خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزارەتی پەروەردە بەپێی بەرنامەیەك ناوی نزیكەی 600 مامۆستای لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان گۆریوەو كردوونی بە (مامۆستای راهێنەر) كە كاریان راهێنانی مامۆستایانەو خۆشیان راهێنان وەردەگرن بەڕێوەبەری مەشق و راهێنانی هەولێریش ئاماژە بەوە دەدات كە ئەركی سەرەكیان راهێنانەو هەمان ماف و جیاوكی مامۆستایان دەمێنێت و كارەكەیان لە كاری سەرپەرشتیار جیاوازە لاپەرەی پەروەردە بۆ زیاتر روونكردنەوەی ئەم پلان و بەرنامەیەی وەزارەتی پەروەردە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ بایز عبدللە محمود بەڕێوەبەری مەشق و راهێنانی پەروەردەی گشتی هەولێر:

*مەبەست لە راهێنان چییەو وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت لە رێگای راهێنانەوە بەچی بگات؟
لە بنەمادا راهێنان بۆ هەموو كەسێك پێویستە یەكێكە لە هۆكارەكانی سەرخستنی بواری پەروەردە، بەڵام ئامادەكردنی راهێنەر شێوازێكی نوێی راهێنانە ، وەزارەتی پەروەردە بەردەوام لەپەروەردەكانی و لەبەرێوەبەرایەتی مەشق و راهێنان هەموو ساڵێك راهێنان كراوەو خولەكانی راهێنان ئەنجامدراوە بۆ مامۆستایان و چین و توێژەكان، بەڵام ئەو راهێنانانەی كراوە بچڕ بچڕ بووە و بەبەشداری هەمووان نەبووە ، وەزارەتی پەروەردە لە ستراتیژێكی نوێدا دەیەوێت راهێنان بە شێوەیەكی گشتی لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بەبەشداری سەرجەم مامۆستایان بۆ هەمووان بێت بۆیە ئەو كارە پێویستی بە هەڵوەستەیە ئامادەكردنی راهێنەر بەمەبەستی نوێبوونەوە ئامادەكردنی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت راهێنان بە مامۆستایان بكەن بەمەبەستی ئاراستەكردنی مامۆستایان لەسەر شێوازی نوێی وانە وتنەوە.

*تا ئێستا چەند مامۆستا بەشداریان لەم راهێنانەدا كردووە؟
لە سنوری پارێزگای هەولێر بۆهەر یانزە پەروەردەكە 190 مامۆستا راهێنان دەكەن و ئامادە دەكرێن و دەبنە مامۆستای راهێنەر بۆ سەرجەم ناوەندەكانی سنوری پارێزگای هەولێر، 600 مامۆستاش بە گشتی بەشدارن لە هەموو پارێزگاكان.

*میكانیزمی راهێنانەكەیان چۆنە ئایا پرۆگرامێكی پێشكەوتوو هەیە كە ئەم مامۆستایانەوەریبگرن ، چونكە دواجار رەنگە رووبەرووی مامۆستای زۆر بە توانا ببنەوە لە ناوەندەكانی خوێندن؟
لەسەرەتادا مامۆستایان ئەوانەی مەرجەكانی بوون بە راهێنەریان تێدایە وەك ئەو مامۆستایانە ی كە دەساڵ خزمەتیان هەیە ئەو مامۆستایانەی كە رابردوویەكیان لەبواری پەروەدەو فێركردندا هەیە و ئەوانەی كە هەڵگری بڕوانامەی باڵان وەك دكتۆراو ماستەر ئەو مامۆستایانەشی ئارەزوو مەندو چالاكن لە دوای چاوپێكەوتن كە دەزانین ئامادەكاری تێدایە دەكرێت بەشدار بێت لە خولی راهێنان كە خولیان بۆ دەكرێتەوە لەسەر پرۆگرامێكی تایبەت لەسەر میتۆدە نوێیەكانی وانە وتنەوە.

*مامۆستایان بەچ مەرج و پێو دانگێك وەرگیراون بۆ ئەوەی ببنە راهێنەر؟
10 ساڵ خزمەتی هەبێت وەك مامۆستا چالاك بێت بۆ ماوەی 10 ساڵا وانەی وتبێتەوە توانای هەبێت ، ئەو مامۆستایەی دەبێتە راهێنەر نابێت بەرێوەبەر بێت بۆ ئەوەی پۆستی بەرێوەبەری لێ‌ وەرنەگیرێتەوە هەمان جیاوكی مامۆستای دەمێنێت تەنها دەبێتە مامۆستای راهێنەر لە ناوەندەكانی خوێندن وانە لە قوتابخانە ناڵێتەوە ئەركیشیان ئامادەبوونە لە خولەكان وپابەند بوون.

*ئێمە بەردەوام لە ناوەندەكانی خوێندن كێشەی كەمی میلاكمان هەیە و سەرپەرشتیارێكی زۆریش هەن و بەردەوام زیادیش دەكرێن بۆچی وەزارەت نەیتوانی سوودیان لێوەربگرێت كە زۆربەشیان پسپۆری بە ئەزموونن لە وانەكان؟
سەرپەرشتیارەكان سەرقاڵن وەك هاورێی رەخنەگر لە قوتابخانەكان بە درێژایی ساڵ سەردان دەكەن و وەك لیژنەی هەڵسەنگاندنیش هەڵسەنگاندنی ساڵانە دەكەن، ئەگەر ئەركی راهێنانیشمان بخستایەتە سەر شانیان دەبووە دوو كار لەیەك كاتدا ئەوەش ئەنجامدانی ئەستەم بوو بۆیە پلانەكە وا بوو كە مامۆستا بۆ ئەم مەبەستە دابینبكرێت.

*ئەو سەرچاوانە چین كە مامۆستایان راهێنانی تیا وەردەگرن؟
مامۆستای راهێنەری نێودەوڵەتی مامۆستا فایەق سەعید راهێنان بە بەشدار بووان دەكات كەسێكی بە توانایە لە نوسین و ئامادەكردنی میتۆدەكان و لەسەر شێوازی وانە وتنەوەی نوێی سەردەمیانە و ئامادەكارییەكی باشی كردووە ئەركی زۆریان دەداتێ‌ و بە دواداچوون و هەڵسەنگاندنیش بۆ ئاستی مامۆستاكان دەكات لە ئەنجامی كۆتایی ئەوانەی سەركەوتوون دەبنە مامۆستای راهێنەر.

*ئەركی مامۆستای راهێنەر لە ناو ناوەندەكانی خوێندن بە دیاریكراوی چییە؟
ئەو مامۆستایەی ئەو ئەركەی پێ‌ دەسپێردرێت دەبێت بە پێی ئەو پلانەی وەزارەت دیناوە راهێنان وەربگرێت قوتابخانەی بۆ دیاریدەكرێت لە ماوەی هەفتەیەكدا كاتژمێرێك خول دەكاتەوە بۆ مامۆستایانی میلاكی ئەو قوتابخانەیە واتە هەموو مامۆستایان كاتژمێرێك خول لە ماوەی هەفتەیەك وەردەگرن.

*مامۆستای راهێنەر ئەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا بكات و رۆڵی سەرپەرشتیاری پسپۆری ببینێت؟
مامۆستای راهێنەر یەكێكە لەو كەسانەی كە هەماهەنگی لەگەڵاَ بەرێوەبەرو ستافی كارگێڕی قوتابخانەكان دەكات هاوكارو هەماهەنگە بۆ بەرێوەبردن و بەشداریپێكردنی مامۆستا لە قوتابخانەكان، كەسێكی كارایە هاوكار دەبێت و لەگەڵیان دەبێت بۆ ئەوەی خولەكان بە شێوازێكی سەركەوتووانە بەرێوە بەرن هەروەها مامۆستای راهێنەر دوای 10 سەردان بۆ قوتابخانەیەك دەتوانێت دیدەنی مامۆستا بكات لە ناو ناوەندی خوێندن و پۆلەكان بۆ ئەوەی بزانێت بەچ شێوازێك سوود لە راهێنانەكانی وەرگیراوە هەروەها دەتوانێت راپرسی لە گەڵ قوتابیانیش بكات بە فۆڕمێكی تایبەت بۆیە مامۆستای راهێنەر هەماهەنگ دەبێت نەك چاودێر بەدواداچوون لەسەر شێوازی وانە وتنەوەی مامۆستا دەكات بۆ ئەوەی هاوكاری بێت بۆ ئاراستەكردن و نوێگەری لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا لە مانگی چوار مامۆستای راهێنەر هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە دەكات كە راهێنانی پێكردوون و ئاستییان بۆ دیاریدەكات هەر مامۆستایەك نمرەی 90-100 بهێنێت دەبێتە مامۆستای نموونەیی ساڵا قەڵغانی رێز لێنانی فەرمی وەزارەتیان پێدەبەخشرێت لەگەڵ رێزوو سوپاسی وەزیر ئەوانەشی 89- 80 نمرە بەدەست دەهێنن رێزوو سوپاسی وەزیریان پێدەدرێت، ئەو ئەنجامەش دەداتە بەرێوەبەری قوتابخانە بۆ ئەوەی لە سیستەمی ئی پەروەردە داغڵبكرێت وێنەیەكیش دەداتە مەشق و راهێنانی پارێزگا.

*مامۆستایانی راهێنەر چ مافێكیان دەبێت جگە لەوەی تەنها وەك مامۆستا دەمێننەوە؟
ساڵانە رێزوو سوپاسیان پێدەدرێت و پاداشتێكی مادیان پێدەدرێت و هەروەها دەتوانن هەركات بیانەوێت خوێندنی ماستەرو دكتۆرا بخوێنن بە مەرجێ لەبواری پەروەردە بێت وەهەر راهێنانێكیش لە دەرەوەی وڵات بكرێت ئەوان مافیان هەیە بەشدار بن پێش كەسانی تر.

*ئەم راهێنەرانە خۆیان چەن خول ئەبینن كە بتوانن هەفتانە خول بە مامۆستایان بڵینەوە؟
مامۆستایانی راهێنەر بەردەوام خول دەبینن، چونكە ئەوان بنیاد دەنرێن و ئامادە دەكرێن.