خەبات: عەلی بانیشاری:- لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) پ.د.قادر محەمەد حەسەن، راگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین دەڵێت: ئاستی پێشوازیكردنی قوتابیان لە سەرجەم بەشەكانی كۆلێژی ئاداب بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی جیاواز دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە. دەشڵێت: لەگەڵ وەزیری پەروەردە گفتوگۆم كردووە و پێی راگەیاندووم ئەگەر قوتابخانەكان پێویستیان بە دەرچووانی ئاداب بێت دەتوانن وەكو وانەبێژ وەریان بگرن. پ.د.قادر محەمەد لەم دیمانەیەدا وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری (خەبات) دەداتەوە.
د.قادر محەمەد، راگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین سەبارەت بە كەمی ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 لە بەشە جیاجیاكانی كۆلێژی ئاداب لە چاو ساڵانی رابردوودا؟ بە (خەبات)ـی راگەیاند: لە سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك پاشەكشە لە قبوڵكردنی ئەو بەشانە هەبووە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ كەمی رێژەی دەرچوونی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ساڵی رابردوو، چونكە یەكەم ساڵی پاش كۆرۆنا بوو كە تەواوی پڕۆگرام بۆ ئەو قوتابیانی ئەو قۆناغە داخڵ بێت، هەروەها ئەو قوتابیانە قۆناغەكانی 10 و11یان لە سەردەمی كۆرۆنا تێپەڕاندبوو، لە راستیدا ئاستی قوتابی وەكو پێویست نەبوو، ئەوەش وایكرد رێژەی دەرچوون كەم بێت و بەشەكانی كۆلێژی ئادابیش هەر ئەوەندە قوتابیان بەردەكەوت.
ئەو زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی كرد و گوتی: هۆكاری دیكەش هەن بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو لەو بەشانە، بۆ نمونە ئەو بەشانەی كە پەروەردە نین، وەزارەتی پەروەردە كەمتر فۆڕمی بۆ وانەبێژیان دەداتێ، بەراورد بە دەرچووانی كۆلێژەكانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی، لە راستی ئەولەویات بۆ كۆلێژە پەروەردەییەكانە، دواتر بۆ كۆلێژەكانی ئاداب و زانست و كارگێڕی و ئابووری و هەندێك كۆلێژی دیكە.
د.قادر محەمەد گوتیشی: وەزارەتی پەروەردە نەیوتووە دەرچووانی كۆلێژی ئاداب و زانست و چەند كۆلێژێكی تر وەكو وانەبێژ وەرناگرم. ئاماژەی بەوەشدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دەرچووانی كۆلێژی ئاداب بە وانەبێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردە دانیشتووە و پێی راگەیاندووە لە دابەشكردنی فۆڕمی وانەبێژی و وەرگرتنی وانەبێژان لە قوتابخانەكانی كوردستان ئەولەویات بۆ دەرچووانی پەروەردەییە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر قوتابخانەكان پێویستیان پێیان بێت، دەتوانن دەرچووانی ئاداب و كۆلێژی زانست وەكو وانەبێژ وەربگرن.
راگری كۆلێژی ئاداب دەشڵێت: ئامانج لە پێگەیاندنی ئەو كادێرانەی لە كۆلێژەكانی ئاداب و زانست دەردەچن، توێژەرە، نەك مامۆستا و وانەبێژ. بە بۆچوونی ناوبراو، هۆكاری تر بۆ كەمبوونەوەی ئاستی وەرگرتنی قوتابیان لە بەشەكانی كۆلێژی ئاداب دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بازاڕی كار. وەكو ئەو دەڵێت ((تاڕدەیەك بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە دەرەوەی كایەی حكوومی، زیاتر كراوەیە بە رووی هەندێك بەش و پسپۆڕی دیاریكراودا، ئەوەش وا دەكات قوتابیان كەمتر روو لە هەندێك لە پسپۆڕییەكان بكەن، چونكە كاتێك دەزانێت ئاسۆی دامەزراندنی لە كەرتی حكوومی وەكو پێویست نییە، دەبێت بیر لە كەرتی گشتیی بكاتەوە، لە كەرتی گشتیش دیارە كۆمپانیا و دام و دەزگا جیاوازەكان زیاتر ئەو خەڵكانەیان دەوێت كە خاوەن هەندێك كارامەی تایبەتن لە بواری ئایتی و زمان و هەندێك تایبەتمەندی تر)).
د.قادر محەمەد پێیوایە، كەمبوونەوەی ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو لە كۆلێژی ئاداب، هەلومەرجێكی كاتییە و ناكرێت ساڵی خوێندنی 2022-2023 بكرێت بە پێوەر، چونكە چوار ساڵ لەمەوبەر بەشی فەلسە تەنیا 10 قوتابی بۆ هاتبوو، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت (( بۆ ساڵێك دواتر 50 بۆ 60 قوتابی لە قۆناغی یەكەم بەشەكە وەرگیران)). هەروەها دەشڵێت: دەبێت ئێمە 2 بۆ3 ساڵ چاوەرێ بكەین ئەگەر ئاستی پێشوازی قوتابیان لەو بەشانە بەردەوام بوو لە كەمكردن، ئەو كات دەتوانرێت بیر لەوە بكرێتەوە كە ئەو پسپۆڕیانە رەنگە كێشەیان لەگەڵ بازاڕی كار هەبێت، ئەگینا چوار ساڵ لەمەوبەر كە دامەزراندنی حكوومی بەهەمان شێوەی ئێستا بوو، بەشی مێژوو 180 بۆ 200 قوتابی بۆ هاتبوو)).
راگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین باسیلەوەشكرد، وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلێژی ئاداب بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەموو بەشەكان بە رێژەی جیاواز كەمیكردووە، هەندێك بەش هەیە ساڵی رابردوو 100 بۆ 150 قوتابی رووی تێكردووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ نیووە دابەزیووە، بەپێی ئاماری كۆلێژەكە، زۆرترین قوتابی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 روویان لە بەشەكانی ((مێژوو، كۆمەڵناسی، راگەیاندن)) كردووە، تەنیا بەشی مێژوو نزیكەی 70 قوتابی وەرگرتووە. هەروەها بەشەكانی شوێنەوار و فەلسەفە هیچ قوتابییەكی قۆناغی یەكەمی نییە و بەشی كاری كۆمەڵایەتیش تەنیا 10 قوتابی هەیە.
د.قادر محەمەد دەڵێت: بەهۆی ئەوەی بەشی كاری كۆمەڵایەتی مەرجی ئەوەیان دانابوو هەر قوتابیەك بیەوێت لە بەشەكە بخوێنێت دەبێت نمرەی زمانی ئینگلیزی لە 70 كەمتر نەبێت، ژمارەیەكی كەم قوتابی لە بەشەكە وەرگیران. راگری كۆلێژی ئاداب دەشڵێت: بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 ئەو مەرجەمان لابردووە، تاوەكو زۆرترین قوتابی لەو بەشی كاری كۆمەڵایەتی وەربگیرێن.









