حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموولایەكەوە هەوڵی بەرەو پێشچوونی هەرێمی كوردستان دەدات، لەسەرجەم سێكتەرەكان بەتایبەتی لەبواری پەروەردەو ئابووری لەو چوارچێوەیەدا لەكۆلێژی زمانی زانكۆی سەلاحەدین بەشی زمانی چینی كراوەتەوە و ئێستا قوتابیانیان لەقۆناغی چوارەمن،بۆ زانینی سوودی ئەم بەشە جگە لەبواری زانستی و ئەكادیمی چەند پرسیارێكمان لە (د. بارزان شێخ جەعفەر شێخ عەلی ) سەرۆكی بەشی زمانی چینی – كۆلێژی زمان – زانكۆی سەڵاحەدین كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی خەباتی دایەوە:
خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین
+ بەشی چینی كەی و چۆن كرایەوە؟ چەند قوتابیتان هەیە؟
_ كردنەوەی بەشی زمانی چینی هەنگاوێكی نوێ حكومەتی چین و هەرێمی كوردستان بوو لە بواری ئەكادیمی، دواتر لە رێككەوتنێك و لێكتێگەشتنێكی دوولایەنەی نێوان زانكۆی سەڵاحەدین و كونسوڵگەری كۆماری میللی چین لە كوردستان بەشی زمانی چینی دامەزرا. بەشی زمانی چینی وەك بەشێك لە كۆلێژی زمان لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە. یەكەم گروپی قوتابیانی لە وەرزی ئەكادیمی ٢٠١٩-٢٠٢٠ وەرگرت. لە ئێستادا قوتابیانمان قۆناغی چوارەمن و ژمارەیان ١٣ قوتابیە. شێوازی وەرگرتنی قوتابی لە بەشەكەمان وەك سەرجەم بەش و كۆلێژەكانی تر لە رێگای زانكۆ لاین و ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان دەبێت.
+ گرنگی بەشی چینی لەچیدایە؟
_ ئامانج لە دامەزراندنی بەشی زمانی چینی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چاكسازییە زانستی و ئەكادیمیەی كەرتی خوێندنی باڵا, كە لە لایەن بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاری بۆ كراوە بۆ كرانەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بە جیهانی دەرەوە. لەم روانگەیەشەوە، گرنگی كردنەوەی بەشەكە بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و وڵاتی چینە، نەك تەنیا لە روانگەی ئابووری، بازرگانی و سیاسی، بەڵكو لە روانگەی ئەكادیمیشەوە پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان هەردوو گەلی چین و كوردستان لە لایەنی زمان و كەلتورەوە دروست بكرێت. زیاد بۆ ئەمەش، بەهێزكردنی پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان هەر دوو گەلی چین و كوردستان كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ‘رێگای ئاوریشمی’. لە لایەكی ترەوە، بۆ سودوەرگرتن لەو پێشكەوتنە زانستیانەی زانكۆكانی چین كە لە ریزبەندی باشترین زانكۆكانی جیهاندان. لە ژێر رۆشنایی ئەم روونكردنەوەیە دا دەكرێت بڵێین كە گرنگی كردنەوەی بەشی زمانی چینی لەم بوارانەدا خۆی دەبینێتەوە.
یەكەم، لایەنی بازرگانی، بەوەی كە لەرێگەی قوتابیانمان، هاوكاری كۆمپانیا خۆماڵی و چینیەكان دەكەین بۆ دروست كردنی كادری بەتوانا كە شارەزانی تەواوی لە هەردوو زمانی چینی و كوردی و ئینگلیزی دا هەبێت.
دووەم، لایەنی ئابووری، دەرچوانی بەشەكەمان دەتوانن ببنە سەرچاوەیەكی باشی پەیوەندیە ئابووریەكانی نێوان هەردوولا.
سێیەم، لایەنی كەلتوری و سیاسی، كردنەوەی بەشەكە دەبێتە هۆی زیاتر ئاشناكردنی كەلتور و مێژووی هەردوو نەتەوە بە یەكتر و پێشخستنی پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەكان.
چوارەم، لایەنی ئەكادیمی، جگە لەوەی كە قوتابیان بە شێوەیەكی زانستی فێری زمانی چینی دەبن، دواتر دوای دەرچونیان هەلی خوێندنی باڵایانلە زانكۆكانی وڵاتی چین بۆ دەرەخسێت لە هەر بوارێك كە خۆیان بخوازن. وە فێربونی زمانەكەش بە رێگەی ئەكادیمی وای كردووە كە قوتابیانمان توانایەكی باشی وەرگێرانیان لە نێوان هەردوو زمانی چینی و كوردی و ئینگلیزی دا هەبێت.
+ جگە لەبواری خوێندن، تاچەند لەرووی كەلتوری و فەرهەنگی ئەم بەشە رۆڵی هەیە؟
_ بەشی زمانی چینی، نەك تەنیا لە چالاكیە ئەكادیمی و زانستیەكان كاری گرنگی ئەمجام داوە، بەڵكو هەوڵمان داوە كە كار بكەین بۆ زیاتر ناساندنی هەردوو گەلی كوردستان و چین بە كەلتوری یەكتر و لەم بوارەشدا چەندین چالاكی كەلتوریمان ساز داوە كە گرنگترینیان بریتی بوو لە فیستیڤاڵی كەلتوری كوردی-چینی بە بۆنەی سەری ساڵی چینی لە ١٤-٢-٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی قونسوڵی كۆماری میللی چین و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم. لە هەمانكاتیشدا چەندین چالاكی كەلتوریمان سازداوە لە نەورۆز، رۆژی ئاڵا، رۆژی پۆشاكی كوردی، یاخود لە رۆژی زمانی چینی، رۆژی سەربەخۆیی، وە سەرجەم ئەو بۆنە كەلتوریە چینیانەی كە لە وەرزەكانی ساڵ ئەنجام دەدرێن. زۆربەی زۆری ئەم چالاكیانەش لە لایەن كەناڵە ناوخۆیی و بیانیەكانەوە تۆماركراوە.
+ لەبواری ئابووری و درووستكردنی ژێرخانی ئابووری بەشی چینی تاچەند ڕۆڵی دەبێت؟
_ ئێمە لە بەشی زمانی چینی پەیوەندیەكی پتەو و بەهێزمان هەیە لەگەڵ كۆمپانیا چینیەكان بۆ هاوكاریكردنی قوتابیانمان بە پێدانی هەلی كار چ بە شێوەی پارت تایم یاخود هەلی كار لە هاویندا، وە هەروەها پەیوەندیەكی باشیشمان هەیە لەگەل بەشێك لە كۆمپانیا ناوخۆیەكان كە كاری بازرگانی دەكەن لەگەل وڵاتی چین. لەم دیدگایەوە، دەتوانم بڵێم دەرچوانی بەشەكەمان لە داهاتوودا دەتوانن ببنە پردی پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوولا، هەروەها وەك بەشی زمانی چینیش كارمان كردوە بۆ هاندانی كۆمپانیا چینیەكان بۆ زیاتر ئەنجامدانی كاری بازرگانی لە كوردستان و لەوچوارچێوەیەش دا كار بكەن بۆ خزمەتی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا. بۆیە دەتوانم بڵێم بەشەكەمان رۆڵێكی ئەرێنی بینیوە بۆ هاندانی كۆمپانیا چینیەكان بۆ زیاتر وەبەرهێنان و كاركردن لە هەرێمی كوردستان.
+ تاچەند توانیوتانە كۆمپانیا و بازرگانانی خۆماڵی و چینی سوود لەتوانای ئێوە ببینن؟
_ بەهۆی سەردانی بەردەوامی كۆمپانیا چینیەكان بۆ بەشەكەمان، هەفتانە رۆژێكمان تەرخان كردووە بۆ بەرنامەی گۆشەی چینی (چاینیز كۆرنەر) بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ قوتابیانمان بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی كە فێری دەبن لەگەڵ چینی زمانەكان پراكتیزی بكەن، لە هەمانكاتیش دا كۆمپانیاكان باس لە شێوازی كاركردنی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دەكەن و باسی كەلتوری خۆیان و كەلتوری كوردی بۆ قوتابیانمان دەكەن. لەم رێگەیەوە توانیومانە پەیوەندیەكی بەهێز دروست بكەین لە نێوان قوتابیان و كۆمپانیاكان بۆ دروستكردن و پێدانی هەلی كار بۆ قوتابیانمان، لە هەمانكاتیش دا كۆمپانیا خۆماڵیەكان بە گرنگیەوە لە بەشەكەمان دەروانن و هیواخوازن كە قوتابیانمان بتوانن لە كۆمپانیاكانیان هەلی كار بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندیە بازرگانیەكانیان لە گەل كۆمپانیا چینیەكان بەرەوپێشتر ببەن.
+ لەڕووی دابینكردنی هەلی كار ئێوە هیچتان پێ دەكرێت بۆ لاوانی وڵات؟
_ جگە لە دابینكردنی هەلی كار بۆ قوتابیانی بەشی زمانی چینی، چەندین هەلی كارمان بۆ قوتابیان یاخود دەرچووانی بەشەكانی تر رەخساندووە بە تایبەت لە شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی زۆربەی كۆمپانیاكان لە شاری هەولێرن. لەهەمانكاتیشدا بە گوێرەی توانا هەوڵمانداوە كە هەلی كار بۆ هاووڵاتیانمان لە پارێزگای سلێمانی و دهۆك برەخسێنین. لەم ماوە پێشووەدا لە رێگەی بەشی زمانی چینی، كۆمپانیایەكی چینی ٩٥ هەلی كاری بۆ هاووڵاتیانی شاری دهۆك رەخساند. بۆیە، ئەوەی وەك بەشی زمانی چینی بە ئێمە بكرێت بەردەوام هەوڵی جدیمان داوە كە لە رێگەی كۆمپانیا چینیەكان زۆرترین هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان برەخسێنین. هەربۆیەش، بەهۆی ئەو كار و چالاكیە زۆرەی كە لە ماوەی ساڵی رابردوو هەمانبووە لە بەشی زمانی چینی، سەرنجێكی زۆر كەوتووەتە سەر بەشەكەو قوتابیانی پۆلی دوانزدە بە گڕوتینەوە ئارەزووی هاتنە بەشەكە دەكەن چونكە دەزانن كە داهاتوویان مسۆگەرە.
+ تا چەند كونسوڵخانەی چینی هاوكاری بەشی زمانی چینی دەكات؟
_ بە خۆشحاڵییەوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی بەشی زمانی چینی تا ئێستا، پەیوەندیەكی باش لە نێوان بەشی زمانی چینی و كونسوڵخانەی چین لە كوردستان هەیە، بەردەوام لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی یاخود دیدار و سەردان، ئاگاداری كاروبارەكانی بەشن و بەردەوام خودی بەرێز كونسوڵ (نی رۆچی ) بە شەخسی هاوكار و پاڵپشتمانە بۆ سەرجەم كارو چالاكییە زانستی و كەلتورییەكانمان. لە چەند رۆژی رابردوو لە ڕێگەی كونسوڵخانەی چین و خودی بەرێز نی رۆچی، وەزارەتی پەروەردەی چین و سەنتەری پەروەردەو فێركردنی چین، ژمارەیەكی زۆر پەرتووكی خوێندن و ئەكادیمیان بۆ دەستەبەركردین. زیادبۆ ئەمەش، قونسوڵخانەی وڵاتی چین بەڵێنی پێدانی زەمالەی خوێندنی بە قوتابیانمان داوە كە دوای خوێندن بتوانن سەردانی وڵاتی چین بكەن بۆ خوێندنی باڵا. زیاد بۆ ئەمانەش، بەڵێن بە قوتابیانمان دراوە كە دوای كۆتایهاتنی نەخۆشی كۆرۆنا لە وڵاتی چین، گەشتێكی كەلتوری و زانستی بۆ قوتابیانمان ئەنجام بدەن و ئەم گەشتانەش بۆ قوتابیانی قۆناغەكانی تریش لە داهاتوودا بەردەوامی دەبێت.
+ وەك بەشێكی زانستی سەربە زانكۆی سەڵاحەدین، هاوكارییەكانی زانكۆ چین بۆ بەشەكەتان؟
_ بە دڵنیاییەوە، ئێمە بە بێ هاوكاری و پاڵپشتی بەردەوامی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین و خودی سەرۆكی زانكۆ نەماندەتوانی ئەو هەموو كار و چالاكییە زانستی و كەلتورییە ئەنجام بدەین، لە هەمانكاتیشدا راگرایەتی كۆلێژی زمان بە تایبەت راگری كۆلێژ و یاریدەدەری راگر بەردەوام پاڵپشت و هاوكارمان بوون بۆ دابینكردنی سەرجەم داواكاریەكانمان. دەتوانم بڵێم هۆكارێكی سەرەكی سەركەوتنی بەشی زمانی چینی دەگەڕێتەوە بۆ هاوكارانمان لە زانكۆی سەڵاحەدین و لەوێش لە كۆلێژی زمان.









