خەلەل… و… چارەسەر

51

هۆشەنگ باوانی- دهۆک

جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی :- (( من دەبینم خەلەلێکی گەورە هەیە، داواتان لێدەکەم ئەو دەستەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بکەم، من دەبینم هیچ برایەک یان خوشکێکی ئێزدی لەناو لیستەکەدا نیە ، ئەوە خەلەلێکی گەورەیە دەبێت پڕبکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر زۆر لەگەل پەیرەویشدا نەگونجێ ، ئەو دەستەڵاتەم بدەنێ ئێمە ئەو خەلەلە ڕاست بکەینەوە ، چونکە سەربەرزی و سەرکەوتنە بۆ پارتی و گەلی کوردستان.))

دەمەوێ بەووردی و ڕاشکاوانە هەڵوەستەیەکی ویژدانی بکەم، لەسەر ئەم دەقەی گووتاری سەرۆک کەلە کۆتایی کۆنگرەی 14ی پارتی دا پێشکەشی کرد.

جارێ سەرەتا من وەک هەر تاکێکی کورد لەڕێگەی کەنالەکانی راگەیاندنەوە چاودێری سات بەساتی دانیشتنەکانی ئەو رووداوە گرنگ و مێژووییە بووم.

زۆر زوو دەرکی ئەوەم کرد کە جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر بە ووردی و ووریاری و چاوساغیەوە، چاودێری وورد و درشتی هەنگاوەکانی کۆنگرەیە. زووتریش هەستم بەوە کرد کە حەکیمانەتر لە حەکیم و شارەزاتر لە شارەزا خەمخۆر و ووردبینی دانیشتنەکانە. بەلگەنەوویستیشم بۆ ئەو ڕاستیە حزوری جەنابیان بوو هەتا دوا ساتی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان. بەهەر حاڵ با لە دەقی مەبەست دوور نەکەومەوە، بۆیە دەگەرێمەوە سەر دەقی بڕگەی یەکەمی ووتارەکەی.

ئاماژەکردن بە دەستەواژەی (( خەلەلێکی گەورە )) لە نێو چواچێوەی کۆبوونەوەیەک کە گەورەترین و باڵاترین دەسەڵات بێت لەسەر ئاستی هەموو حزب لەلایەن کاریزمای ئەو حزبە کارێکی ئاسان و سادە نیە و بەڵکو جورئەت و وێرەکی و لەخۆبووردەیی دەوێت و شایستەی هەموو سەرکردەیەک نیە بارزانی نەبێت. سەرۆک مەسعود بارزانی خاوەنی مەزنترین و بەرفراوانترین دەستەڵاتی یاسایی و شەرعیە هەم لەسەر ئاستی هەرێم و کوردسـتان و هەم لەسەر ئاستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام کە داوا لە تێکرایی ئەندامانی کۆنگرە دەکات دەستەڵاتی پێ ببەخشن تاکو ئەو خەلەلە گەورەیە چارەسەر و ڕاست و پڕبکاتەوە حەتا ئەگەر لەگەل پەیرەوی حزبیشدا نەگونجێ چونکێ سەربەرزیە بۆ پارتی و گەلی کوردستان ، ئەوە فەلسەفەیەکی قوڵی هەستی نەتەوایەتی ئەوە.

جەنابیان لەمیانی ئەرکەکانی کۆنگرەدا دەرکی بەو خەلەلە نەتەوەییە کردووە و زۆر زوو خەمی چارەسەریەکەی خستۆتە ئەستۆی خۆی و کاریگەری نەرێنی بەسەر ڕۆحی نەتەوەیی ئەوەوە ڕوون ئاشکرابوو، کەواتە ئێستا ڕاستکردنەوەی ئەو خەلەلە یەکێکە لە ئەرکە گرنگ و پڕ لە سەروەرییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، کە گومانم نیە هەمشێوەی سۆز و پەیمانەکەی سەبارەت بەئازادکردنی شنگال حەکیمانە جێ بەجێ دەکرێت.

بۆ گرنگی بابەتەکە دەکرێ ئاماژا بەوە بکەین کە بوونی خوشکێک یان برایەکی کوردی ڕەسەنی ئێزدی یان هەردووکیان لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و نزیک لە سەرچاوەکانی بڕیار تەنها هەبوونێکی ژمارەیی نیە، بەلکو نوێنەرایەتی و نواندنی ژان و ئازار و ئەشکەنجە و جینۆساید و قەتلوعام و فەرمانقرانەکانی ئەوانە لەنێو چواچێوەی نەتەوەیترین حزب لەسەر ئاستی هەموو کوردستان. ئەو هەبوونە جۆرێکە لە کوردایەتی رەسەن و سیما و سومبلێکە لەکوردپەروەری، هەروەکو جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی سەربەرزی و سەرکەوتنە بۆ پارتی و گەلی کوردستان.

حزووری خوشک و برایانی ئێزدی لەسەر ئاستی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و کوردستانی هەیە، دەکرێ لێرەش پەنجە بۆ دلسۆزی و قارەمانیەتی چەندین کادیر و پێشمەرگە و پارتیزانی ئێزدی بکەین لە لەسەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گولانی پێشکەوتنخواز جێگە پەنجەی ڕوونیان لەو دیرۆکا نەدا تۆمارکردووە، ڕەنگە ناوهێنان زۆر پێوویست نەبێت، با ئیتر دوابەدوای دەستنیشانکردنی ئەو خەلەلە لە لایەن جەنابی سەرۆکەوە هەوڵی جدی بدەین بۆ بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و زیندووکردنەوەی ئینتمای خاک و نیشتمان و سەروەرییەکانی گەلی کوردستان.