خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- بەهجەت خدر رەشید، لەدایكبووی ساڵی 1978 ی شاری هەولێرە و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە دا تەواو كردووە، بەڵام مەخابن لەبەر بارودۆخی سەخت و دژواری ژیان و گوزەرانی خێزانیی، نەیتوانیوە لەوە زیاتر درێژە بە خوێندنەكەی بدات، ئێستاش لە پێناو ژیان و پەیدا كردنی پارووە نانێك بۆ خۆی و خێزانەكەی لەبەرامبەر داونتاون كتێبخانەیەكی چكۆلەی هەیەو بەكاری فرۆشتنی كتێب وگۆڤارو رۆژنامەكانەوە خەریكە، وەك خۆشی گوتەنی: لەساڵی 1991 وە لە ناو كتێبدا دەژیم و رۆژانەلەگەڵ كتێب ورۆژنامەو گۆڤارەكانداهەڵسوكەوت دەكەم ، بە مەعنای كەلیمە ئاڵودەی كڕین و فرۆشتنی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارم، بۆیە بەهیچ جۆرێك ناتوانم واز لەعیشق وخۆشەویستی كتێب و رۆژنامەكان بێنم، (خەبات) بەپێویستی زانی ئەودیدارە كورتە لەگەڵ كاكە بەهجەت دا سازبدات و بەڕێزیشیان بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:

*لە كەیەوە ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكاندا هەیە؟
لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 ەوە سەرقاڵی فرۆشتنی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارەكانم و واتە زیاتر لە 30 ساڵە لە ناو تۆزی كتێب و رۆژنامەو گۆڤارە كۆن و تازەكاندا ژیان بەسەردەبەم.

*رێژەی خوێنەرو بازاڕی كتێب و رۆژنامەكان لە ئێستادا چۆنە؟ كە سەردەمی سایتە ئەلەكترۆنیەكانی ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبووك و تویتەرن؟
بازاڕی كتێب گونجاوە كەم تا زۆر خوێنەرو كڕیاری كتێب و رۆژنامەكان هەیە ، وەك باست كرد هەرچەندە بوونی سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەییسبووك ، كارێكی سلبی گەورەو زەرەرمەندیان كردۆتە سەر كڕین و خوێندنەوەی كتێبان ، هاوكات سەرجەم كتێبخانەكان پڕن لە كتێبی باش و بەسوود بەڵام مەخابن چۆڵ و هۆڵن لەخوێنەر. بەو ئومێدەی خەڵك روو لە خوێندنەوەی كتێب و رۆژنامەكان بكاتەوەو لەگەڵ كتێب خۆیان ئاشت بكەنەوە.

*ژیان لە ناو كتێبدا چۆن دەبینی و تۆیەك تەمەنێكە لەناو كتێباندای، لەگەڵ خوێندنەوەدا چۆنی و بیرت لە نووسین نەكردۆتەوە ؟
زۆر دەخوێنمەوە.. بەتایبەتی رۆمانی خۆماڵی و شیعرە كلاسیكیەكان، ( بەپێكەنینەوە) منی نەخوێندەوار هیچم لە دەست نایە … بۆیە دەستی نووسینم نیە، چونكە نووسین زۆر گەورەیە هەمووكەس زات ناكات خۆی لە قەرەی بدات ؟خۆ نووسین گەمە نیە ؟!!.

*بەرنامەو پڕۆژەی تازەتان ؟
خوا یارو پشتیوان بێت، لە بەرنامەم دایە كتێبخانەكەم گەورە بكەم و شوێنێكی تایبەت بە خوێندنەوەی تێدا بێت، بۆ ئەو خوێنەرانەی كە توانای كڕینی كتێبیان نیە، بێن لێرە كتێب بخوێننەوە، یان بە ئیستیعارە وەریبگرن.

*دەتانەوێ چی بە ڕۆشنبیران و خوێنەران بڵێن؟
داوا لە خوێنەران و رۆشنبیران دەكەم، وەك ساڵاتی قەدیم روو لە كتێب خوێندنەوە بكەنەوەو لەگەڵ جیهانی كتێبان خۆتان ئاشت كەنەوە. وەك شەخسی خۆشم ئامانجم ئەوەیە لە ناو جیهانی كتێبدا بەردەوام بم و خوێندن بە منداڵەكانم تەواو بكەم و ئامانجی هەرەگەورەشم ئەوەیە كوردستان بە سەربەخۆیی ببینم.