نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی 92 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی سعودیە کرد و پیرۆزبایی ئەو رۆژەی لە “شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زيز و جێنشينى سعوديه‌ مير محه‌ممه‌د بن سه‌لمان و سه‌ركردايه‌تى و حكومه‌ت و گه‌لى شانشينى عه‌ره‌بستانى سعوديه‌ كرد”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی نیشتمانیی سعودیە، ئەمڕۆ هەینی 23-09-2022، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له‌ رێوڕه‌سمى يادى 92 ساڵه‌ى رۆژى نيشتمانيى شانشينى عه‌ره‌بستانى سعوديه‌دا كرد كه‌ له ‌لايه‌ن كۆنسوڵخانه‌ى گشتى سعوديه‌وه له‌ هه‌ولێر سازدرا.”

محەممەد بن سلێمان عەسیری، کۆنسوڵی سعودیە لە هەولێر لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و سوپاسی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تەواوی کابینەی حکومەت و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگییەی کە لەگەڵ وڵاتەکەی هەیانە و کردوویانە.

کۆنسوڵی سعودیە لە هەولێر گەشبینیی خۆی بە مێژووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان نیشاندا و رایگەیاند، “سعودیە بە رێز و شکۆوە لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.”

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی 92 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی سعودیە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی زیاترە لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی دیکەی هاریکاری کەنداو لە هەموو بوارەکاندا و، بانگهێشتی وەبەرهێنەرە سعودییەکانیشی کرد بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لەوەش کرد کە “هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە و گەشەپێدانی زیاتر بەو پەیوەندییە دووقۆڵییانە.”

بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی 92 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی سعودیە