ئەمڕۆ دووشەممە 14/11/2022 کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ”ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکات و داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی و خەڵکی عێراق بوەستێنێت.”
جەخت لەوەش کراوەتەوە: ”هاوشانی سەرکردەکانی حکوومەتی عێراق لە بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕادەوستین و ئیدانەی ئەم پێشێلکارییانەی سەروەریی عێراق دەکەین.”
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی کۆیە و سلێمانی (زڕگوێز)، کە بە هۆی ئەو بۆردومانەوە دوو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.