پەرژین جعفر حاجی روستم
لە مێژووی ٧٦ساڵی پارتیماندا بۆیەكەم جارە ئافرەت لە هەرەمی بڕیاردان دەبێت، سەرۆك بارزانی بە بوێرییەوە دەرگای بەڕووی بەشداریكردنی ئافرەتان لە ھەرەمی بڕیاردان لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان كردەوە،كۆنگرەی حزب هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی چاكسازی و هەڵسەنگاندن و داڕشتنەوەی ستراتیژییەت و بەرنامە و ئامانجی ئایندەی حزب و جێكردنەوەی لە نێو پەیڕە و پرۆگرام و دەستنیشانكردنی كەموكورتی و لاوازی و بەهێزكردنەوەی جومگەكانی ئۆرگانەكانیەتی و لەگەڵیدا هەڵبژاردنی دەستەیەكە بۆ پیادەكردنی سیاسەت و بڕیار و ڕاسپاردەكانی حزب و كۆنگرەكەی. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بڕوای بەوە هەبووە كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە بۆ گۆڕانكاری و شەرعیەتدان بە سەركردایەتی و كاروباری حزبی.
بەو پێیەی دەرچووی خوێندنی بەشی مێژووم، قوتابی ماستەرم لە هەمان بەش، نامەی ماستەرەكەشم پەیوەندی بە بەشداریكردنی ئافرەتان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەیە و دواتریش یەكێك بووم لە ئەندامانی كۆنگرەی ١٤ ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشانازییەوە، دەمەوێ چەند هەڵوەستەیەك بكەم لەبارەی مێژووی كۆنگرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بایەخی ئەم حزبە بۆ پرسی بەشداریكردنی ئافرەت لە ناوەندی بڕیاردان.
لای هەمووان ئاشكرایە لە ١٦ ی ئابی ١٩٤٦ یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی حزب لە شاری بەغدا بەئامادەبوونی( ٧٠ )نوێنەر بەڕێوەچوو، تێدا ١٥كەسایەتی دیار كە سەرۆك و دامەزرێنەرەكەی بارزانیی نەمر بوو خۆی ڕاگەیاندن و لەو كەسایەتیانە هیچ ئافرەتێك تێدا بەشدار نەبوو، پێیموانییە لەو بابەتەدا هەم سەرۆكی حزب و ئەوانیدیش مەبەستیان نەبووبێت لە هاتنە پێشەوەی ئافرەتان بۆ ناو سەركردایەتی، بەڵكو هەر دۆخ و قۆناغێك كۆمەڵێك فاكتەر هەن دەبنە هۆكارێك بۆ بەهێز بوون یاخود لاواز بوون، یاخود بایەخدان بە چینێك یا پشتگوێخستنی چینێكی دیكە، بەڵام بەگشتی ئافرەت لە قۆناغی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی پارتیدا رۆڵێكی ئەوتۆی نەبووە و پێدەچێت بارودۆخی كۆمەڵایەتی ئەو كات یەكێك بووبێت لە هۆكارە دیارەكان. بۆیە لە زنجیرەی ناوەكانی دامەزرێنەرانی پارتیدا ناوی هیچ ئافرەتێك بەدیارناکەوێت ، بەڵام لە نێو پەیڕە و پرۆگرامدا سیاسەتی حزب ڕوونكراوەتەوە بۆ ڕەخساندنی یەكسانی لە نێوان پیاوان و ئافرەتان لە هەموو كایەكان و پشتیوانیكردن لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان.
لە كۆنگرەكانی دوو و سێ، بە هەر هۆكارێك بێت ئافرەتان لە سەركردایەتی و بەشداریكردن لە پێگەی حزبی و ڕێكخستن لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوونی نەبووە، بەڵام لە پێش كۆنگرەی سێیهەمدا لە ساڵی ١٩٥٣بە دامەزراندنی رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكان دەرفەتێك بۆ كاری رێكخراوەیی و حزبی زیاتر رەخسا كە، كە ئەویش دامەزراندنی رێكخراوێكی تایبەتمەند بە ئافرەتان لە ١١ /١٢ /١٩٥٢ (بەناوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان)، كە ئەم رێكخراوە بووە دەروازەیەكی باشتر تا ئافرەتان لە كایەی سیاسی و حزبی لە ناو پارتیدا رۆڵی خۆیان زیاتر بگێڕن و تواناكانی ئافرەتانی كورد پەرەپێبدەن و لە بواری رێكخستن و پێشمەرگایەتی و كاری حزبیدا چالاكی بنوێنن.
هەرچی سەربارەت بە كۆنگرەی ٤ ی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە ١٩٥٩/٧/٤ لەشاری بەغدا بەسترا، دەتوانین ناوی بنێین كرانەوەی زیاتر بەڕووی بەشداریكردنی كارایی ئافرەتان لە كایەی حزبیدا، چونكە لەم كۆنگرەیەدا زەكیە ئیسماعیل حەقی وەك ئەندامی لێژنەی چاودێری و پشكنینی باڵا دەستنیشانكرا و بەپێی گێڕانەوەكانیش رۆڵێكی كارایی بینیوە و توانیویەتی هاوشانی پیاوان كار بكات و توانای خۆی وەك ئافرەتێك نیشان بدات.
كۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ئایاری ١٩٦٠ لەشاری بەغدا بەسترا دیسان هەنگاوێكی دیكە بوو بۆ چوونە پێشەوەی توانای ئافرەتان و ڕەخساندنی دەرفەتێكی گونجاو تا كەلێنی ئافرەت لە سەركردایەتیكردن پڕبكرێتەوە، لەم كۆنگرەیەدا خاتوونێكی بە ئەزموون و دیاری وەك ناهیدەی شێخ سەلام بۆ یەكەم جار لەمێژووی پارتی بوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو كۆنگرە وەك ئەندام هەریەكە لە ئەنجوم عەبدوڵڵا زوهدی و زەكیە ئیسماعیل حەقی بوونیان هەبووە.
ئەو ئافرەتانە لە ناو كایەی سیاسی و حزبیدا هەمیشە پێگەیەكی گەورەیان هەبووە، چونكە توانیویانە بە پێی تواناكانیان كار بۆ بەرفراوانكردنی ڕۆڵی ئافرەت لە نێو رێكخستنی حزبدا بكەن و لە كایەی ڕێكخراوەیشیدا جێدەست و ڕۆڵیان دیار بووە چ لە ئاستی ناوخۆ یان لە ئاستی دەرەوە بەشێوەی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەو کۆنفرانسە جیھانیەکانی تایبەت بە ئافرەتان.
كۆنگرەی شەشەم لە تەموزی ساڵی ١٩٦٤ لەشاری قەڵادزێ بەسترا ئاماژە مێژووییەكان لەبارەی ئەم كۆنگرە و بەشداریكردنی ئافرەت تێدا باس لە بەشداری خاتوو سانیە عەبدولمەجید تیلی (سانیە زاخۆیی )،ناهیدە شێخ سەلام و زەكیە ئیسماعیل حەقی دەکەن، لە كۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان کە لە ١٩٦٦/١١/١٥ لە گەڵاڵە بەسترا تاڕادەیەك پاشەكشە بە ڕۆڵی ئافرەتان دیارەو بەپێی ڕیزبەندی ئەندامانی سەركردایەتیش دیارە لەو کۆنگرەیەدا ئافرەتان ئەو رۆڵەیان نەبووە و تەنیا لە ئاستی ڕێكخستن و كاری ڕێكخراوەیی تایبەت بە یەكێتی ئافرەتان كاریان كردووە.
لە كۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان کە لە ١٩٧٠/٧/١ لەناوپردان بەئامادەبوونی( ٤٨٨ )نوێنەر بەسترا زەكیە ئیسماعیل حەقی بە ئەندامی لێژنەی مەركەزی هەڵبژێردرا و هەریەكە لە پەروین ساڵح مەولود ، ساجیدە محەمەد مزوری ئەندامی ئەو كۆنگرە بوونە. هاوشانی ئەم دۆخە دەبینین پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانەوە بایەخێكی ئێجگار مەزنی بەخشیە ئافرەتان و ڕۆڵگێڕانیان لە كاری ڕێكخراوەیی و بەتایبەتی هەم حزب و ڕێكخراوەكانیش بەڕادەیەكی باش لە نێو شارەكاندا چالاكیان ئەنجام دەدا.
كۆنگرەی نۆیەم کە لە ١٩٧٩/١٠/٤ لە ئێران و لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ بەسترا، دۆخێكی جیاواز و سەخت بوو، بۆیە بەشداری ئافرەتان وەك پێویست نەبووە و ئەوەندەی منیش بەدواداچوونم بۆی كردووە و سەرچاوە مێژووییەكانی تایبەت بە پارتی دیموكراتی كوردستانم خوێندوتەوە و هەروەها چەندین دیدارم لەگەڵ ئافرەتانی ناو كایەی سیاسی و ڕێكخراوەییم كردووە، تەئكید دەكەنەوە لەبەرئەوەی كۆنگرەی نۆیەم لە دۆخێكی واهادا بووە ئافرەتان سەرقاڵ بوونە بە خانەوادەكانیان لە سەختی نێو ژیانی ئاوارەییدا بوونە، بۆیە هیچ ئاماژەیەكم بۆ بەشداری ئافرەتان نەکەوتۆتە پێش چاو.
لە كۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ١٩٨٩/١٢/٢ لە مەرگەوەر بە ئامادەبوونی (٣٣٢ )نوێنەر بەسترا سەرچاوە مێژووییەكانی پارتیمان ئاماژە بەوە دەكەن كە دیارترین ئەو ئافرەتانەی کە لەو كۆنگرەیەدا بەشدار بوونە ھەریەک لە (وەزیرە پیرداود ، کوردستان پیرداود ،ڕازییە حەسەن ، شرین ئامێدی )بوون،كۆنگرەی یانزەهەم كە لە ساڵی 1993 لەشاری ھەولێر بە ئامادەبوونی (٢١٦٧ )نوێنەر بەسترا، وێڕای بەشداری چەندین ئافرەت وەك ئەندامی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان خاتوو شیرین ئامێدی بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.
سەربارەت بە كۆنگرەی دوانزەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٠ تا ١٤-٦-١٩٩٩لە ھەولێر بە ئامادەبوونی (١٤٧٣ )نوێنەر بەسترا دیسان ڕێژەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی كۆنگرە بریتی بوون لەو ئافرەتانەی کە لە ئۆرگانەكانی پارتیدا ئەندام بوونە بەتایبەتی ئەندامانی یەكێتی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان، دیسان خاتوو شیرین ئامێدی بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە.
كۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١١ تا ١٨-١٢ -٢٠١٠ لەشاری ھەولێر بەئامادەبوونی (١٥٠٠ )نوێنەر بەسترا وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ژیانی سیاسی ئافرەتانی نێو ڕیزەكانی پارتی دەستیپێكرد ئەویش مەرجداركردنی ١٠%ـی ڕێژەی ئەندامانی كۆنگرە و سەركردایەتی حزبەكە بۆ ئافرەتان كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەتان بوون بە ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیارترینیان(چنار سەعد عەبدوڵڵا، شیرین ئامێدی، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ئەڤین هروری، نازەنین محەمەد وسو، ڤیان سەبری).
كۆنگرەی چواردە لە ٣تا ٦ /١١ /٢٠٢٢لە شاری دهۆك بە ئامادەبوونی (١٠٥٦ )نوێنەر بەسترا، كە خۆم ئەندامی ئەم كۆنگرەیە بووم و زۆر مەبەستیشم بوو وەك ئافرەتێك بەشدار بم تێدا و سوپاس بۆ خوای گەورە و ئەندام و كادیرانی پارتی كە بە كۆنفرانس لە ناوچەی(زانست)ـی سەر بە لقی 16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان متمانەی زۆرینەی ئەندام و كادیرانی سنوری چالاكی ناوچەكەی خۆمم بەدەستهێنا و بووم بە ئەندامی كۆنگرە كە ئەم كۆنگرەیە بۆ ئێمەی ئافرەت تایبەتمەندی خۆی هەبوو و دواتریش ئەم تایبەتمەندییە لە لوتكەی هەرەمی بڕیاردان بەدیار كەوت كە بۆ یەكەمجار ئافرەتێك لە نێو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای 76 ساڵ خەباتی ئەم حزبە بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەویش خاتوو(ئامینە زكری) بوو.
لە كۆنگرەی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێنوێنی سەرۆك بارزانی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خۆی ئەنجامدرا، ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە كۆنگرە لە25%ـبوو، بۆ سەركردایەتیش پێشتر 10% دەستنیشانكرا بوو، واتا لە كۆنگرەی 13ـی پارتیمان رێژەكە بەوشێوەیە بوو، بۆیە لەم كۆنگرەیە بەرزكرایەوە بۆ 15% كە بووە هەنگاوێكی مێژوویی مەزن لە وێستگەی خەباتی ئافرەتان لە نێو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە لە ڕێژەی 1056 ئەندامی كۆنگرە نزیكەی 267 ئافرەت بەشدار بوونە، ئەمە لە مێژوویی كۆنگرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارە و ڕێژەیەكی ئێجگار بەرز و گرنگە، هەر بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆ سەركردایەتی حزبیش دەستنیشانكرا كە هەریەكە لە (ئەشواق جاف، ئامینە زكری، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەڤین هروری، لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ڤیان سلێمان، ڤالا فەرید)، هەروەها (جوان یونس ڕۆژبەیانی) بە یەدەگی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
بەلای من و زۆربەی ئافرەتانی كوردستان و بەتایبەتیش ئافرەتە چالاكەكانی نێو پارتیمان هیوایەكی گەورەمان هەڵچنیوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە كە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی پارتی و ئەندام و لایەنگرانمان ڕەخساندوویانە بۆ بەشداریكردنی ئافرەت ببێتە مایەی هەنگاوی مەزنتر و بەگەڕخستنی توانای زیاتر و چنینەوەی بەرهەمی ئەم هەنگاو و دەسكەوتە لە نێو كایەی حزبی و بەتایبەتی لە ئۆرگانەكانی پارتیماندا ڕەنگ بداتەوە و هەلی زیاتر بڕەخسێندرێت بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان و بایەخ بەو هەنگاوە بدرێت كە سەرۆك بارزانی بە بوێرییەوە دەرگای بەڕووی بەشداریكردنی ئافرەتان لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان كردەوە.
لەم قۆناغەشدا كە ئێستا دەتوانین بڵێن پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی 14 هەنگاوەكانی بەڕووی بەشداری فراوان بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دەنێت، پێویستە ڕێكخراوەكانی وەك لاوان و قوتابیان و ئافرەتان و ئۆرگانەكانی دیكە كار لەسەر پەروەردەكردنی سەركردایەتی بەهێز و لێوەشاوە بكەن بۆ قۆناغی ئایندە و بتوانرێت ئەم دەرفەتە زیاتر بكرێت و لەگەڵ هاتنی قۆناغێكی نوێدا تواناكانی هەموو چین و توێژەكان بەتایبەتی ئافرەتان ڕەچاوتر بكرێت و لە ئاستی جیاجیادا ببن بە هاوكار و بەشێك لە مێژووی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەم وتارەم دەكەمە دەرفەت كە پێشنیار بكەم بۆ سەركردایەتی نوێی و بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی، لەپێناو جێبەجێكردنی ستراتیژییەتی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان و زیندووكردنەوەی ڕۆڵ و پێگە و بەهێزكردنی رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان گۆڕانكارییەكی جەوهەری بكرێت لە ئەدای ئەم رێكخراوە و ببێتە ئۆرگانێكی سەردەمیانە و لەگەڵیشدا ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی تەواوی ئافرەتانی كوردستان و بەوزەیەكی نوێتر و توانای جۆراوجۆر بە پشتبەستن بەو بایەخەی دەدرێت بە رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكان مێژوویەكی دیكە تۆمار بكرێت لە سەروەرییەكانی ئەم ڕێكخراوە كە بگونجێت لەگەڵ خواست و ویستی ئێستای ڕێكخراوەیی و پێشخستنی ئافرەتان لەو كایانەی دەتوانن هاوشانی برا و كەسوكاریان ڕۆڵ بگێڕن.
ئەندامی كۆنگرەی 14










