وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە: “ئەمڕۆ ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەسنوری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان، لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوردومان کران”.

ئەوەش خراوەتە روو: “بۆردوومانەکە، بەدوو گەڕ بووە، گەڕی یەکەم کاتژمێر ١٠:٣٠ بوو، گەڕی دووەم کاتژمێر ١٣:٢٠ بوو”.

ئاماژە بەوەش دراوە: “بەداخەوە لە بۆردومانەکاندا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، هەروەها چەند رۆژنامەنووسێک بریندار بوون لەنێویاندا پەیامنێر و وێنەگری کەناڵی کوردستان ٢٤”.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتە روو: “ئەم رووداوە لە کاتێک دایە، کە هێزەکانی پێشمەرگە، سەنگەریان لە تیرۆریستان گرتووە و رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە بوونەتەوە، کە بوونەتە بەشێک لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی”.

هەروەها جەختیشکراوەتەوە: “ئێمە لە شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە ئیدانەی ئەو بۆردومانانە دەکەین، داواش دەکەین زۆر بە خێرایی ئەم کارە دزێوانە لەسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە رابگیرێن”.