محەمەد هەمەوەندی

یەکێک لەو بابەتە بنەڕەتیانەی کە فەلسەفەی زمانی لەسەر دروست بووە کێشەی مانایە، فەلسەفەی زمان دەیەوێت بزانێت کە (مانا چییە؟) یان (مانا چۆن دروست دەبێت؟) یان (دەنگە زمانییەکان چۆن دەبن بەهەڵگری مانا؟)، ئەمانە و چەندین پرسیاری تر بوونە بەجێگای تێڕامانی فەیلەسوفانی زمان لە سەدەی بیستەمدا، هەوڵیانداوە تا ئەو ڕادەیەی کە تێگەیشتن مەودا بدات وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە.

ئەی.پی.ماڕتینێج دەڵێت: (فەیلەسووفەکان بەدوو هۆکار لە زمان دەکۆڵنەوە، یەکەم: تێگەیشتن لە چییەتی ڕاستکردنەوە،
دووەم: تێگەیشتن لە پێکهاتەی ڕاستیی، یەکێک لە لایەنەکانی زمان (دەلالەت)ە، بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە کە لەگەڵ ڕاستکردنەوە هەیەتی، لەڕادەبەدەر ئاوڕی لێدراوەتەوە، ئەگەر ڕاستکردنەوە پێویستی بە یەکگرتنەوەی نێوان توخمەکانی زمان و شوناسەکانی گەردوون بێت لەڕێگەی زمانەوە ڕەنگدەداتەوە).

بۆیە دەبێت بزانین دەربڕینەکان دروستن یان نادروستن پێویستمان بەچەند مەرجێک هەیە، ئەم مەرجانەش ڕاستەوخۆ دەچنەوە ناو بابەتی لۆژیک، واتا کاتێک دەربڕینەکانی ئێمە بنەما لۆژیکەکانی تێدا بوو ئەوا ماناکەیشی دروست دەبێت و بەپێچەوانەیشەوە، ئەمانەش هەریەکە تیۆری تایبەت بەخۆی هەیە، بەتایبەت کاتێک کێشەی مانا پێویستی بەشیکاریی لۆژیکی هەیە، بۆ نموونە کاتێک دەڵێین:
(هەموو مرۆڤەکان نامرن) . ئەم ڕستەیە بێمانایە، چونکە هیچ مرۆڤێک نییە نەمرێ، هەرچەندە لەم حاڵەتەشدا ئەو گرفتە دووبارە دەبێتەوە کە هەندێک ڕستەی گشتی ئەرێنی هەن، مەرج نییە ماناداربن.

لەفەلسەفەدا سێ تیۆر هەن بۆ ڕوونکردنەوەی (مانا)، کە بریتین لە:
۱- تیۆری ئاماژەیی: ئەم تیۆرە کە زیاتر لای فرێگە دەردەکەوێت، ئەوەیە کە دەربڕینەکان ئاماژە بۆ شتێک بکەن، ئەگەر ئاماژەیان تێدا نەبوو ئەوا دەربڕینەکەیان بێمانایە.

۲-تیۆری ئایدیاڵی: ئەم تیۆرە ئەو پەیوەندییە دەردەخات کە لە نێوان عەقڵی مرۆڤ و جیهانی دەرەوەدا هەیە، واتا وێنەکانی ناو زەینی مرۆڤ کە لە زماندان، چۆن لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەیوەندی دەبەستن.

۳-تیۆری کردەیی: ئەم تیۆرە زیاتر لای ڤتگنشتاین دەردەکەوێت، کە پێیوایە مانای وشەکان لە بەکارهێناندا دەردەکەون، ئەگەر نا وشە بەتەنیا خۆی ئیعتیبارێکی نییە، بەڵکو مرۆڤەکان ئیعتیباری پێ دەبەخشن.

من زیاتر لەگەڵ تیۆری سێیەمدا هاوڕام، لەبەر ئەوەی لەزماندا هەرچەند وشە و ڕستە زۆر بێت بەڵام ئیعتیباری نەبێت ناتوانین لێی تێبگەین. لەزمانی کوردیشدا وشەمان زۆرە کە خەڵکی بەکاری ناهێنن، بەڵام لەڕووی جوانییەوە لەزۆر ڕووەوە باشترە لەو وشانەی کە لە جێی ئەوان هاتوون. بۆ نموونە: (بەهاربەند). وشەیەکی لێکدراوە لەدوو وشەی بەهار و بەند پێک هاتووە، هەر دوو وشەکە بەیەکەوە بەشوێنێکی تایبەتی دیاریکراو لە بەهاراندا وتراوە، لە وەرزی بەهاردا دوای بەسەربردنی وەرزی زستان و کڕێوە و وەیشومە و بارانی زستان، کە کەش و هەوا دەگۆڕێ گژ و گیا و تۆڵەکە سەر دەردێنێ، لەپارچە زەوییەکی نزیک ماڵاندا و زۆرتر لەشوێنی چەپدا کە سەرە ڕێگە نەبێت، پارچە زەوییەک دیاری دەکراو شورەیەکی بچووکی دیواری بەدەوردا دەکراو پێی دەوترا بەهاربەند.

سەرچاوەکان :
۱- فەلسەفەی زمان ، هیوا جەلال ، چاپی یەکەم  ۲۰۲۰ ، لاپەڕە ۱۱۹ ، ۱۲۱ ، ۱۲۳ ، ۱۲٤.

۲- هەناری بن دەس سێوی سەر لق ، ئیبرایم محێدین عارف ، چاپی یەکەم ۲۰۲۲ ، لاپەڕە ۳۲.