گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە کار لەسەر زیادکردنی 50 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێلگەی کۆرمور دەکرێت، کە بە هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 250 مێگاوات زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25/9/2022، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زاری ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە: “ئێستا توانایی بەرهەمهێنانی کارەبا 3500 مێگاواتە، لە وەزری هاوین بە تێکڕایی 14 بۆ 15 کارەبای نیشتمانی دراوە و ئێستاش بەهۆی نزمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا، ماوەکانی پێدانی کارەبا بووەتە 18 کاتژمێر”.

ئەوەشی خستووەتە روو: “کار لەسەر زیادکردنی 50 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێلگەی کۆرمور دەکرێت، کە بە هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 250 مێگاوات زیاد دەبێت و تا مانگی ئاداری ساڵی ئاییندە بە زیادکردنی 250 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گاز، 750 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت”.

ئاماژەشی بەوەداوە: “تاوەکوو ئێستا بۆ 1.3 ملیۆن هاوبەشی کارەبا پێوەری زیرەک دانراوە، بەهۆی ئەو پێوەرەوەش کارەبا کۆنترۆڵ کراوە، کۆتایی بە سەرپێچییەکان هێنراوە و ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا بەرز کراوەتەوە”.