خەبات: هەندرێن شێرزاد:- كەتیبەی ئازۆڤ ” Azov Regiment” كە لە سەرەتای مانگی ئابی 2022 لەلایەن رووسیا وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی وەسف كرا ، یەكەیەكی سەربازی ئۆكراینیە و لە ساڵی 2014 دامەزراوە و كۆمەڵێك كەسی خۆبەخش دەگرێتە خۆی ، دواتر لەگەڵ هێزە نیزامیەكانی ئۆكراینا لێك درایەوە و لە سەرەتادا كەسانێكی زۆر چوونە ریزەكانی كە زیاتر وەك خەڵكی نەتەوەخوازی توندڕەو یان هاوسۆز لەگەڵ نازیە تازەكان وەسف دەكران. كەتیبەكە لە شەڕی 2014 ی هەرێمی دۆنباس ” لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا” دژی جیاخوازانی نزیك لە مۆسكۆ رۆڵێكی بەرچاوی بینی و تا ئێستا زۆر لە ئەندامانی لەلایەن سوپای رووسیاوە بەدیل گیراون.

دامەزران
-مانگی ئایاری 2014 لەگەڵ دەستپێكی ململانێ لە هەرێمی دۆنباس بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی جیاخوازانی سەر بە رووسیا لەو هەرێمە ، كەتیبەی ئازۆڤ لە هەناوی بزووتنەوەی نیشتمانیخوازانی نەتەوەیی لە دایك بوو ،ناوی گرووپەكە پەیوەستە بە ناوی دەریای ئازۆڤ .
-لە 12 ی تشرینی دووەمی 2014 ئەو كەتیبەیە بە فەرمی لەگڵ گاردی نیشتمانی ئۆكراینی تێكەڵ كرا.
-ژمارەی ئەندامانی ئەو كەتیبە سەربازیە لەنێوان 900 هەتا 2500 شەڕكەر دەبێ.

رێكخستن و سەركردایەتی
-كەتیبەی ئازۆڤ سەر بە وەزارەتی اوخۆی ئۆكرینایە و وەك باڵی سەبازی ئەو وەزارەتە وایە.
-كەتیبەی ناوبراو لەلایەن ئەندرێ بیلیتسكیەوە دامەزرێنراوە هەر خۆشی سەرپەرشتی كردووە ، دواتر بۆتە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەكەی و وازی لەو ئەركە هێناوە.
-لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی شاری ماریۆپۆلی ئۆكرانی لەلایەن سوپای رووسیا لە ئایاری 2022 ، دەنگۆی ئەوە پەیدا بوو كە بیلیتسكی كەوتۆتە دەستی چەكدارانی چیچانی لایەنگری مۆسكۆ بەڵام دواتر دەركەوت كە هەواڵەكە راست نیە.
-لە چەند مانگی یەكەمی دەستپێكی شەڕی ئۆكراینا ، سەركردایەتی كەتیبەكە درایە دەستی دینیس پرۆكۆبینكۆ ، بەڵام دواتر وازی لە پایەكەی هێنا.
-جگە لە دۆنباس ، كەتیبەی ئازۆڤ لە چەندین ناوچەی دیكەی باكوری رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئۆكراینا شەڕ لەگەڵ هێزەكانی رووسیا دەكەن.

ئایدیۆلۆژیا
-ئەو كاتەی هێشتا كەتیبەكە وەك هێزێكی نیمچە سەربازی وابوو ، چەندین كەس لەوانەی بە نەتەوەخوازی توندڕەو یان ئەوانەی بە نازیە تازەكان وەسف دەكرێن ، خۆیان خزاندە نێو ریزەكانی.
-بوونی نازیەكان لە رێزەكانی سوپای ئۆكراینا یەكێك بوو لە بەرچاوترین ئەو بیانوانەی بە هۆیانەوە رووسیا هێرشی كردە سەر خاكی ئۆكراینا.
-بە گوێرەی بۆچوونی زۆر لە ئۆكراینیەكان ، شەڕكەرانی سەر بە كەتیبەی ئازۆڤ قارەمانن ، چونكە رووبەڕووی هێزەكانی رووسیا بوونەتەوە.
-حكومەتی ئۆكراینا دووپاتی كردەوە كە كەتیبەی ناوبراو لە هزرە نەتەوەخوازیە توندڕەوەكان پاك كراوەتەوە و هیچ پەیوەندیەكی بە سیاسەتەوە نیە.
-بەهۆی گوشارەكانی ئەمەریكا و حكومەتی ئۆكراینا ، دەنگی توندڕەوان لەناو ئەم كەتیبەیەدا كپ بوو.
-ساڵی 2010 ئەندرێ دیاشینكۆی وتەبێژ بەناوی كەتیبەی ئازۆڤ رایگەیاند كە لە نێوان 10 هەتا 20% ی ئەندامانی كەتیبەكە نازین.
-كەتیبەی ئازۆڤ هەمیشە ئەو دەنگۆیانەی رەت كردوونەتەوە كە لەلایەن رووسیاوە بڵاو دەكرێنەوە و رایگەیاندووە مۆسكۆ دەخوازێ ناوبانگەكەی بشێوێنێ.

پشتگیری و كۆمەك
-ساڵی 2014 بە مەبەستی توندوتۆڵكردنی تواناكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی جیاخوازانی سەر بە مۆسكۆ ، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرایناوە كۆمەك كرا.
-لە بنەڕەتدا پشت بە یارمەتی خەڵكی دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی ئۆكراینا دەبەستێ.
-ساڵی 2015 ئەمەریكا و كەنەدا بڕیاریان دا چیتر راهێنان بە ئەندامانی كەتیبەكە نەكەن و كۆمەكیشی پێشكەش نەكەن بەهۆی بوونی پەیوەندی لەگەڵ نازیە تازەكان ، بەڵام ساڵی دواتر ئەمەریكا لە بڕیارەكەی پاشگەز بووەوە.
-ساڵی 2019 دەیان كۆنگرێسمانی ئەمەریكی داوایان كرد كەتیبەی ئازۆڤ وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی وەسف بكرێ ، هەروەها لە مانگی نیسانی 2022 ش نوێنەرێكی ئەمەریكی هەمان ئەو داوایەی ئاراستەی ئیدارەی بایدن كرد.

چەند قۆناغ و وێستگەیەك
-ساڵی 2014 كەتیبەكە توانی شاری ماریۆپۆل لە دەستی جیاخوازانی سەر بە مۆسكۆ رزگار بكات ، دواتر پترۆ بۆرۆشینكۆی سەرۆكی پێشووی ئۆكراینا رایگەیاند كە ئەندامانی ئەو یەكەیە لە باشتری شەڕكەرانی ئۆكراینان.
-ساڵی 2022 دوای ئابلوقەدانیان بۆ چەندین هەفتە لە كارگەی ئازۆڤیستال، نزیكەی هەزار كەس لە ئەندامانی ئەو كەتیبەیە خۆیان رادەستی هێزەكانی رووسیا كرد.
-لە 2 ی ئابی 2022 دادگای مۆسكۆ بڕیارێكی دەركرد و بەهۆیەوە كەتیبەی ئازۆڤ وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی لە قەڵەم دا ، بۆیە بەدوور نازانرێ ئەوانەی سەربە كەتیبەكەن و كەوتوونەتە دەستی هێزەكانی رووسیا بە تۆمەتی كوشتنی خەڵكی مەدەنی بۆ ماوەی 20 ساڵ بەند بكرێن.