500 دینار بوو، بۆ مانگی 11 هەر ئەمپێرێك لەنێوان 14 بۆ 17 هەزار و 500 دینار بوو.

پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی كارەبای نیشتمانی لە شاری هەولێر لە شارەكانی دیكە كەمترە، بۆیە پارەی كارەبای مۆلیدە زیاتر دێتەوە.

لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، گوتیشی: ”گازوایل هەر گرانە و کارەبای نیشتمانی كەم بووە و كارەبای مۆلیدە زیاتر دراوە، شوێن هەبووە 340 كاتژمێركارەبای مۆلیدە دراوە.”