ئەمڕۆ چوارشەممە موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیارنەمانی پارەی دەستەی باجی دەوڵەتی عێراق بە “دزیی سەدە” وەسف كرد.
مەندەلاوی لە میانی سەردانیكردنی بارەگای دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی، رای گەیاند: “نەرمی لەگەڵ تێوەگلاوانی دزیی سەدەدا نانوێنین، تا ئەو كاتەی بە یارمەتیی دادگا، دەیانخەینە زیندانەوە.”
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی دا كە شەڕێكی چارەنووسساز بەرانبەر گەندەڵكاران دەكەن، كە شەڕێكە هیچی لە شەڕی نەهێشتنی تیرۆر كەمتر نییە، گوتیشی لەمبارەیەوە قۆناغی داهاتوو بۆ پەرلەمان و دادگای عێراقیش ئاسان نابێت.
جێی باسە ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە سكانداڵی دیارنەمانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تاكو سێ ملیار دۆلاری ئەمریكی، لە دەستەی باجی دەوڵەتی عێراق، بووەتە بابەتی میدیاكان و ناوەندە سیاسییەكانی عێراق.