سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى به‌رگریی هۆڵه‌ندا كۆ بوونه‌وه‌، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 29/11/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگریی شانشینی هۆڵەندا کرد، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتەکەی دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی هۆڵەندای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ هۆڵەندا هەبوو کە یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانیی پلان و کارنامەی کابینەی نۆیەمە، لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ.

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیه‌تیی باش و ڕێز لەیەکترگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش.

بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوو.