وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا “بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی”ـی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بە “پێشێلکاریێکی بێ پاساوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق” ناوی دەبات. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە لانیکەم 9 کەس کوژران و سەرووی 30ی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: “ئێمە ئاگاداری هەواڵی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیلین و هەموو زیانێکی گیانی کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆوە دروست بووبێت، شەرمەزار دەکەین.”

هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە سەرکۆنەی گوتەکانی حکومەتی ئێران دەکەین کە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دژی عێراق دەکات.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: “ئێمە پشتیوانیی خەڵک و حکومەتی عێراق دەکەین دژی ئەم هێرشە زەقانەی کە دەکرێنە سەر سەروەرییەکەیان.”

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە. هەروەها ماوەی چەند رۆ‌ژێکیشە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکات.