سوورە مەرگەیی
لە کۆبوونەوەی دوکان بە بیانووی نەهێشتنی پەرتەوازەیی و رێکخستنی ناوماڵی کورد پێشنیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی سیاسی کراوە، ئەوەش سێ پرسیاری گرنگ و جەوهەری بەدوای خۆیدا دێنێ، یەک لەو پرسیارانە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە چی دەبن؟ ئایا دەسەڵاتەکانی جێبەجێ کردنی دەبن، یان یاسادانان و چاودێری هەڵوێستی حزبەکان دەکات؟ وەک باسکراوە سەرۆکایەتی کردنی ئەنجوومەنکە دەوری دەبێ، ئایا ماوەی سەرۆکایەتی کردنی ئەنجوومەنەکە بە پێی گەورەیی و بچوکی حزبەکان دیاری دەکرێ، یان گەورەیی و بچوکی لەبەرچاو ناگیرێ و ماوەکە بۆ هەموویان یەکسان دەبێ؟.

وەڵامی پرسیارەکان بۆ کەسانی پسپۆڕ و یاسایی بەجێ دێڵین، کە دڵنیام ئەوانیش سەرەودەری تێدا ناکەن، بۆ نموونە:ــ دیاری کردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان دەبێ بە پێی دەستوور دیاری بکرێن، ئێمە خاوەنی دەستوور نین و هەر ئەوانەی ئێستا بانگەشەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی سیاسی دەکەن، رێگربوون لەوەی کورد ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، ئەگەر دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بن، ئێمە حکومەتمان هەیە و دەسەڵاتەکانی جێبەجێ کردن لە ئەستۆی حکومەتن، ئەگەریش یاسادانان و چاودێری کردن بن، ئەوا پەرلەمان هەیە، لە هەردوو بارەکەدا تێکگیرانێک لە نێوان ئەنجوومەنەکە و پەرلەمان و حکومەت درووست دەبێ، بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشیش ئەو تێکگیرانە چارەسەر ناکرێ، بۆ ماوەی سەرۆکایەتی کردنی ئەنجوومەنەکەش، ئەگەر ماوەی هەموو حزبەکان وەک یەکبێ، ئەوا خودی ئەو حزبەی پێشنیاری ئەنجومەنەکەی کردووە رازی نابێ، ئەگەر ماوەکەش بە پێی گەورەیی و بچوکی حزبەکان دیاری بکرێ، ئەوکات حزبە بچوکەکان رازی نابن، کەواتە کوردگوتەنی نیسکێنەیە سەر لە نوێیە.

جیا لەوەی ئەو پرسیارانە خەیاڵبازانی پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی تووشی شۆک دەکەن، دەبێ ئەو راستییە بزانن کە مەرج بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی هەیە و مەرجەکەش ئەوەیە: دەبێ هەموو حزبەکان کوردبوونیان پێ لە حزبیبوون گەورەتر بێ و کوردایەتیش پێش حزبایەتی بخەن، جا ئەگەر حزبەکان بە گشتی و جزبی داهێنەری بیرۆکەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی، کوردبوونی پێ لە حزبیبوون گەورەتربا و کوردایەتیشی پێش حزبایەتی خستبا، ئەوا کوردبوون و کوتدایەتی دەبوونە ئەنجوومەنی سیاسی و ئێستا پێویستیمان بەو موزایەدە سیاسییە نەدەبوو، لەوەش گرنگتر ئەگەر هەر سەرانی ئەو حزبە کوردبوونی پێ لە حزبیبوون گەورەتر بایە و کوردایەتیشی پێش حزبایەتی خستا، ئەوا ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا، رووی نەدەدا و ئێستا کورد لە قۆناغێکی تردا دەبوو، کەواتە ئەو ئەنجوومەنە سیاسییەی لەو قۆناغە هەستیارەدا خەریکن کوردی پێوە سەرقاڵ بکەن، ئەگەر پێکیش بهێنرێ بە مردوویی لە دایک دەبێ.