
دوێنێ دووشەممە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەمەد شياع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبوونەوە و چەندین پرسی وەك كاراكردنەوەی مادەی 140، پارەی جووتیارانی كوردستان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی شنگالیان تاوتوێ كرد.
فراكسیۆنی پارتی لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، پیرۆزباییان ئاراستەی سوودانی کرد و هیوایان خواست ئەم حکوومەتە ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و حکوومەتی خزمەتگوزاری بێت بۆ گشت هاووڵاتییانی عێراق.
فراكسیۆنی پارتی هەر لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتیان لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزارى حكوومەت كردەوە، وەك فراکسیۆنیش تیشکیان خستە سەر چەندین بابەت و چارەسەرکردنی کۆمەڵێك پرسی زۆر گرنگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، لەوانەش کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140، شایستە داراییەكانی جوتیارانی كوردستان، جێبەجێکردنی ڕێككەوتننامەی شەنگال و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان، هەروەها قەرەبووکردنەوەی خانەوادەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدان، لەگەڵ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەستبەکاربوونی لیوای هاوبەش لەو ناوچانە، سەرباری مافە داراییەکانی پێشمەرگە و دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.