سالار کۆشار قەلەمێک لە جوانی شیعر،کەمان ژەنێک لە زەنگیانەی ئاوازی عەشق

23

خەبات: خالید کۆچەر:- سالار کۆشار شاعیرێکی جوان و بە سەلیقە ، کۆلان بە کۆلان دەگەرێت تا خۆی بە عەتری وشە ئاودێر بکات، تا لەناو کتێبێکی باڵا پۆش بە وشەی جوان بوونی خۆی بسەلمێنێت، راگەیاندکارێکی ماندوو و پر لە خولیای عەشقێکی پیرۆز بۆ ناساندنی مرۆڤە جوانەکان لەسەر شاشەی تیڤییەکان، مۆسیقا ژەنێکی عاشق بە ئاوازی جوان تا لە هەوارگەی کۆچەریان کەمێک لە گەل بادەی شەماڵ خەمەکانی خۆی بیربباتەوە، مرۆڤێکی سادەو خاکیی و دەم بە پێکەنین، دەمێکبوو بریارمدا دیمانەیەکی ڕاستەخۆو رووبەر ئەنجامبدەم، لە نزیکەوە بیدوێنم، مۆتیڤەکانی خۆی لە ناو ئەم دیمانەدا رەسم بکات و بمدوێنێ و بیدوێنم، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی دڵی کۆشار جگە لە عەشق و خۆشەویستیی هیچیتری تیا نییە، لەم دیمانەدا حەزمکرد بێگرێی و بێ دوو دڵی بدوێم تا بزانم دڵی ئەم شاعیرە چی تێدایەو چیم بۆ باسدەکات.

*با لە پرسیارێک دەستپێبکەین ، دوور لە پرسیاری دووبارە، با لە شیعر دەستپێبکەین شیعر بەدوات دەگەرێت ، یا خۆت بەدوای جوانی شیعر دەگەرێیت؟
تەمەنێکە شیعر یەخەم بەرنادات هەرگیز لەخەو هەڵنەستاوە، هەموو جارێک شیعر لە خۆشترین شیرین خەودا بە ئاگای هێناوم و یەخەی بەر نەداوم، تا چەند بەرەو ژان لە دایکبووە، سەد ئەوەندەش ئاسوودەیی پێبەخشیووم، بروا ناکەم هیچ خۆشییەک لەوە خۆشتربێت بە هەموو بە ژانی پیرۆزەوە چاوەکانی هەلدێنێت و ئازارێکم پێدەنووسێتەوە.

*لەناو ریتیمی جوانی شیعردا پەنچەرەیەک دەکرێتەوە بە شنە بای شیعرەوە فێنکاییت پێدەبەخشێت؟
بەلێ، گەلێکجار لەگەل نووسینی چەند دێرێکدا فرمێسک لەچاوەکانم باریووە، گریاوم بۆ ئومێد بەخشێک تا پەنجەکانی دوورییم بخەمە سەر حەرفی ئەو شیعرانەی بانگم دەکەن تا چەند هەناسەیەکی دیکە فێنکایی دڵم ئاوبدات.

*شیعر ئەو جوانییەی جارانی ماوە؟
بەلێ، ئەو ڕێگایە بە خۆم نادەم رەفزی ئەو دەنگانە بکەم تا ئێستاش نەبوون بە شاعیر باخۆیان لە سەفیری جوانی سەفارەتی شیعر دوور بخەنەوە ، لە نێو ژانرەکانی ئەدەبی بابەتێکی دیکە هەڵبژێرن.

*جوانە، منیش هەمان خۆزیام هەبوو ، دەنگە جوانەکان با جوانتر خۆیان بنووسنەوە؟
لێگەرێن، بۆ دەنگە جوانەکانی مالی شیعر با کۆچەو کۆڵانەکان پر کەن لە عەتری وشە.

*حەز دەکەم بیزانم لە نێوان شیعر نووسین و کاری راگەیاندن و موزیک کامیانت خۆشتر دەوێت؟
کۆچەر گیان لە شیعرێکی خۆمدا ئەم نەهێنییە بۆ حەرفی ڕازەکانم دەدرکێنم و وتوومە: من خەڵکی وڵاتی مۆسیقام و کورە بچووکی شیعرم و حەڵالم لەسەر لێوی ئازارە نەخشینەکانم.

*با بگەرێینەوە ناو دنیایەکەی جوانی موزیک و کەمان ، لەکوێوە دەستپێکەین تا جوانییەکان بنووسینەوە؟
سەرەتا من بە موزیک دەستم بە هونەر کردو دواتر سەفەرم کرد بۆ دنیای جوانی هونەر، سۆزی دەورێشانەی ئاڵەتی کەمانم هەڵبژارد تا لە سیحری جوانی مۆسیقادا خۆم بدۆزمەوە، توانییم خزمەتێکی بچووک پێشکێش بە مێژووی هونەر بکەم هەر لە ئاوازو دابەشکردنی مۆسیقا، خۆشم بە قەرزاری ئەو مامۆستایە دەزانم ڕەنجی کێشا لەگەلم و نابێ مامۆستا جەودەت شاکر لە یاد بکەم وەک وەفایەک.

*با بگەرێینەوە ناو راگەیاندن ، ئامادەکارو پێشکێشکاری دەیان بەرنامەی ئەدەبی و کلتوریی و هونەری بوویت؟
بە منەتی نازانم و منەتیش بەسەر کەسدا ناکەم، بەڵام خۆشبەخت دەزانم لە ڕێگای بەرنامەکەی من دەیان بەهرەمەندم هێنابێتە سەر شاشەی تیڤیی و خزمەتێکی بچووکیشم کردبێت، ئەوەتا ئەرشیفەکەم پرە لە مرۆڤی جوان، هەر لە شاعیرەکان و بنووسەکان و هونەرمەندەکان، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان لە کتێبێکدا بیاننووسمەوە.

*کەواتە لە نێوان دنیای شیعرو موزیک و راگەیاندن خۆشبەختییت؟
بەلێ نەک زۆریش بگرە هەر زۆریش، هەر یەک لەمانە پێناسەو چێژو تایبەتی خۆیان هەیە، شیعر بەجوانی و گەورەیی خۆی، مۆسیقا ئیلهامبەخشێکی سۆفیانە، راگەیاندنیش ئەوە بینەرەکە حوکم دەدات تا چەند سەرکەتووبوویت لە کارەکەت.

*پێناسەیەکی کورت بۆ جوانی شیعرو موزیک و راگەیاندن ؟
شیعر بەزمانی گوڵ دەدوێت ڕقی لە شەرە ، بەدوای جوانی کۆڵانەکان دەگەرێت ئەگەر شاکارێکیش نا چەند ڤەسیدەیەکی جوان بۆ مێژوو جێبهێلێت ، موزیک دەمانباتە نێو مەستیی جوانی تا لەناو سەمایەکی شێتانە کەمێک سەما بکەیین ، بەدەم ئاوازی خرۆشەوە گۆرانی بلێین ، کاری راگەیاندن بۆ خەڵک جێدێلم تا لە نێو هێلە تەریبەکان رەش و سپی لە یەکتر جودا بکەنەوە.

*تاوێک سەرنج بەرامبەر ئەو هەموو زۆریی و بۆرییەی قەلەم، تۆ هەست پێناکەییت ژمارەی بنووسەکانمان لە ژمارەی خوێنەرەکان زیاترە؟
منیش لەگەل ئەو پرسیارەی تۆم ، بەلام هەرگیز عادزم ناکات، چونکە دەزانم بەشێک لەمانە لە ڕێگادا بەجێدەمینێن و نابن بە هیچ، دەنگە جوانەکانیش دەبنە خاوەن دەنگی جوان هەریەکەو لە ژانرە تایبەتەکەی خۆی، هەندێک دەبن بەهەلم و هەندێکی دیکەش بلقی سەر ئاو یا کەفی دەریا.

* ئیحساسیی جوانی دڵی شاعیر سەرچاوەکەی لە کوێوە هاتووە و لە کوێ هەلدەقوولێت و لەکوێ کۆتایی دێت؟
پرسیارێکی جوان ، ئیحساسیی دڵی شاعیر گەلێکجار لای جوانە ژنێک جێیهێشتووە و نایداتەوە، یا لە ناو دیمەنی سرووشتێکدا، یا لەناو جوانی پەڵکەزێرینەی ڕەنگە جوانەکان ، لە کوێ کۆتایی دێت ، ئەو کاتەی دڵی جوانی شاعیر لە ترپەی لێدان دەکەوێت.

*با کۆتا پرسیار لای خۆت بێت ، ئەو پرسیارەی من لەیادم کردووە تۆ بە نیازییت بیدرکێنییت؟
سوپاس بۆ رۆژنامەی (خەبات) سوپاس بۆ تۆ، خۆشبەختم لەدیمانەیەکی رووبەروودا لەگەل خالید کۆچەری شاعیر یەکتریمان دواند ، وەک شاعیرو وەک رۆژنامەنووس لە دەرگای چەند بابەتێکماندا، چەند پەنجەرەیەکمان کردەوە ، سوپاس بۆ خوێنەرانی ئەم دیمانەیە یا دەمانخوێنەوە ، یا رەفزمان دەکەن ، دووبارە دەستخۆشیی بۆ بەرێزتان لەسەر مێزێک بووین بەمیوانی یەکتر.

سالار کۆشار بۆ خەبات دەدوێ