سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ کونسوڵی گشتی نوێی کۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆ كیجۆنگ، کونسوڵی گشتی نوێی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور کرد و خواستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی دوولایەنەی لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

کونسولی گشتیی کۆریای باشوور، وێڕای خستنەڕووی کورتەیەک دەربارەی کار و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگی باشیان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاته‌كه‌ی.