کارۆخ خۆشناو

ئەمڕۆ (سێشەممە) ڕێکەوتی (8)ی نۆڤەمبەری ساڵی (2022) ڕۆژێکی گرنگە لە ئەمریکا، ئەویش بە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کۆنگرێس، کە بە هەڵبژاردنی (مید تێرم)یش ناسراوە، ئەم پڕۆسەیە وەک ڕاپرسیەکیش بۆ دوو ساڵی سەرۆکایەتی (جۆ بایدن) لەقەڵەم دەدرێت.

لە میانەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە ژمارەیان (435) ئەندامە لەگەڵ (35) ئەندام لە (100) ئەندامی ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن، هەروەها (36) حاکم لە کۆی (50) حاکمی ولایەتەکان دەگۆردرێن.

چاوەرواندەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا کۆماریەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکەی (کۆنگرێس) سەرکەووتنێکی گەورە تۆمار بکەن، واتە (بە گوێرەی ڕاپرسیەکان) دیموکراتەکان زۆرینەی کۆنگرێس لە دەست دەدەن، ئەویش بەهۆی کۆمەڵێک ئاستەنگی (سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی) کە ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکانی هەراسان کردووە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایی خەڵکی ئەمریکا لە ئەدای سەرۆک بایدن و گرانبوونی نرخی ووزە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان…هتد.