سیامند سێلکی
ئه‌وه‌ی تا ئێستا من هه‌ستم پێکردووه‌ ، له‌دوو ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ هه‌لسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامه‌کانی کونگره‌ی (14)ی پارتی کراوه‌ . ئه‌وانه‌ی خه‌ونیان به‌په‌رته‌وازه‌یی و له‌ت بوونی پارتیه‌وه‌ ده‌دیت ، به‌مه‌به‌ستی که‌م ڕه‌نگ کردن و بێ بایه‌خ کردنی سه‌رکه‌وتنی کونگره‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق و کینه‌و دوور له‌لوژیک و ئه‌قلانیه‌ت خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجامه‌کانی کرد.

له‌به‌رامبه‌ریشدا کومه‌لێک ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی وه‌کو وه‌لامێک بۆ ئه‌و خه‌لکه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی عاتفیانه‌یان بۆ ئه‌نجامه‌کانی کونگره‌که‌ کرد، به‌م پێیه‌ هه‌ردوو لا نه‌یانتوانی ئه‌و خاله‌ پۆزه‌تیفانه‌ ده‌ست نیشان بکه‌ن که‌ به‌لگه‌ن بۆ نه‌وعی بوون و جیاوازی کونگره‌که‌ له‌گه‌ل هه‌ر کونگره‌یه‌کی دیکه‌، له‌م سونگه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ول ده‌ده‌ین دوور له‌ده‌مار گیری حزبی و به‌پێوه‌ری زانستی و لوژیکی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامه‌کانی کونگره‌که‌ بکه‌ین و ده‌ست نیشانی ئه‌و خاله‌ پۆزه‌تیفانه‌ش ده‌که‌ین که‌ ئاماژه‌ی ڕوونن بۆ سه‌رکه‌وتن و نه‌وعی بوونی کونگره‌که‌.

بێ گومان ئه‌گه‌ر به‌وردی هه‌لوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی کونگره‌ی (14)ی پارتی بکه‌ین، به‌ڕوونی هه‌ست به‌و راستیه‌ ده‌که‌ین که‌ شێوازی به‌ڕێوه‌چۆنی کونگره‌که‌ له‌زۆر ڕووه‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌و کونگرانه‌دا جیاواز بووه‌ که‌پێشتر له‌لایان پارتی و حزبه‌ کوردستانیه‌کانی دیکه‌شه‌وه‌‌ گرێ دراون.

جیاوازیه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ کونگره‌که‌ له‌که‌ش و هه‌وایه‌کی ته‌واو دیموکراسیانه‌دا به‌ڕێوه‌چۆ .ده‌رفه‌تی خۆ به‌ر‌بژێر کردن و مافی ده‌نگدانی ئازادانه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی کونگره‌ فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌ر کرا بوو .ئه‌م ڕاستیه‌ له‌ئه‌نجامی ڕاگه‌یێنراوی هه‌لبژاردنه‌کانی کونگره‌دا به‌ڕوونی دیاره‌و هه‌موومان هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، بۆ نمونه‌ یه‌کێک له‌جیاوازیه‌کان ئه‌وه‌ بوو یه‌که‌م جاره‌ له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و عێراقدا ژماره‌یه‌ک ئافره‌ت به‌بێ کوتاو به‌ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خویان ده‌گه‌نه‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌که‌یان.

ده‌نگه‌کانیان به‌ڕاده‌یه‌ک به‌رز بوو که‌ له‌ڕیزبه‌ندی یه‌که‌مه‌کانی براوه‌ی کونگره‌دا هه‌ژمار ده‌کرێن . دیارترینی ئه‌و ئافره‌تانه‌ش به‌ڕێزان ئه‌شواق جاف و ئامینا زکری و چنار سه‌عد عبدولا بوون، ئه‌م جیاوازیه‌ له‌زۆر ڕووه‌وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی وه‌کو حزبێکی سه‌رده‌میانه‌و خاوه‌ن پره‌نسیپ کاری بۆ پێگه‌یاندنی کادیره‌کانی کردووه‌، ئاماژه‌یه‌کی ڕوونیشه‌ بۆ ئه‌و راستیه‌ی ‌که‌ له‌ناو پارتیدا ئافره‌تی کورد قوناغێکی باشی بڕیوه‌و، گه‌یشتووته‌ ئاستێکی وه‌ها که‌ چیتر پێویستی به‌وه‌ نیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌به‌رپرسیاریتی پیاو ده‌ستی بگرێت و منه‌تی به‌سه‌ره‌وه‌ بکات.

یه‌کێکی دیکه‌ له‌و خاله‌ پۆزه‌تیفانه‌ی که‌ کونگره‌ی (14) پێی له‌هه‌ر کونگره‌یه‌کی دیکه‌ جیا ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ به‌شی زۆری ئه‌ندامانی کونگره‌ دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سک و ئینتمایی عه‌شائیری و خزم خزمێنه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتی و ڕه‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارتی ده‌نگیان به‌و به‌ربژێرانه‌دا که‌ له‌م قوناغه‌دا حزبه‌که‌یان پێویستیان پێ هه‌یه‌.

به‌پێوه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م بنه‌مایه‌ بۆ ده‌ست نیشانکردنی به‌ربژێره‌کان جگه‌ له‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاستی به‌رزی هوشیاری کادیری پارتی ، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌ جیاوازه‌کانی کوردستان کومه‌لێک کادیری به‌توانا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن و بگه‌نه‌ کومێته‌ی ناوه‌ندی پارتی .به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کونگره‌ی پارتی ده‌نگیان به‌کومه‌لێک به‌ربژێر نه‌دا که‌ ئه‌ندامی پێشووی سه‌رکردایه‌تی پارتی بوون، هه‌لبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پروسه‌ی ده‌نگدان به‌شێوازێکی زۆر دیموکراسیانه‌ به‌ڕێوه‌ چۆ، هیچ یه‌ک له‌و به‌ڕێزانه‌ی ده‌نگی پێویستیان بۆ ئه‌ندامێتی کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌ده‌ستیان نه‌هێنا، نگه‌ران نه‌بوون و هیچ ڕه‌خنه‌و گله‌یه‌کیان له‌پروسه‌که‌ نه‌بوو .به‌لکوو هه‌موویان ڕێزیان له‌ئه‌نجامه‌کان گرت و پابه‌ند بوون پێیه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا خالێکی گرنگه‌و هێمایه‌ بۆ پابه‌ند بوون به‌بنه‌ماکانی دیموکراسی و ئاستی به‌رزی ئه‌و به‌ڕێزانه‌، له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگتر له‌کونگره‌که‌دا پابه‌ند بوون به‌پره‌نسیپی پێکه‌وه‌ ژیان له‌کوردستاندا پشت گوێ نه‌خرا. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربژێرێک له‌خوشک و برایانی ئێزدی ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، سه‌رۆک بارزانی له‌سونگه‌ی خه‌مخوری و په‌رۆشیان بۆ گرنگی دان به‌پرسی پێکه‌وه‌ ژیان ئه‌مه‌ی به‌خالێکی لاواز زانی، بویه‌ داوای له‌ئه‌ندامانی کونگره‌که‌ کرد که‌ ده‌سه‌لات به‌جه‌نابیان ببه‌خشن ، تا چاره‌سه‌ری ئه‌و خاله‌ لاوازه‌ بکات.

ئه‌ندامانی کونگره‌ش له‌روانگه‌ی بڕوا بوونی به‌پره‌نسپی پێکه‌وه‌ژیان به‌چه‌پله‌ ڕێزان ئه‌و ده‌سه‌لاته‌یان به‌جه‌نابی سه‌رۆک به‌خشی، بێ گومان بوونی ئه‌م هه‌موو جیاوازیه‌ پۆزه‌تیفانه‌ له‌کونگره‌ی (14)ی پارتیدا بۆ ئاینده‌ی پارتی به‌تایبه‌تی و کورد به‌گشتی دلخوشکه‌رو ئومێد به‌خشن و له‌سه‌ر ئاستی دونیادا وێنه‌یه‌کی جوانیان به‌خشیه‌ پروسه‌ی سیاسی و دیموکراسی له‌کوردستاندا، له‌م سونگه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ئومێده‌وه‌ لێی ده‌روانن و چاوڕوانی ئه‌وه‌ن بڕیارو ڕاسپارده‌کانی کونگره‌ بۆ کوردو پارتی به‌رهه‌مدارو پڕ به‌خشش بن.