خەبات: سولین سلێمان:- دکتۆر چنار بابەکر مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین کۆلێژی زانستە سیاسیەکان لەم دیمانەیەدا بەو شێوەیە باسی پرسی ئافرەت دەکات لە سیاسەتی نێودەوڵەتی:

*ئایا پرسی ئافرەت لە سیاسەتی نێودەڵەتیدا بە گشتی لە جیهان و بە تایبەتی لە کوردستان چۆن دەبینی؟
“پرسی ئافرەت بەو شێوەیە نیە، کە لە دیبەیتە نائەکادیمییەکان باسی لێ دەکرێت. ئەم پرسە لەسەر ئاستی جیهان و لە ناوخۆشدا لە کۆمەڵگەیەك بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە و لە سیستەمێکی حوکمڕانییەوە بۆ سیستەمێکی حوکمڕانی تر جیاوازی هەیە و جیاوازییەکانیش پەیوەست بەم بابەتە رێژەیین.

ئێمە پێمان وایە رێژەی بەشداری ئافرەت لە پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە پێی پێویست نیە.

دیارە شوڕش و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ئافرەت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کاریگەرییان هەبووە لەسەر باشترکردنی پێگەی ئافرەت و بەشداریکردنی کارایان لەو پرسە سیاسییە نێودەوڵەتییە.

لە ئێستادا بابەتی ئافرەت بەشێکی دانەبڕاوە لە تیۆری سیاسی و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەکو یەکێ لە مەنهەجەکان دەخوێندرێ و بە توێژینەی زانستی پەرەی پێ دەدرێ.

پرسی ئافرەت کێشەیەكی جیهانیە و پەیوەست نیە تەنها بە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو و سنووردار، زانا و فەیلەسوف و چالاکوانانی ئەم بوارە توانیویانە کاریگەریی ئەرێنییان هەبێت لەسەر گۆڕینی سیستەم و هزرە مرۆییەکان بۆ زیاتر گرینگیدان بەو پرسە، بەڵام ئەم هەوڵانە لەسەر ئاستی خواست و مافەکانی ئافرەت نیە بۆ بەشداری زیاتری ئافرەت لە پرسەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.

د.چنار گوتیشی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بنەڕەتدا لەسەر بنەما و هزری پیاوسالاری دامەزراوە، کە هۆکاری سەرکەیی بووە بۆ لاوازی ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسی لە ناوخۆ و لە جیهان و کارابوونیان لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بابەتە پێویستی بە گەنگەشە و دیبەتی زیاتر بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ ئافرەت و بەرزڕاگرتنی پێگەی لە کۆمەڵگەدا.