خەبات: عەلی بانیشاری:- بەوتەی كۆمپانیاكانی كەرتی خانووبەرە لە هەولێر، دانیشتووانی دوو گەڕەكی گەورەی شارەكە لە 30-40%یان لە نەتەوەی عەرەبن. بەپێی داتای كۆمپانیاكان، لە ئێستادا لە 20-40%ی كڕیاری شوقە و لە 10%ی كڕیاری خانوو لە شاری هەولێر عەرەبن و كڕیارانی خانوو و شوقەكانی كۆمەڵگەی شاهان ستیش لە 60-70%یان عەرەبن. خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی خانووبەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەراورد بە ساڵی 2014 كڕینی موڵك لەلایەن كەسانی عەرەبەوە بە رێژەی لە 10-15% كەمیكردووە و كرێی مانگانەی شوقەش بە رێژەی 20% زیادیكردووە.

میران سەفینی، خاوەنی كۆمپانیای میران بۆ خانووبەرە لە هەولێر بە (خەبات)ـی گوت: بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندایە لە زۆنی زێڕی شاری هەولێر كە یەكێكە لە ناوچە دۆڵەمەندنشینەكان لە 20-30%ی ئەوانەی موڵك دەكڕن لە كەسانی بە رەگەز عەرەب پێكدێن. گوتیشی: 60-70%ی كڕیارانی شاهان ستیش كە كەوتووەتە دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێر كەسانی عەرەبن، تەنانەت وایلێهاتووە هاووڵاتیانی كورد ئامادە نەبن لەو شوێنە نیشتەجێ ببن، ئەمە لە كاتێكدایە دەیان خانووی چۆڵی لێیە و نرخی كرێی مانگانەی خانووەكانیش 200-250 هەزار دینارە. دەشڵێت: عەرەبەكان زیاتر لە دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێر نیشتەجێ دەبن.

بەوتەی میران سەفینی، 30-40%ی دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی هەڤاڵان و بەختیاری عەرەبن و لە 60-70%ی دانیشتووانی شوقەكانی ئیسكانیش لە كرێچی عەرەبن و لە 20-30%یش كڕیاری هەمان نەتەوەن، كەمتر لە 10%ی دانیشتووانی هەردوو گەڕەكی خانزاد و شۆڕشیش لە كەسانی بە رەگەز عەرەب پێكدێن و هەندێك گەڕەكیش كەمتر لە 5%ی دانیشتووانەكەی عەرەبن. ئاماژەی بەوەشدا، 20-40%ی كڕیاری شوقە و لە 10%ی كڕیاری خانوو لە شاری هەولێر خەڵكانی عەرەبن و ئەوەش بەپێی شوێن و گەڕەك گۆڕانكاری بەسەردا دێت. روونیشیكردەوە، ئەو عەرەبانەی لە خانوو نیشتەجێن زیاتر كرێچین و بە رێژەیەكی كەم موڵكی خۆیانە، بەڵام لە شوقە بەو شێوەیە نییە و زیاتر خاوەن موڵكن.

میران سەفینی دەڵێت: بەراورد بە ساڵی 2014 كڕینی موڵك لەلایەن كەسانی بەرەگەز عەرەبەوە بە رێژەی لە 10-15% كەمیكردووە، بەڵام كرێی شوقە بە رێژەی 20% زیادیكردووە. دەشڵێت: لە ئێستادا خەڵكێكی زۆری عەرەب هەیە موڵك ناكڕێت، بەڵام بە كرێ تێیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو پێیوایە، گەڕانەوەی عەرەبە سوننەكان بۆ شوێنی خۆیان و ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی زۆری نیشتەجێبوون لە شارە سوننەنشینەكان بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كڕینی موڵك لەلایەن كەسانی عەرەبەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

باسیلەوەشكرد، بەشێك لەو عەرەبانەی لە هەولێر خانوو و شوقە دەكڕن، لە ساڵێكدا یەك مانگ زیاتر تێیدا نامێننەوە، هەروەها دۆڵەمەند و بەرپرسی عەرەب هەیە شوقەی بە كرێ گرتووە و پێشەكی كرێی یەك ساڵی داوە و 3-4 مانگیشە نەهاتووە بەلایدا، كاتێك دێت كە وەرزی گەرما دەستپێدەكات، بۆ ئەوەی لە شوقەكەدا بمێنێتەوە و پشوویەك بدات. ئەو جەختی لەوەشكردەوە، تا زیاتر خەڵكی عەرەب لە هەولێر كار بكات باشترە، چونكە پارەی زیاتر لەگەڵ خۆیان دێننە ناو كوردستان.

عەبدولخالق حەمەد ئەمین، لە كۆمپانیای خانووبەرەی باغی شەقڵاوە هۆكاری زۆری كڕینی موڵك لەلایەن كەسانی بەرەگەز عەرەب و بیانییەوە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامە و هەولێر بووەتە سەنتەرێكی بارزگانی و لەو رووەوە پایتەخت بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە و هەلیكار زۆرە و لە كەرتی خانووبەرەش پڕۆژەیەكی زۆر ئەنجام دەدرێت و جوانییەكی زۆری بە هەولێر داوە، لەلایەكی دیكەوە ناسەقامگیری پارێزگاكانی دیكەی عێراق وایكردووە بەشێكی زۆر عەرەبەكان بێنە هەولێر و موڵك بكڕن.

كۆمپانیای خانووبەرەی باغی شەقڵاوە لە ساڵی 2004ـەوە دامەزراوە و 40 لقی لە شاری هەولێر. عەبدولخالق حەمەد ئەمین دەشڵێت: زۆرینەی كڕیار و كرێچی شوقە لە ئێستادا لە شاری هەولێر كەسانی عەرەبن، بەڵام مەرج نییە ئەوەی لێرە موڵك بكڕێت خۆی تێیدا نیشتەجێ ببێت، بەشێك لەوانە بۆ وەبەرهێنانیانە. ناوبراو هەروەها گوتیشی: كەمتر لە نیووەی كڕیاری بەشێك لە شارە نوێیەكانی هەولێر عەرەبن.

لەبارەی نرخی ڤێلا و شوقە لە شاری هەولێر؟ عەبدولخالق حەمەد ئەمین گوتی: دوور و نزیكی شوێنی پڕۆژەكان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخەكانی یەكەكانی نیشتەجێبوون هەیە، نرخی ڤێلا لە 14 دەفتەر دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە ملیۆنێك دۆلار، ڤێلا هەیە نرخەكەی دەگاتە 3 ملیۆن و نیوو دۆلار، شوقەش لە سێ دەفتەر و نیوو دۆلار دەستپێدەكات تا 35 دەفتەر دۆلار. سەبارەت بە نرخی كرێی مانگانەی ئەو ڤێلا و شوقانە؟ ناوبراو دەڵێت: كرێی مانگانەی ڤێلا لە 400 دۆلاری ئەمریكی دەستپێدەكات تا دەگاتە 15 هەزار دۆلار، شوقەش لە 250 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 3000 دۆلار.

ئاماژەی بەوەشدا، كڕیاری عەرەب هۆكارە بۆ ئەوەی ڤێلاكانی شاری هەولێر زیاتر بفرۆشرێن. ئەوەشی گوت: زۆرجار شوێنی جوگرافیا و كەشوهەوای ناو پڕۆژەكان وایكردووە نرخی شوقە و ڤێلاكان زیاتر بەرزبێتەوە. ئەو جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر كڕیاری عەرەب نەبێت، كاری كۆمپانیا و نوسینگەكانی كەرتی خانووبەرە سست دەبێت. هەروەها دەشڵێت: زۆرینەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە گەڕەكە میللییەكان خەڵكانی دۆڵەمەند دەیكڕن.

عەلی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كارگێڕی و خزمەتگوزاری لە كۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە شاری هەولێر دەڵێت: زۆرینەی یەكەكانی نیشتەجێبوون خاوەنداریەتییان بۆ هاووڵاتیانی كورد دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی بە كرێ تێیدا نیشتەجێبوون زیاتر كەسانی عەرەب و خەڵكی وڵاتانی دراوسێن. دەشڵێت: زۆرینەی ئەوانەی خانوو و شوقەكانی هەولێریان بەكرێ گرتووە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، یان لە رێگەی رێكخراو و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانەوە هاتوون و بۆ هەلیكار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روو لە هەولێر دەكەن و شوقە بەكرێ دەگرن یان دەیكڕن زیاتر خاوەن بڕوانامەی بەرزن یان پڕۆژەیان هەیە، بەڕێوەبەری كارگێڕی و خزمەتگوزاری كۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام گوتیشی: بەشێكی دیكەی ئەوانەی كە لە هەولێر نیشتەجێ دەبن ((گەشتیار))، و بۆ ماوەی سێ تا شەش مانگ دەمێننەوە و خانوو یان شوقە بە كرێ دەگرن.

بەوتەی عەلی ئیبراهیم، بەهۆی خراپی بارودۆخی عێراق و ئێران و سوریا و یەمەن و لوبنان وەبەرهێنەران روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و ئارامی شاری هەولێر بە هەل دەزانن بۆ ئەوەی پڕۆژەی تێدا ئەنجام بدەن. ئەو دەشڵێت: پاڵپشتی كەرتی تایبەت و بوونی یاسای وەبەرهێنان یەكێكی ترە لەو هۆكارانە كە وایكردووە وەبەرهێنەران روو لە ناوچەكە بكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش توانیوویەتی دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران و ئەو كەسانە بڕەخسێنێت كە خاوەن پارە و پڕۆژەن، چونكە ئەگەر پاڵپشتی ئەو كەسانە نەكرێت بە دڵنیاییەوە وڵاتانی دیكە كارئاسانییەكی زۆریان بۆ دەكەن.

كۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە و 30 لقی لە هەولێر و 6 لە سلێمانی و نوێنەرایەتی لە ئیمارات و ئوردن و ئەوروپا هەیە. بە بۆچوونی عەلی ئیبراهیم، كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە. وەكو ئەو دەڵێت ((لە هەر شوێنێك وەبەرهێنان گەشەی كرد بە تایبەت لە كەرتی خانووبەرە، هاووڵاتیانی ئەو شوێنە هەلیكاریان بۆ فەراهەم دەبێت و داهاتی تاك و حكوومەتیش زیاد دەكات)). زیاتر گوتی: حكوومەت دەتوانێت لە رێگەی باج و رسومات سوودمەند بێت لە دەست رەنگینی وەبەرهێنەران و سەرمایەكانیان.

عەلی ئیبراهیم دەڵێت: تێبینی ئەوەمانكردووە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیاوە كە قەیرانی سوتەمەنی و گرانبوونی نرخی شتوومەك و كاڵای لێكەوتووەتەوە كوردانی نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپا بیریان لەوە كردووەتەوە بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت لە هەولێر موڵك بكڕن و جارێكی دیكە پێگەی ئابووری خۆیان لە هەرێمی كوردستان دروست بكەنەوە. گوتیشی: لە ئێستادا هەندێك لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی كورد چەند شوقەیەك دەكڕن و بە كرێ دەیدەن بە عەرەب و كەسانی بیانی و لەو رێگەیەشەوە مانگانە داهاتێكیان دەست دەكەوێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: زۆرینەی ئەوانەی سەرمایەگوزاری لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكەن كەسانی كوردن و لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نیشتەجێن. پرسیاری ئەوەمان لێكرد؟ هاووڵاتیانی عەرەب ئارەزوور دەكەن زیاتر لە چ جۆرە یەكەیەكی نیشتەجێبوون نیشتەجێبن؟ لە وەڵامدا عەلی ئیبراهیم گوتی: زۆرینەی هاووڵاتیانی عەرەب خێزانی گەورەن و دەیانەوێت لە خانوو یان ئەو شوقانە بمێننەوە كە 2-3 ژوورین.