وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌رگرتنی ژه‌می چواره‌می پاڵپشتیكاری ڤاكسینی كۆڕۆنای راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (26ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لەپێناو بەرژەوەندی و تەندروستی گشتی هاووڵاتیاندا، بڕیاردراوه‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین بۆ منداڵانی سه‌رو پێنج ساڵ زیادبكرێت.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕیاریداوه‌، وه‌رگرتنی ژه‌می چواره‌می پاڵپشتیكاری ڤاكسینی كۆڕۆنای به‌ خوازیاری بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی دابینبكات كه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ریبگرن.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا 465.799 كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون و 7.468 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.