ئاسۆ عه‌لی فه‌ره‌ج
سه‌رۆك مسعود بارزانی روانگه‌یه‌كی به‌رپرسیاریه‌تی زۆر نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌بوو بۆ بونیادنان و پاراستنی كیانێكی سه‌قامگیر و ده‌سكه‌وتدار بۆ رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیسان سیاسه‌تی چه‌وتی په‌كه‌كه‌ رێگر بوو له‌سه‌ركه‌وتنی رێگه‌چاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، له‌ 10ـی ته‌مموزی 2012 له‌ هه‌ولێری پایته‌خت به‌ چاودێری سه‌رۆك بارزانی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان واژوو كرا كه‌ به‌رێككه‌وتنامه‌ی (هه‌ولێر-1) ناسێندرا.

له‌14ـی تشرینی دووه‌می 2014 دیسان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت له‌ژێر ناوی رێككه‌وتنامه‌ی (هه‌ولێر-2) هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد (ئه‌نه‌كه‌سه‌) و ته‌ڤگه‌ری جڤاكێن دیموكرات (ته‌ڤده‌م) به‌ چاودێری سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ روویدا، ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌رۆشیدا بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك كه‌ پێگه‌ی ئه‌و كیانه‌ به‌هێز بكات، رووی له‌ هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆك كردوه‌ كه‌ رێگه‌ ناده‌م له‌م هۆڵه‌(مه‌به‌ستی هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا) بوو، بچنه‌ ده‌رێ تا نه‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتنێك.

ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی رۆژئاوای كوردستان بوو، كه‌ هه‌موو حزبه‌كان له‌وێدا به‌ ئازادی كاری حزبی بكه‌ن و ئه‌نجوومه‌نێك دروست بكرێت كه‌ (مه‌رجه‌ع) بێت بۆ هه‌ر پرسێك دێته‌ پێش و هه‌روه‌ها هێزی سه‌ربازی هه‌ردوو لا به‌ رێنوێنی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌ پارێزگاری له‌ سنور و خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بكه‌ن و هه‌ندێك ورده‌كاری دیكه‌ له‌ ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردنی رۆژئاوای كوردستان.

دیسان به‌ رێنوێنی په‌كه‌كه‌ له‌(قه‌ندیل)ـه‌وه‌ (ته‌ڤده‌م)یان په‌شیمان كرده‌وه‌ و رێگه‌ی پابه‌ندنه‌بوونیان به‌سه‌ریاندا سه‌پاند، ئه‌مه‌ش گومانێكی زۆره‌ و مێژوو له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وه‌ته‌ روون ده‌كاته‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی به‌وپه‌ڕی هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی له‌به‌رامبه‌ر پرسی كورد، دیسان له‌ ئه‌نجامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دیكه‌دا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2015 له‌ شاری دهۆك دیسان هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆكی رۆژئاوای كوردستانی رووبه‌ڕووی یه‌كدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، دیسان واژووی رێككه‌وتنێك كرا ناوی لێنرا (رێككه‌وتنامه‌ی دهۆك)، به‌داخه‌وه‌ په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ دیسان ئه‌م رێككه‌وتنامه‌یان پشتگوێخست.

بارزانی، وه‌ك مه‌رجه‌عێكی به‌رپرسیار له‌ به‌رامبه‌ر دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان، زۆر مكوڕبوو كه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ی هاتۆته‌ پێش گه‌لی كوردستان له‌ سوریا به‌هۆی تاكڕه‌ویی و خۆسه‌پێنیه‌وه‌ له‌ ده‌ستنه‌چێت، زۆر ئامۆژگاری هه‌مووانی كرد، زۆر رێگه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ دۆزینه‌وه‌ و نێوه‌ندگیری زۆری ئه‌نجامدا و هه‌موو ده‌رگاكانی دیبلۆماسی بۆ واڵاكردن و …هتد، ئه‌مانه‌ لای بارزانی هیچی ناكات به‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له‌و پارچه‌یه‌ نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ته‌نیا له‌ پێناو نه‌ڕشتنی دڵۆپێك خوێنی كوردێك ئه‌نجامدا، نه‌ویست دۆخی رۆژئاوای كوردستان به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی حزبێك بخرێته‌ ناو قۆمارێكی دۆڕاوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی چه‌ندین رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان دژ به‌ گه‌لی كوردستان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵكو ویستی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه‌ كیانێك دروست بێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رێگه‌چاره‌ی بارزانی، پشتگوێخرا، رۆژئاوای كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی په‌كه‌كه‌ به‌ ئاسانی خرایه‌ به‌رده‌م په‌لاماری بێڕه‌حمانه‌ی توركه‌كان.