خەبات: عەلی بانیشاری
بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە شوێنە كەلەپوورییە گرنگەكانی زاخۆ نۆژەندەكرێتەوە كە ئەویش بازاڕی كۆنی شارەكەیە. بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ دەڵێت: پاش نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە هەوڵدەدەین گەشتیار بۆ زاخۆ رابكێشین. لە بواری شوێنەواریشدا بۆ یەكەمجار زانكۆیەكی ئەڵمانی لە گردی دێرەبوونی سەر بە ناحیەی رزگاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كنەوپشكنین ئەنجام دەدات.
محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ بە (خەبات)ـی راگەیاند: بە بڕیاری بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بازاڕی كۆنی زاخۆش نۆژەندەكرێتەوە. گوتیشی: بازاڕی كۆنی زاخۆ لە 130 دوكان پێكدێت و مێژووی بەشێك لە دوكانەكان بۆ ساڵانی هەشتاكان و نۆ دوكانیش بۆ 140-150 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، زبڵ و خاشاكێكی زۆر لە نێو بازاڕی كۆنی زاخۆ كۆبووەتەوە و پێش دەستكردن بە كاری نۆژەنكردنەوەكە بە جوانی خاوێنی دەكەنەوە. پێشبینی ئەوەشیكرد، لە 2-3 مانگی هاتوودا دەست بە نۆژەنكردنەوەی بازاڕی كۆنی زاخۆ بكرێت. راشیگەیاند: نۆژەنكردنەوەكە هەلیكار بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و لە هەوڵیشدان پاش تەواوبوونی كارەكانی بازاڕەكە گەشتیار بۆ ناوچەكە رابكێشین.
بێ لە بازاڕی كۆنی زاخۆ، چەندین خانووی كەلەپووریش لە شارەكەدا هەن، بەڵام تاوەكو ئێستا رووپێوی نەكراون. بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: یەكێك لە شوێنە كەلەپوورییە زاخۆ گەڕەكی جولەكانە و ژمارەیەكی خانووی گرنگی تێدایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەمانتوانیووە رووپێوی بۆ ئەنجام بدەین.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە زاخۆ؟ محەمەد ئەحمەد گوتی: بۆ یەكەمجار زانكۆی یوهانسی گوتنبیرگی ئەڵمانی لە گردی دێرەبوونی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەڵكۆڵینی شوێنەواری ئەنجام دەدات. گوتیشی: گرێبەستی كاركردن لەگەڵ زانكۆ ئەڵمانییەكە بۆ ماوەی سێ ساڵە و هەڵكۆڵینەكە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەوەشی گوت: دێرەبوون یەكێكە لە گردە شوێنەوارییە گرنگەكانی زاخۆ و كەوتووەتە ناحیەی رزگاری و پێشتر كنەوپشكنینی شوێنەواری لێ ئەنجام نەدراوە. محەمەد ئەحمەد ئاشكراشیكرد، لەم هەفتەیەدا دەست بەكاری هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە گردی دێرەبوون دەكرێت.
باسیلەوەشكرد، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین گرد و ناوچەی شوێنەواری هەن كە بۆ سەردەمی چاخی بڕۆنزی و ئاشووری و ئیسلامی و فرپی و ساسانی دەگەڕێنەوە. جەختی لەوەشكردەوە، هەر زانكۆیەكی بیانی لە بواری شوێنەواردا بیەوێت لە ناوچە زاخۆ هەڵكۆڵێن ئەنجام بدات هاوكاری تەواوی دەكەن. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ، لە ئێستادا 20 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری ئیداری سەربەخۆی زاخۆ ئامادەن بۆ ئەوەی هەڵكۆڵینی شوێنەواریان لێ ئەنجام بدرێت.
لەبارەی ئەنجامدانی رووپێوی شوێنەواری؟ بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری زاخۆ دەڵێت: لە 2013 تا 2017 زانكۆیەكی ئەڵمانی رووپێوی لە باتیفا و سندی و چەند ناوچەیەكی دیكە ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی ناسەقامیگری ناوچەكەوە كارەكەیان تەواو نەكردووە و بەجێیانهێشتووە. روونیشیكردەوە، لە ئەنجامی رووپێوییەكەدا نزیكەی 20 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراون.
زیاتر گوتی: 60%ی سنووری زاخۆ رووپێوی شوێنەواری لێ ئەنجامدراوە و ئەوەشی كراوە زیاتر لە ناوچە دەشتاییەكان بووە و هێشتا رووپێوییەكە نەگەیشتووەتە ناوچە شاخاوییەكان. لە زاخۆ نزیكەی 140 ناوچەی شوێنەواری هەن. بەوتەی محەمەد ئەحمەد، ئەگەر رووپێوی تەواو لە ناوچەكەدا بكرێت ئەگەری هەیە ژمارەی شوێنە شوێنەوارییەكان بگاتە پێنج هێندە.