فازیل شەوڕۆ – دوبلن
لە سادەترین پێناسەدا دەکرێ بڵێین:”ماددەی هۆشبەر، ئەو کۆمەڵە ماددەیە کە کۆئەندامی دەمار ژەهراوی دەکەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان وا لە مرۆڤ دەکەن خەواڵو و بێهۆش و سڕر بێ و ببیتە هۆی ئاڵوودە بوونی کەسی بەکاربەر.

ئاڵوودەبوونیش خواستێکی زۆرەملیە بۆ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی دەرمانەکە یان بەدەستهێنانی بە هەر شێوەیەک بێت، لەگەڵ مەیلی زیادکردنی ژەمی دەرمانەکە؛ کە دەبێتە هۆی وابەستەیی دەروونی و جەستەیی و کاریگەریی زیانبەخش لەسەر تاک و کۆمەڵگا. نیشانەکانی وابەستەبوونیش بەو ماددەیە، کۆمەڵێک دیاردەی ڕەفتار و مەعریفی و فیزیۆلۆژییە کە دوای دووبارە بەکارهێنانی مادەکان پەرەدەسەنن و بەزۆری خواستێکی بەهێزی لەخۆدەگرێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو کارە سەرەڕای دەرئەنجامە زیانبەخشەکان.

ئەو ئافاتە کە ئیمڕۆ بووەتە دیاردەیەکی جیهانی، مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا، لە چەندان ڕێوڕەسم و تقووسی ئایینی بۆ جۆشدان و ورووژاندنی مێشک و دەروون بەکارهاتووە. بەڵام تاوەکو سەدەی نوزدەم ئەو ئافاتە نەبووە، مەترسییەکی هێندە کووشندە، کاتێک چینییەکان کەوتنەخۆ بۆ کۆنتڕۆلکردنی بازرگانی کردنی ماددە هۆشبەرەکان. بەڵام هەر ئینگلیزەکان کوێخا و سەرپاڵەی ئەو بازرگانییە گەرمەبوون و گواستنەوەی تریاکیان لە هیندستانە و بۆ چین قۆرغ کردبووە. ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی تریاک (١٨٣٩-١٨٤٢) لە نێوان چینییەکان و ئینگلیزەکاندا. ئەمەش دەرگای بۆ بازرگانە فەڕەنسی و ئەمەریکییەکان واڵاکرد و لە ئەنجامدا جەنگی دووەمی تریاک (١٨٥٦-١٨٦٠)ی لە نێوان شەڕکەرەکانی لێکەوتەوە. لە ساڵی (١٨٥٨)هاوردەکردنی تریاک بۆ چین بە یاسایی کرا بە پەیماننامەکانی تیەنجین کە ڕێژەیەکی گومرگی بۆ هاوردەکردنی تریاک دیاری کرد. بەوەش بازرگانییەکی نایاسایی تریاک، کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە لە باشووری چین ئەنجامدرا، هانی چەتەگەری و چەتەی دەریایی دەدا و لە کۆتاییدا بازرگانییەکە هەموو جیهانی گرتەوە.

یەکەمین کۆنفرانسی تریاک، لە لاهای لە ساڵی (١٩١٢) بەڕێوەچوو. بەڵام ڕاسپاردەکانی لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا هەڵپەسێردرای، بۆیە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی (١٩٢٥)، سنووری بەرهەمهێنان و دروستکردن و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستنیشان کرا. تا بەپێی پرۆتۆکۆڵێکی ماددە هۆشبەرەکان لە کانوونی دووەمی (١٩٤٦) ئەرکەکانی کۆمەڵەی نەتەوەکان و ئۆفیسی نێودەوڵەتی پاکوخاوێنی، گواسترانەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی . لە ساڵی (١٩٦١)دا یەک ڕێککەوتننامەی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە نیویۆرک داڕێژرا لەو رۆژەوە ئەو ڕێککەتنامانە ساڵ دوای ساڵ هەمواردەکرێنەوە و ڕێکدەخرێنەوە. ئیمڕۆ سەدان ڕێکخراوی حکوومی و مەدەنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دامەزراون و شەو و ڕۆژ بەیەکەوە گرێ دەدەن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو ئافاتە کووشندەیە.

لەڕاستیدا کۆمەڵگای عێراقی، تاوەکو ساڵی (٢٠٠٣) بەو ئافاتە نامۆ بوو، مەگەر لە فلیمەکانی سینەمای میسرییدا، جاروبار گوێبیستیی ئەو زاراوەیە دەبوون. بۆیە عێراق، بە خاوێنترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەند مەزەندە دەکرا، کە خاڵی بووە لە ماددە هۆشبەرەکان.

خۆم هەمیشە حەز بەو شوێنە شەعبییانەی وەکو بازاڕ و چایخانە و هەڕاجخانەی شەعبی دەکەم و پێمخۆشە سەردانیان بکەم، کە لە زانکۆی بەغدا دەمخوێند (١٩٧٠ ــ ١٩٧٥)، ئەوەم لە لای مامۆزایەکی باوکم باس کرد، ئەو هەموو کون و قوژبنێکی بەغدا شارەزا بوو، چونکە ساڵانێک بوو شۆفێری نەجدە بوو لەوێ، یەکسەر گوتی:”ئەوە باش نییە! چونکە هێندێ شوێن هەیە، تۆ نازانی ناو و ناوبانگی پیسە و ڕێت بکەوێتە ئەو شوێنانە ڕەنگە تووشی دەردەسەریش بیت.” ئەوجا ناوی چایخانەیەکی میللی هێناو و گوتی:”ئەوە، بنکە و مۆڵگەی حەشیشەخۆرانە لە بەغدا.” ئەوە یەکەمجارم بوو، گوێم لە (چایخانەی حەشیشەخۆران بێ). ئەو بۆی ڕوونکردمەوە کە ئەم شوێنانە شەو و ڕۆژ لەژێر چاودیری ورد و چر دان و ئەوەی پێوەبێ، یەکسەر مەحکومە بە سێدارە. جا ئەو (١٠) ساڵەی کە وەک مامۆستا لە لیبیاش بووم (١٩٩٤ ــ ٢٠٠٥)، ئەزموونێکی زۆر لە ئاڵوودەبووەکانی ئەو وڵاتە فێربووم. بەداخەوە، قاتیلی سەرەکی لەناوچوونی گەنجەکانی ئەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بوو بە پلەی یەکەم و ڕووداوی هاتووچۆ بە پلەی دووەم. کە خەڵکەکە بەردەوام گلەیی ئەو پەتایەیان لە موعەمەر قەزافی دەکرد، دەیگوت:”چیبکەم، ئەوە ئافاتێکی جیهانییە!” جا ماددەی هۆشبەر ئامرازێکی خۆشکردنی ئاگری ڕاپەڕینی (١٧)ی فیبریوەری(٢٠١١) بوو، کە خەڵکەکەی بێزارکردبوو و دەیانزانی ڕژێم بۆ سەرگەردانکردنی ڕۆڵەکانیان، چاوپۆشی لێدەکات ، هەر ئەم ڕەفتارەش دواتر سەری قەزافی خوارد.

لە ساڵی (٢٠٠٩) لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبوڵ، دوو خوێندکاری ئامادەییم ناسی کە دانیشتووی بە غدا و نەجەف بوون، لە میانەی گفتوگۆ و قسەوباس دەربارەی خوێندن و پەروەردە، ئەو دوو خوێندکارە، هێندە زانیاریی مەترسیداریان دەربارەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر باس کرد، کە من مووچڕکم بە لەشی دادەهات. ئەوان گوتیان:”ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارە کچەکانیش لە ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا ئاڵوودە بوون.”

هەر ئەو ساڵە، کاتێک خەرێکی دامەزراندنی هەیکەلی کارێکی هونەری بووم، لە کۆیە، سەیرم کرد، قەپێلکەی زۆری حەبی بەکارهاتوو لەو ناوە کەوتووە، کە زوو بەرپرسانی شارم لێ ئاگادارکردەوە. ئەوە بووە هاندەرم بۆ نووسینی بابەتێکی ئەکادیمی ورد و تێروتەسەڵ بە ناوونیشانی (لافاوێکی بێ ئامان بەرەو ئێرە بەڕێوەیە، ئاگادار بن!) و لە (٣) ژمارەی گۆڤاری (ژیار)ی شکۆدار بە زنجیرە بڵاوکرایەوە. ئەمەش یەکەمین توێژینەوەی زانستیی بوو لە هەرێمدا بکرێت و بخرێتە بەردەم هەموو بەرپرسانی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان ــ بەداخەوە، نەمدیت، هیچ بەرپرسێکی دڵسۆزی ئەم وڵاتە بابەتەک بە فلسێکی سوور بکڕێ، لەکاتێکدا ئەو کات دەکرا هەنگاوی جددی هەڵگرن و ڕێ لە پەرەسندی ئەو ئافاتە کووشندەیە بگرن، چونکە ڕاسپاردەکانمان جوان جوان دەست نیشان کردبوو. (لێرە کەوانەیەک دەکەمەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەیەکی گشتیم لە شاری دوبلن ئاگادار کردەوە، کە لەسەر ڕەفتەی کتێبخانەکە چەند مێروولەیەکی وردم بینیوە، سوپاسنامە و خەڵاتیان بۆ ناردم! کەچی لە وڵاتی خۆم کەس گوێی لە هاوارم نەگرت).

لەگەڵ ڕوخاندن و بە ئەرزی دادانی پەیکەرەکەی سەددام حوسێن لە گۆڕەپانی ئەندەلووس، بازرگانیی کردن بە ماددە هۆشبەرکان هات جێێ پیخۆی لە وڵاتدا بکایە و وردە وردە گەشە بکات و پەرەپسێنێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵانی (٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥)، ئۆفیسی تایبەت بە چاودێریکردنی ماددەهۆشبەرکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقی وەکو پردی گوستنەوەی ماددەی هۆشبەر ناساند لە نێوان ئەفغانسان و ئێران، لە لایەک و وڵاتانی کەنداو و ئوردن و سووریا و تورکیا لە لایەکی دیکە.

دەتوانین ساڵی (٢٠٠٥) بە دەستپێکی کردنەوەی بازاڕی ماددەی هۆشبەر دابێنن لە عێراق. بۆ یەکەمین جاریش لە بەسرای دووەمین گەورەترین شاری عێراق دەستی پێکرد و هاوکات شاری نەجەف و کەربەلاشی گرتەوە. هێندەی پێنەچوو گەیشتە شاری میسان و زیقاڕ.

کوردی دەڵێ:”فڵان، مەعلانە، دەزانێ کێندەرێ، نیسکان دێنێ.” جا بازرگانانی ماددەی هۆشبەریش نەک هەر مەعلانن، بەڵكوو ئەزموونی کەڵەکەبووی چەندان ساڵە و چەندان وڵاتانیان هەیە و بە کردە، توێژینەوەی ورد لە سەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا دەستنیشانکراوەکانی خۆیان دەکەن، بە ئەزموون و تەجرووبەی سەرکەوتوو هەنگاو هەڵدەگرن. ــ ئەمانە لە فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بە وردی ئاماژەیان پێدراوە، باس دەکات کە چۆن بازرگان و قاچاخچییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ تەکتێک و فەنوفنوونی نوێ دەهێننە ئاراوە.

دوای شاڵاوی هاوپەیمانان و ڕۆخانی ڕژێمی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی هەرچی دامودەزگای سەربازی و ئاسایش و هەواڵگەری و زانیاریی ئەو وڵاتە هەبوو نەک هەر تەفنیش کران بەلکو تەفروتونا کران، وڵات بووە، وڵاتی بێ حاکم و بێ ساحێب، ئەمە یەکەم هاندەری درواسێێە چاوبرسییەکان و داخ لەدڵەکانی عیراق بوو، کاتێک بینیان، دەرگا و دەروازەی سنووری هەزاران کیلۆمەرتان بۆ خراوەتە سەرپشت. هەڵتەکاندنی بناغەی ئابووری و دارایی و بازاڕیش، دوای ئەو هەموو ساڵانی گەمارۆکان، بووە هۆکاریی دووەم، کاتێک بێ ئیشی و بێ کاری و دەستبەتاڵی، باڵی بەسەر زۆربەی هەرە زۆری خێزانە هەژار و مامناوەندییەکاندا کێشا و شەپرزەی کردن ــ لە بەرامبەریشدا، گەندەڵچییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ کۆشک و تەلار و سامانیان بەرەو کەشکەڵانی ئاسمان دەچوو. ئێستا، کۆڵەکەی سێیەم، بە هاسانی هاتە بەردەست، کاتێک داعش هێڕشی کرد و دەیان دامەزراوەی میلیشیا و چەتە و بێخاوەن دامەزران و قورسترین و باشترین چەک و چۆڵیان کەوتە بەردەست، بێگومان داڕمانی پەروەردە و دامودەزگاکانی تەندرووستی و تەشەنکردنی گەندەڵێ بە شێوەیەک کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەمەش وڵاتەکەی بە کوڕ و کچەوە هێندی دێ نائومید کرد. جا باشترین نێچیر و قوربانی و مووشتەری ماددەی هۆشبەریش کەسە نائومێد و بێ هیوا و ڕووخاوەکانی کۆمەڵگان، لە پرتاو هاتنی ئەو لێشاوە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی سەردەمیش لە مۆبایل و ئینتەرنێت و دڕۆن و هۆیەکانی پەیوەندیکردن و گواستنەوە، شێوازی بازرگانیکردنەکەی هێندە خۆش و هاسان و بەردەست کرد، کە گیراوەکانی نێو زیندانەکانیش، لە ژێرزەمینی خۆیاندا دەتوانن کاری خۆیان بکەن! نابێ خەمساردی و لاوازی و بێسەروبەری دەزگای دادوەریشمان لەبیر بچێ.

ئیمڕۆ(٢٠٢٢) عێراق، لە زاخۆ وە تاوەکو فاو، بە ترسناکترین و دژواترین و ناسکترین قۆناغی مێژووی تێدەپەڕێت، هۆکارە سەرەکییەکەشی ماددە هۆشبەرکانە، بێگومان لە لای حکوومەت و دامودەزگاکانیش، دۆخەکە لە پەردەپۆش کردن و شاردنەوە دەرچووە، بەداخەوە، هیچ ئامارێکی فەرمیی متمانەپێکراومان، چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم، چ لەسەر ئاستی شار و ناوچەکان، لەبەر دەست دانییە، لەلایەک دەزگا فەرمییەکان ناڕاستگۆن، لەلایەکی دیکە ئەوان هەر ژمارەی ئەو کەسانە دەزانن کە دەستگیراوان یان ماددەکانیان لێگیراوە. هەرگیز ئاماژە بە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئافاتەکە ناکەن. ناچار دەبێ زانیاریی لە ‌هیندێ ڕێکخراوی ناحکوومی، لێرە و لەوێ هەڵکڕینین ـ وەک (ڕیکخراوی عێراقی خاڵی لە ماددەی هۆشبەر).

بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکانی ساڵی پار، (٤٠٪) ی گەنجانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی باشوور ئاڵوودە یان بەکاربەری ماددەی هۆشبەرن. هەرچی ئاماری ئەمساڵە، (٢٠٢٢)، ڕیژەکە بەرزدەکاتەوە بۆ (٥٠٪)ی کۆی گەنجانی ئەو دوو ناوچەیە. هیچ زانیاریی ئاماری وردی هەرێمان لەبەر دەست دانییە!

باشە بۆچی، ئەو ئافاتە کووشندەیە وا بەخێرای و بە بەربڵاوی تەشەنەی کردووە؟
هۆکارەکان زۆرن، هەمووشیان یەک سەنگ و یەک قورساییان لە پەرسەندنی ئەو بازرگانییەدا هەیە:
یەک: واپێدەچی، تاوەکو ئەم ساتەوەختە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ــ بە هەرێمیشەوە، بە ئەنقەست بێ یان بێ ئەنقەست، مەترسیی ئەو ئافاتەیان بەجددی وەرنەگرتووە و بە (شتێکی) ئاسایی دادەنێن. تاوەکو ئێستا لە هەموو شارەکاندا کادیر و ئەندام و چەکداری کارامە و شارەزا لەو بوارەدا، کەرتی تایبەتییان لە بەڕێوەبەڕایەتیی پۆلیسخانەکاندا بۆ نەکراوەتەوە. هەر بۆ نموونە، بۆ هەموو شاری میسان (٣٠) کادیری و بۆ شاری بەسرای سێ ملیۆنی کەسی، ژمارەیەکی نەختۆکەت بەرزتریان، بۆ دامەزراندوون، لە کاتێکدا، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی پاشماوەی بەعس، لە سەردەمی حوکمڕانی سەددام دا، لە بەغدا و باشوور، بۆ هەر (٨) کەس، یەک پیاوی ئاسایش داندرابوو بۆ چاودێری کردن، ئەوا جگە لە ئەندام و کادیر و لاینگرانی حزبی بەعس! بەڵام لە هەموو پارێزگای بەسرە تەنها یەک کەس هەیە کە لەدەرەوەی عێراق مەشقی پێکراوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، لە میسان و ژی قاریشدا هەمان شتە. ئەمانە بەڵگەن کە حکوومەت گاڵتەی بەو بارودۆخە دێ.

دوو: بەهێزکردن و پڕ زانیاریی کردن و پڕ چەککردنی ئەوانەی لە مەیدانەکەدا زۆرانبازی لەگەڵ چەتەکانی ئەو بازرگانییە دەکەن، هەر وەکی خۆیانن، لە کاتێکدا ئەندامانی بەرەکەی دیکە، بە چەندایەتی و چۆنایەتی ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵات و ژمارەی بریکارەکانیان لە پەرەسنەندان.

سێ: بەگوێرەی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان یاسای ژمارە (٥٠)، بۆ ساڵی (٢٠١٧)، نزیکەی (٢٠٠) ماددە ئاماژەی پێکراوە، کە دەچننە پێکهاتەی ئەو دەرمانە بێهۆشکەرانە، لە کاتێکدا زۆر زۆر کەم کادیری شارەزایی تایبەتمەند لە بواری کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ماددە هۆشبەرانەدا هەیە. ئەسڵان، ناوەکانیشیان نازانن. چۆن دەکرێ تۆ پشکنین بۆ شتێک بکەی، نەزانی چییە و چۆنە! ژمارە کەمی سەگی بۆنکەر، بەو پێیەی لە میسان تەنها (3) سەگی بۆنکەر هەیە، یەکێکیان نەخۆشە، لە بەسرەش تەنها یەک سەگی بۆنکەر هەیە، و ئەم سەگە بۆنکەرانە باشترین توانای بۆنکردنیان هەیە بۆ دۆزینەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە بازگەکان و دەرگای چوونە ژوورەوەی شارەکان.

چوار: سنووری دوورودرێژی بێ چاودێر و دەروازە، بە تایبەتی لە نێوان ئێران و عێراق دا، پێویستە نێوانی هەر قولووغ و بازگەیەک کەمتر بێ لە (٥٠٠) م، بەڵان ئەوەی هەیە لە (١٠)کم کەمتر نییە. دەتوانین بڵێن سنووری هەر چوار دەوری عێراق بەبێ چاودێر و پاسەوان، کراوەن. ئیمڕۆ کۆترەی زاجل و دڕۆن بە شێوەیەکی ئاسایی لە باشووری عێراق بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردێ. ئەمدیو ئەو دیوی سنووریان پێدەکرێ. کۆترەی زاجل چیت دەوێ بۆت دەهێنێتە ناو حەوشەی ماڵەکەت.

پێنج: باشترین ڕێگەی کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئافاتە، ئەوەیە سەرچاوەکەی وشک بکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان (٨٠٪)ی ئەو ماددانە لە ئێران و (٢٠٪)ی لە وباقی وڵاتەکانی دیکەوە هاوردە دەکرێن. جێی داخەوە، گەرچی لە هەموو کۆبوونە و دانیشتنێکدا، لە نێوان نوێنەرانی ئەو وڵاتانەداــ بە تایبەتی ئێران، ئەو باس و خواسە قسەی لەسەر دەکرێ، بەڵام کەس ئامادە نییە زانیاریی پێویست بگۆڕنەوە و دەستی کۆمەک و یارمەتی بۆ یەکتری درێژ بکەن. ئەمە تاڕادەیەک لە نێوان پارێزگاکانیش هەر وایە. ئاڵوگۆڕییی زانیاریی ئەمنی و بەدواداچوون بۆ داواکراوان و ئاڵوگۆڕیی ئەزموونەکان؛ کە توانای بەدواداچوونی لە سنووری جوگرافیای ئەم وڵات و پارێزگایانەدا بایەخی زۆری هەیە.

شەش: زۆرێک لە کارمەندانی دژە مادە هۆشبەرەکان و پۆلیس بە دەست هەڕەشەی خێڵەکی دەناڵێنن کە زانیارییان سنووردار دەکات و وایان لێ دەکات لە ئەرک و کارەکانیان سارد ببنەوە. لە ئەنجامی کوشتنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەکاتی ڕاوەدوونانی لە یەکێک، لە ناوچە سنوورییەکان. تەنانەت ئەفسەرە پێشەنگەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانیشدا درێغییان نەدەکرد لە پاراستنی ئەندامەکانیان و وەستان لە تەنیشت خێڵەکانەوە. نەریت و کەلتووری ئەشیرەتگەری باڵادەستە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانە. تەنانەت گرتنی کەسێکی ئاڵوودەبوو یان قاچاخچیی کە سەر بە ئەشیترەتێک، بووە هۆی خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە لە لایەن ئەشیترەتی بەرامبەری.

حەوت: مانەوەی کەسە دەستگیرکاروەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەکان بەبێ حووکمدان و هەڕەش کردن و دەستوەشاندان لە قازی و دادوەرەکان، لە ڕاستیدا ترسیان خستۆتە دڵی کارمەندان و جۆرە دەسەڵات و هێزێکیان بە بازرگان و قاچاخچییەکان داوە کە پتر خۆیان بە باڵادەست بزانن. تاوەکو ئێستا لە باشووردا نزیکەی (٧٤) قازی و دادوەر بە دەستی ئەوانە کوژراون، رووی داوە، قازی هەیە بە نوێژینیوەڕ و لە ناوەندی بازاڕی تیڕۆرکراوە.

هەشت: هێندێ سەرچاوە، ئاماژە بە ڕۆڵی تێکدەرانەی هێندێ درواسێ دەکەن، کە لە لایەک دەیانەوەێ ئابووریی خۆیان بژێننەو و ئابووریی عێراق داتەپێنن، لە لایەکی دیکەشەوە، دەیانەوەی گەنج ئەم وڵاتە سەرگەردان و زەبوون و شەپڕەدار بکەن، لە پێناو مەرامی سیاسیی خۆیان.

نۆ: غیابی دامودەزگا پەروەردەیی و میدیاکاری و ئایینییەکان، لە هۆشیار کردنەوەی جەماوەر، بەتایبەتی گەنجەکان. زۆر بەدەگەن بەرنامە و کۆڕ و سیمینار و وتاردانی زانستییانە لە لایان کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پێشکێش دەکرین. ناوە ناوە دیداری تەلەڤزێۆنی سازدەکرێت، کە میوان پێشکەشکارەکان شەرمنۆکانە و بە ترسەوە لە بن لێویان زانیاری دەدرکێنن و هیچ شتێکی ئەوتۆ پێشکێش ناکەن کە ئومێد بەخشی بێ، ئەوانیش هەر وەک خەڵکەکە دەڵێن ( دەبێ…، پێویستە…، بەرانامە دابرێژرێت…).

ئایندەی عێراق بەدەست ئەو ئافاتە کووشندیە، بەرەو کوێ دەچێ؟
ئێستا دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، لە ناوەند و باشووری عیراق بە دەنگی بەرز دەڵێن:”دێ، بارودۆخەکە لە دەسەڵات و هێزی ئێمە دەردەچێ.” ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە. جا ئەگەر عێراق بەراورد بکەین لەگەڵ چەند وڵاتێک کە کووشتەی ئەو ئافاتەن، ئەوا دەگەینە ئەو ئاکامە، کە دوو رێگامان لە پێشە:

ڕیگەی یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی یەکلاکەرەوە:
بۆ ڕێگریگرتن و بەربەست دان لە پتر بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە دەبێ دەسەڵاتداران بە جددی بێنە سەرخەت و هەر هەموو وەزاڕەتەکان، بە نەخشە و پلانی تۆکمە و ورد و واقیعبینانە ڕووبەڕووی ئەو مافیایانە ببنەوە. لە پێش هەمووشیان وەزاڕەتی بەرگری و وەزاڕەتی ناوخۆ و وەزاڕەتی دەرەوە و وەزاڕەتی داد، ئەوجا هەر وەزاڕەتەی بە گوێرەی ڕۆڵی سەرشانی خۆی. ئەو تاوەکو ئیتسا کراوە، سەلمێندرا، کە لەسەر ئەرزی واقیع یەکسانن بە سفر.

ڕیگەی دووەم: بەڕەلاکردنی مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان:
ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەکو لوبنان بکەین، دەبینین، کە لەژێر قەڵەمڕەوی میلیشیا چەکدارەکان، دەشتەکانی بیقاع، بوون بە باغچە و مەزرای چاندنی هەموو جۆرە ڕووەکێکی بەرهەمهێنەری ماددەی هۆشبەر. بە ڕۆژی ڕۆناک لەبەرچاوی هەموان ئەو کاسبییەی خۆیان دەکەن و کەس ناوێری بە لایاندا بچێ، هێزی میلیشایی پارێزگارییان لێ دەکەن. ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەکو مەغریب بکەین، کە بە چاندنی ئەو جۆرە ڕووکە بەناوبانگە، دەسەڵاتە باڵایەکانی حکوومەت، لە تۆقەڵەی سەرەوەی هەڕەمەکە تا بنکەکەی، بازرگانی بەو ماددانە دەکەن و خۆیان ملەستووەرتر دەکەن و منیەتی کەسیش نازانن.

ئیمڕۆ لە بەغدا گەڕەکی بەتاوێن، کە جاران خۆشترین گەڕەکی ئەرمەنی و مەسیحییەکان بوو، دوای ڕاودونان و دەربەدەرکردنی ئەوان، مافیاکانی ماددە هۆشبەر و سێکس و قومار دەستیان بەسەر داگرتووە، و هیچ هێزێکی عێراقی حەددی نییە پێبنێتە ئەو گەڕەکە. مافیاکان، تەنانەت گۆڕستانی خۆشیان لەوێ هەیە. ئەم گەڕەکە بووەتە هەرێمێکی سەربەخۆ، پیاوم دەوێ پێیدا ڕەت بێ و سەر بە خۆیان نەبێ.

لە باشووریش ناوچەی ئەهوارەکانی هاوسنووری ئێران، بە تەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی مافیاکان دان و هیچ هیزێک ناتوانی لێیان نزیک بێتە و هیزی ملیشیایش لە ناوچەکە هەیە پشتیوان و کۆمەکیان دەکەن. شارێکی وەکو زوبیر، بووتە گەورەترین بنکەی بازرگانیکردن بەو ماددە نەفرەتییانە.
جا ئەگەر ئەو ناوچانە هەروا بە بەڕلایی بمێنەوە، ئەوا ڕۆژ بە ڕۆژ مافیایەکان تێیاندا بەهێزتر دەبن، تا دەبن بە کیانی سەربەخۆی بەهێزی خاوەن چەکی قورس و پێشکەوتوو.

ئەمە پێشبینیە بۆ هەرێمیشە، هەر کاتێک، ئەو مافیایانە هەستیان کرد هێز و ژمارە و دەسەڵاتیان گەیشتووەتەوە ئەوە ڕادەیە کە بتوانن، ئیدارەی ناوچەی خۆیان بدەن، ئەوا دوور نییە، دەست بەسەر ناوچەکەی عاسێ دا بگرن و بیکەن بە تۆڕەبۆڕەی خۆیان، وەک ئەوانەی ئەفغانسان و کۆلۆمبیا. جا مەترسییە گەورەکە ئەوکاتە دەتەقێتەوە، کە چەند ناوچەیەک، دەکەونە ژێر دەسەڵاتی چەند دەستە و تاقامێکی مافیای ڕکابەر، ئەوا بەردوام دەبێ چاوەڕوانی شەڕ و پێکدادان و تۆڵە کردنە و خوێن ڕشتن بن ــ وەک لە چەندان وڵاتاندا هەیە. لە بیریشمان نەچێ، لەو ناوچە شاخاوییانە جێگە هەیە، گەر دەستی بەسەردا بگیری، لێ سەندنەوەیان ئەستەمە.

چونکی دەسکەوتیی ماددی ئەو بازرگانییە، خەیاڵییە، ئەوانەی ئەو ئیشەدەکەن، هەرگیز ئامادەنین دەستبەرداری بین و هەمیشە خەونی مەزنتریان هەیە. بەڵام خەونێ گڵاو و قێزەوەن!

بەداخەوە لە ٤/١١/٢٠٢٢. بەڕێوەبەرایەتیی بەڕەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا، ئاشکرای کرد، کە بۆ یەکەمینجار لە عێراق دەستیان بەسەر دامودەزگای درووستیکردنی حەبی بیهۆشکەردا گرتووە. کەواتە عێراق دەبێتە بەرهەمهێنەری ئەو ماددەیە و پێویست بە هاوردەکردنی ناکات. بۆ زانیارییتان، سوریا ساڵانە پتر لە دوو ملیار دۆلاری لە درووستکردنی حەبی بێهۆشکەر دەست دەکەوێ، ئەمە دەوڵەت بە ئاشکرا بەڕێوەی دەبات و قازانجەکەی بۆ خۆیەتی، لوبنانیش بە مەرتەبەی دووەم دێ لە بەرهەمهێنانی ئەو تەرزە حەبە، داوی سوریا.

پووختەی بابەتەکە:
ئیمڕۆ گەنجانی ناوەند و باشوور، بە خێزانەکانیانەوە، بەەست ماددەی کریستاڵ و ماددەکانی دیکە دەناڵێنن و گەنجانی باکووریش پتر ئاڵوودەی حەبی کەپتاگۆن بوون و ڕۆژ بە ڕۆژ پتر سەرگەردان دەبن. ئامارەکان دەڵێن:

(٦٠٪) ی بەندکراوەکان، کێیسەکانیان پەیوەستە بە ماددەهۆشبەرەکان.
(٩٧٪)ی بەکاربەرانی ماددەهۆشبەرەکان گەنجن.
(٦٥٪)ی ئەو کەسانە لە خێزانە هەژار و دەست کورتەکانن.
(٨٧٪)ی بەکاربەران خوێندەوارییان بنبەڕەتییە.
(٤٥٪)ی ئەو کەسانە، بێ ماڵ و حاڵ و خانوونە.
(٣٣٪) یان هیچ ئیش و کارێکیان نییە.
(٦٧٪ ) ئیشی سەرپێی و ئازاد دەکەن.
(٦٠٪) یان تەمەنیان لە نێوان (١٥ ــ ٣٥) ساڵە.
(؟٪) لە کچەکان تەمەنیان لە نێوان (١٠ ــ ١٥) ساڵە. ژمارە ژنی بەکاربەریش لە هەڵکشاندایە.

پێشبینی دەکرێ لە ماوەی (٥) ساڵی ئایندە، گەر بارودۆخەکە وەک ئێستا نەگۆڕ بێ ، (٧٠٪) ی گەنجانی ناوەند و باشوور ببنە بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکان. بو گوێرەی ئامارەکان هەموو مانگێک بای (٣) ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێ. لە هەشت مانگی دوایدا بە یەکجار (١٤) ملیۆن دنکە حەب گیراوە لەگەڵ (٣٠٠) کیلۆگرام ماددەی بێهۆشکەر و (١١) هەزار بازرگانیش گیروان. بەندیخانەکان پڕبوون بە زیندانی کراو، کە لە نێویاندا ژن و کوڕ و کچ و گەنج و نەوجەوان هەیە.

کاتی ئەوە هاتووە، بەرپرس و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، جددیتر، مەسەلەی ماددە هۆشبەرەکان، دیڕاسەبکەن و کاری جددی بکەن بۆ واستاندنی ئەو بڵاوبوونە خێراییەی کە ئەگەر زوو بە زوو ڕانەگیری، هەمووان تێیدا زەرەمەندی گەورە دەبن.

ئیستا، دەبێ یەکێک لەو دوو بژاردە هەمبژێرین و بژاردەی سێیەمین نییە: یان دەبێ، دەست لە ناو دەست تێکڕای عیراقییەکان( بە حکوومەت و بە میللەتەوە) دەست بخەنە ناو دەست و بە جددی ڕووبەرووی ئەو ئافاتە کووشندیە ببنەوە، یان دەبێ خۆیان ڕادەستی ئەو ژەهرە بکەن و ئاڵای سپی هەڵکەن و لە سەرخۆ، وردە وردە بتلێنەوە و گیان بدەن!