ئاشنا بابان

پارتی سیاسی بریتییە لە ڕێکخراوێکی سیاسی، کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەناو حکوومەتدا دەدات.

بەگشتی کۆمەڵێک پێناسەی جیاواز و چەمکی جیاواز لە خۆ دەگرێت، پارتی سیاسی بریتییە لە (یەکێتی نێوان کۆمەڵێک تاک بە مەبەستی کارکردنی پێکەوەیی، بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکی گشتی دیاریکراو، بە پێی بنەما تایبەتیە داڕێژراوەکان و لە پێناو گرتنە دەست و گەیشتن بە دەسەڵات و پیادەکردنی).

واتا هەر پارتێک کۆمەڵێک پێکهاتەی تایبەت بەخۆی هەیە، کە بە دیسپلین و کارنامە و بەرنامەڕێژی بۆ کراوە، لە شێوەی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی، کە سەرکردەکان و ئەندامەکانی کۆ دەکاتەوە. هەروەها خاوەنی کۆمەڵێک ئامێری کارگێڕین، کە هەمیشە بۆ فراوانکردنی بازنەی لایەنگرانی لەناو خەڵکدا یارمەتیدەرن..

مێژووی سەرهەڵدانی ژیانی سیاسی و بیرۆکەی حزبی سیاسی، لە ناو دیموکراسیەتی ئەسینای یۆنانی کۆن لە دایک بوو، هەروەک دەرکەوتنی چەند لایەنێک کە گوزارشتیان لە ڕەوتە جیاوازەکانی فکری کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە دەکرد، کە دوو جۆری بەربڵاون لەوانە بە ناوی( ئۆلیگارشی) کە بریتی بوون لە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی (کەمینەیەکی دەوڵەمەند)ی دەکرد. هەروەها پارتی (دیموکراتی گەل) کە نوێنەرایەتی ڕەوتی خەڵکی ئاساییان لە ناو کۆمەڵگای یۆنانیدا دەکرد..

چەمکی حیزب پێش چارەکی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم ئامادە نەبووە، تەنانەت وشەی حیزب بەو مانایەی سەردەمی ئێستا و ئەمڕۆی نەبووە.

حیزبی سیاسی ڕێکخراوێکە لە تاکەکان، کە لە بیروڕا هاوڕان و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.

لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا، حیزبی سیاسی فاکتەرێکی سروشتی بێت، کە وەک پێویستی کۆمەڵگا دەبێت هەبێت. لە زۆربەی سیستەمەکاندا ئامادەیە و دەگمەنە، وڵاتێک نیە کە حیزبی سیاسی تیا نەبێت.

(مۆریس دوفرجیە) پێی وایە سەرهەڵدانی پارتە سیاسییە هاوچەرخەکان، بۆ ساڵی ١٨٥٠ دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی هچ وڵاتێکی جیهان ( جگە لە ئەمریکا) حیزبی سیاسی بە مانا مۆدێرنەکەی و وشەکەی ئاشنا نەبوو، ئەو پێی وایە دوو بنچینە بۆ حیزبەکان هەیە، ئەوانیش:-
١-بنچینەی هەڵبژاردن و پەرلەمانی.
٢-بنچینەی ناهەڵبژاردن، نا پەرلەمانی یان دەرەکی.

لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا، کڵێسا ڕۆڵێکی گرنگی لە دامەزراندنی پارتە سیاسییەکاندا هەبوو، وەک پارتە مەسیحییە ڕاستڕەوەکان لە ساڵی ١٩١٤.
پارتە سیاسییەکان لە وڵاتانی جیهاندا بە فۆرم و شێوازی جیاواز سەریان هەڵداوە، گرنگترینیان بریتین لە:
١-دەرکەوتنی پەرلەمانەکان لە سیستمە سیاسییە جیاوازەکاندا، دەرکەوتنی کوتلەی نوێنەرایەتی پەرلەمانی سەریان هەڵدا، کە بە ناوکی خانەی دروستبوونی حیزبی سیاسی ئەژمار دەکرێت. هۆکاری سەرکیی یەکگرتنیان هاوکاری نێوان ئەندامانی پەرلەمان و نزیک بوونی ئایدۆلۆژیا لە یەکتر و بەرژەوەندی هاوشێوەیان و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات درکیان بە گەشەسەندنی ڕۆڵی پەرلەمان و دروستبوونی یەکگرتوییان لە شێوەی حیزبدا کرد.
٢-سەرهەڵدانی پارتە سیاسییەکانی خاوەن ئەزموونی هەڵبژاردن لە زۆر وڵاتی جیهان، کە بەحوکمڕانی پرەنسیپی مافی دەنگدانی گشتگیر لە جیاتی کورسی بۆماوەیی ئاغاکان دەستی پێکرد.کە کوتلەی دەنگدەر دەرکەوت لەگەڵ سەرهەڵدانی لیژنەکانی هەڵبژاردن، کە ئەوان لە هەریەک لە ناوچەکانی هەڵبژاردن پێکهێنراون.
٣-سەرهەڵدانی ڕێکخراوی گەنجان و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکان و دەستەی ئایینی و سەندیکای کرێکاران، زیاتر هەوڵیان داوە گروپی بەرژەوەندیخواز بن کە بە تەنها خزمەت بۆ ئەندامەکانیان بەدەستبهێنن.

گرنگی پارتی سیاسی :

پارتە سیاسییەکان هێمای دیموکراسین، چەند لایەنێکی ئەرێنیان هەیە، کە هۆکارێکن بۆ بوونیان لە هەموو وڵاتێکدا کە :-
١- ڕۆڵێکی گرنگی لە تیشک خستنە سەر ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانی ناو وڵاتدا هەیە.
٢-نوێنەرایەتی کردن و دەربڕینی ڕای گشتی.
٣-ئازادی بەشداریکردن لە کاروباری سیاسی و گشتی دەوڵەت بە هاوڵاتیان دەبەخشێت..

ئەرک و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان خۆی لە چەند بابەتێک دەبینێتەوە، بە تایبەتی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو:
– هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکگرتنی نیشتمانی.
-ئەرکی کۆکردنەوەی سیاسی.
-ئەرکی کۆنترۆڵکردن.
-ئەرکی بەشداریکردن لە بڕیاردان و وێنە و نەخشەی سیاسەتی گشتی.

پێکهاتەکانی پارتە سیاسیەکان:

هیچ پارتێکی سیاسی، بەبێ بوونی توخمە بنەڕەتییەکان، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێکناهێنرێت، پێویستە ئەوانەی تیا بێت کە بریتین لە سەرکردەو دامەزرێنەری حیزب. ئەوان نوێنەرایەتی ئەو گرووپە ناوەکییە دەکەن، کە بڕیاری پێکهێنانی حیزبیان داوە.
ئەندامەکان بریتین لە ئەندامانی ناوچە جیاوازەکان کە بە کارو چالاکی سیاسی هەڵدەستن.
ئامانجەکانی حیزب کە لە حیزبێک بۆ حیزبێکی تر جیاوازە، ئامانجەکانیان بە پێی جۆری حیزب جیاوازن.

نوێنەرایەتی سیاسی حیزب کە بە گرنگترین توخمە سەرەکییەکانی حیزب لە پێکهێنانی حیزبە سیاسیەکاندا ئەژمار دەکرێت، چونکە نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمان و نوێنەرایەتیەکاندا پێویستە.
ژینگەی کۆمەڵگا کاریگەریی لەسەر بەشداری سیاسی هەیە، کە ئەوانیش ( پەروەردە و خوێندن، پیشە، ئاستی خوێندن، داهات، تەمەن، ڕەگەز، مەزهەب، شوێنی نیشتەجێبوون).
بەگشتی سەرهەڵدان و دروستبوونی حیزبی سیاسی، بە سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیایی ڕۆژئاوایی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک پەیوەست بوو.
بەشێوەیەکی گشتی لایەنە سیاسیەکان کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی گشتی هەیەو ئەرکی ڕێکخستن و ئاراستەکردنی بەشێکی کۆمەڵگای لەسەر شانە، کۆکردنەوەی زانیاری و گەیاندنیان بە دەسەڵاتی سیاسی، کە وەک میکانیزمێکی پەیوەندی بەستن لە نێوان هاوڵاتیان و حکوومەت و لە ڕێگەی نوێنەر و ئەندامانی پاریەکەیەوە کاریگەرییان لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و سیاسەتی گشتیدا دەبێت. لەم روانگەیەوە گرنگی و ئەرک و بوونی پارتی سیاسیمان، لە ئاراستەکردن و کارلێککردن و کارتێکردنی بۆ کۆمەڵگا و تاکی کۆمەڵگا بۆ دەر دەکەوێت. ئاشکرایە هەر وڵاتێک و سیستمی سیاسی و حزبی تایبەت بەخۆی هەیە، جا (فرە حزبیە یاخود دوو حزبی یان تاک حزبی) .

پارتی سیاسی، بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی و فراوانبوونی بنکەی هەوادارانی، پێویستە بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەدا بێت، لە ڕێگەی بەستنی کۆنگرە و داڕشتنی پلان و دسپلینی نوێ و کارکردن و تازەگەرایەتی لە ڕێگەی گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکان، لە هەموو بەش و ئۆرگان و دەستەکاندا. لە زانستی سیاسیدا هاتووە، کە بەوەستان و چەق بەستویی لە حزب و سیستمی سیاسی دەچوێنێت بە شێوەیەک، کە دەڵێت (ئەگەر گۆمێکی ئاو وەستا بوو ئاوی تازەی نەچووە سەر و ئاوی لی نەڕوات، ئەوا بۆگەن دەبێت و شیاوی چی تر خواردنەوە نیە)، ئەوا سیاسەتی حزبی و سیستمی سیاسیش بە هەمان شێوە، خراپ دەبێت و پاشە کشێ دەکات، لە پێناو مانەوە و بەردەوامی و جێگیری و گەشەی حیزبی و کاری سیاسی، پێویستە بەردەوام گۆڕانکاری ئەرێنی دراسەکراو و جێبەجێبکرێت، بۆ نوێبونەوە و باشتر گەیاندنی پەیامی حزب و گەیشتن بە ئامانجی حزب، کە لە دەسەڵات خۆی دەبینیتەوە. لەو پێناوەدا ئەندام و کادر و لاینگرانی ئاراستە دەکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی ١٤ خۆیدا، کۆمەڵێک نوێگەریی بەرچاوی دەست پێکردووە، کە بۆتە هۆکاری پێدانی گڕو تینێکی زیاتر بە ئەندامان و کادرەکانی بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشچوونی زیاتر و دروستکردنی ئومێدی نوێ و بەردەوامی زیاتر بە هەوڵەکان، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی و جۆرە هێزێکی ململانێی رەوای لای لایەنەکانی تر دروستکردوە کە هەمیشە وا بڕوانن، تازەبوونەوە و بەردەوامی گۆڕانکاری، بۆ مەبەستی بەردەوامیی بەدەستهێنانی خەون و ئاواتی نەتەوەییە.