کەمێک لەمەوبەر، لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا کە لە لایەن شاژنە ئیلیزابێسی دووەم شاژنی کۆچکردووی ئەو وڵاتەوە چەند رۆژێک بەر لە گیانلەدەستدانی، دیاریکرا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا راگەیاند.

لیز ترەس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەگەڵ شا چارلسی سێیەم قسەی کردووە و پێی وتووە کە دەست لە پۆستی سەرۆکی پارتی پارێزگاران دەکێشێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا لیز ترەس دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ سێر گراهام برادی، سەرۆکی کۆمیتەی ساڵی 1922 کۆبووەتەوە و رێککەوتوون کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەو وەک سەرۆک وەزیران دەمێنێتەوە تاوەکو جێگرەوەیەک هەڵدەبژێردرێت.

ترەس جەختی کردەوە لەوەی، ” من لە کاتێکدا بووم بە سەرۆک وەزیران، ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئابووری و نێودەوڵەتی هەیە و ناتوانم ئەو ئەرکە ڕابپەڕێنم کە پێم سپێردراوە.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “من دان بەوەدا دەنێم… بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە؛ ناتوانم ئەو ئەرکە پێشکەش بکەم کە لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە بۆم دیاریکراوە.”