ئەنجوومەنی نووسەرانی ئێران، “سەرکوتکردنی پلانداڕێژراو”ـی خۆپێشاندەرانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکۆنەدەکات.

لە بەیاننامەی ئەو ئەنجوومەنەدا کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (23ـی تشرینی دووەم) بڵاوبووتەوە، هاتووە، “ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی کورد دێت، درێژەی سەرکوت و ئەشکەنجەی بەبەرنامەی دەسەڵاتێکی چل و چەند ساڵەیە کە لە رێگەی دژایەتیکردنی کەمینەکان، دروستکردنی ناسەقامگیری، دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی دژبەرانی، دەیەوێت زمان و باوەڕی ئایینی یەکبخات”.

بڵاوبوونەوەی وێنەی چەند رۆژی رابردووی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و ئەنجوومەنی نووسەرانی ئێران لەوبارەیەوە نووسیویەتی: ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا کە شایەتی بەرگری خەڵک و بزوتنەوەی ئازادیخوازانە بوون، ئێستا بوونەتە گۆڕەپانی کارەساتباری سەرکوتکردن لەلایەن حکومەتەوە.

نووسەرانی ئێران، پێیانوایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپێشاندەران لە سیستان و بەلووچستان و شارەکانی کوردستانی ئێران، سوود لە “ئاژاوەگێڕی، هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی و تۆمەتی بێبنەمای جیاییخوازی” وەردەگرێت.

ئەنجوومەنەکە دووپاتیکردووەتەوە، “کوشتنی خەڵک لەسەر شەقامەکان، هێرش بۆ سەر ماڵان، رفاندنی برینداران، گرتنی رێگەکان و بەکارهێنانی چەکی ئاگرین دژ بە خۆپێشاندەران، ئەو هەواڵانەن کە سەرەڕای بچراندنی ئینتەرنێت و سانسۆری حکومەت، لە ماوەی رابردوودا بڵاوبوونەتەوە”.

نووسەرانی ئێران، جارێکی دیکە پشتگیری خۆیان لە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵک دووپاتکردووەتەوە و داوایان لە ئازادیخوازانی ئێران و وڵاتانی دیکە کردووە، “لەهەمبەر ئەو کوشتارەدا بێدەنگ نەبن و دەنگی خۆپێشاندەران بە گوێی جیهانیان بگەیەنن”.

زیاتر لە دوو مانگە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە بو گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 42 خۆپێشاندەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

K24