سوورە مەرگەیی
بەیەکەوە ژیان و بۆ خەڵک مردنی شێخانی بارزان، وایکرد ئەو هەموو رێگری و بەربەستانەی دوژمنان و دەست و پێوەندەکانیان بۆیان درووست دەکردن، نەتوانن بیرۆکەی سەربەخۆیی لای شێخانی بارزان بوەستێنن، ئەوەبوو ئەو بیرۆکەیە لە شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە گواسترایەوە بۆ شێخ عەبدولسەلامی دووەم، دوای ئەوەی شێخ عەبدولسەلامی دووەم لەسەر کوردایەتی و هەڵوێستە شۆڕشگێڕیەکانی، لە ساڵی ١٩١٤ بە بەڵێنی درۆیینی تورکە عوسمانیەکان کەوتە داو و بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان ناجوامێرانە لە سێدارە درا، بەڵام مەرگی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بە ناهەق شەهید کردنی، تورکە عوسمانیەکانی بە ئامانج نەگەیاندن و، دوای ئەو شێخ ئەحمەدی بارزانی پرسی خەبات و تێکۆشانی گرتە ئەستۆ، هاوکات بارزانیی نەمر کە ئەوکات لە هەرەتی لاوێتیدا بوو، بووە میراتگری سیاسی و شۆڕشگێڕی شێخ عەبدولسلامی یەکەم و دووەم و شێخ ئەحمەد بارزانی و، بە ئامانەتەوە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و خەبات و قوربانیدانی لە پێناو رزگاری کورد لێوەرگرتن.
بە وەرگرتنی پرۆسەی خەبات و تێکۆشان لەلایەن بارزانیی نەمر، پرسی کورد و بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتی داگیرکاری و زوڵم و ستەمی سەر کورد چووە قۆناغێکی نوێ، لەو قۆناغە نوێیەدا بارزانیی نەمر بە شکاندنی سنوورە دەستکردەکان و هاوکاری کردنی خەباتی رزگاری نیشتیمانی کوردانی پارچەکانی تر، پرسی لێکدابڕێنراوی کوردی بەیەکەوە گرێ دانەوە، بەوەش هێزی نەتەوەیی بە خەباتی رەوای کورد بەخشییەوە.
دیارە لای شێخانی بارزان کێشەی کورد، کوردبوون بووە و دوا چارەسەری پرسی کوردیش سەربەخۆیی کوردستان بووە، بەڵگە مێژووییەکان و سیاسەتی هەمەجیانەی داگیرکارانی کوردستانیش ئەو بۆچوونەی شێخانی بارزانیان پشتڕاست کردۆتەوە، بۆیە لە چەندین کەناڵی جیاوازەوە کەوتنە دژایەتی ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەی شێخانی بارزان، ئەوەش وایکرد شێخانی بارزان بەپێی زەمینە لەباری و گونجاوی قۆناغەکە خواستەکانی کورد بخنە روو، بۆ هەر قۆناغێک داواکاری و خواستێکی وایان دەخستە روو، کە لەگەڵ قۆناغەکە بگونجێ و کوردیش هەنگاوێک لە سەربەخۆیی نزیک بکەنەوە.
بۆ نموونە:ــ داواکاری شێخ عەبدولسەلامی دووەمی بارزان ئەوە بوو، زمانی کوردی فەرمی بناسرێ و درووستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ئەو باج و خەراجەی لە کوردستان کۆ دەکرێتەوە، لە ئاوەدان کردنەوەی کوردستان خەرج بکرێتەوە، لەگەڵ جەندین داواکاری تر کە لە بەرژەوەندی کورد و دۆزە رەواکەی بوون، لە شۆڕشەکانی یەکەم و دووەمی بارزان و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک، داواکاریەکانی کوردیش بەرز دەکرانەوە، تا لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول داواکاری کورد بەرز کرایەوە بۆ ئۆتۆنۆمی و لە ساڵی ١٩٧٠ رژێم بە ناچاری ئەو داواکاریەی قبوڵ کرد.
راپەڕینی ساڵی ١٩٩١و لاواز بوونی رژێمی بەعس و ئازاد کردنی بەشێکی کوردستان، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لە مێژووی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان و دەرگا کڵۆمدراوەکانی بە رووی دۆزی کورددا کردنەوە، ئەو وەرچەرخانەش وایکرد داخوازی کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە هەڵکشێ بۆ فیدراڵی و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لە ساڵی ٢٠٠٣و روودانی ئەو گۆڕانکاریانەی بە هۆیەوە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دامەزرا و لە دەستووریشدا چەسپێنرا.
دوای ئەوەی عێراق بوو بە وڵاتی فەوزای سیاسی و حوکمی مافیا و میلیشیا و گۆڕەپانی تەراتێنی وڵاتان و، بە تایبەتیش تەراتێنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دوژمن بە ماف و ئازادیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان، سەرۆک بارزانی وەک دەرچووی زانکۆی کوردایەتی و کۆلێژی سەربەخۆیی کوردستان، بە هەست کردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتی سەر شانی، داخوازی کوردی لە حکومەتی هەرێمەوە هەڵگواست بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بڕیاری ریفراندۆمی دا، لە ریفرادۆمدا بەرەی سەربەخۆیی بە دەنگی بەڵێی ٩٣٪ بەسەر دەنگی نەخێری ٧٪ ژێردەستەخوازان سەرکەوت، بەڵام بەرەی نەخێر بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە کەسی و حزبییکانیان، خۆیان خزاندە باوەشی داگیرکارانی کوردستان و بەو خۆ خزاندنەش، توانییان گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی بە شێوەیەکی کاتی دوا بخەن.