ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان چاوی كه‌وت به‌ ژماره‌یه‌ك له ‌فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران بڵاوی كرده‌وه‌: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌مڕۆ دووشه‌م چاوی كه‌وت فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ‌ژماره‌یه‌ك له ‌فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی هێزی پێشمه‌رگه‌ پیرۆزبایی لێ كرا‌ به ‌بۆنه‌ی ده‌ستكردنی به ‌ئه‌رك و كاره‌كانی، هه‌روه‌ها رێكار و بڕیاره‌كانیشی ‌له ‌بواری ‌دابینكردنی ئارامی و سه‌قامگیریدا به ‌گرینگ نرخێنرا.

‌لای خۆشییه‌وه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی قاره‌مانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پاسه‌وانی هه‌رێم و قوربانیدانه‌كانیان له ‌جه‌نگی دژ به‌ تیرۆرستانی داعش به‌رز نرخاند. جه‌ختیشی له‌‌وه‌ كرده‌وه‌ كه ‌چاره‌نووسی عێراق یه‌كگرتووه‌ و ئاله‌نگارییه‌‌ گه‌وره‌كان و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان پێویستی به ‌یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بڕیار و راسپارده‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵ.

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه ‌به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت پێشكه‌شكردنی پاڵپشتی فراوانه‌‌ بۆ ده‌زگا ئه‌منی و هێزه‌ چه‌كداره‌كان به ‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌، به ‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركیان له‌ دابینكردنی ئارامی و سه‌قامگیری و به‌رگریكردن له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق.