ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15/9/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ڕێگەی دووسایدی سپیلک – خەلیفان دانرا و لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا زۆر زۆر بەخێر بێن.

خۆم زۆر بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بەشداری بكەین لە دانانی بەردی بناغەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكی و ستراتیژیی خەلیفان – سپیلك كە بەشێكە لەو بەرنامانەی حكوومەتی هەرێم بۆ دروستكردنی ڕێگەوبان لە هەموو هەرێمی كوردستاندا.

لێرەوە جێی خۆیەتی پێشتر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەم بۆ ساڵیادی دامەزراندنی و ئەو بڕیارەی دامان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرەكان و خەڵكی سۆران و خۆمان و هەموو هەرێمی كوردستان دەكەین.

دیارە كە دەستكەوتەكانی ئەم دەڤەرە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەرچاون و هیوادارم ساڵی داهاتوو دەستكەوتی زیاتریش بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە بێنە دی و ئێمەش بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتییان دەكەین.

من دەستخۆشی لە كۆمپانیای كاڤین گرووپ دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، كە پێشتریش لە چەندین بۆنەدا پرۆژەی زۆر باش و ستراتیژییان جێبەجێ كردووە بە كوالێتییەكی باش و بەرز. ئێستاش ئێمە دەمانەوێ ئەم پرۆژەیە بە كوالێتییەكی باش و گونجاو كە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان بگونجێت، جێبەجێ بكرێت.

من لێرە داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە و دانیشتوانی ئەم سنوورە دەكەم، داواتان لێ دەكەم ڕەچاوی ئەوە بكەن كە ئەو شوێنە قەدەغەكراوانەی كەناری جادەكان هەن، تەجاوزی ئەو شوێنانە نەكرێ، بۆ سەلامەتیی خۆتان جوانترە و بۆ جوانیی شارەكە و سروشتی وڵاتەكەشمان جوانترە.

هیوادارم ئەمە لەبەرچاو بگیرێ و فەرمانبەرانی حكوومەتیش چاودێریی پارێزراویی ئەم شوێنانە بكەن.

هەروەها داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش شۆفێرە بەڕێزەكان دەكەم كە هاتوچۆ بە شەقامەكاندا دەكەن، ڕەچاوی ڕێنماییەكان بكەن، خێراڕۆیشتن مانای گەیشتن بە ئامانج نییە لە كاتێكی زووتر، خوانەخواستە زۆر جار لەوەی ڕەچاوی ڕێنماییەكان ناكرێت، تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن، زیان بە خۆیان و هاونیشتمانییانی تریش دەگەیەنن، بۆیە تكاتان لێ دەكەم وریا بن، لەسەرخۆ بن و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن.

ئێمە لە چوارچیوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەریمی كوردستان، گرنگییەكی زۆرمان بە ڕێگەوبان وەك ژێرخانی ئابووریی كوردستان داوە و لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەم پرۆژانەمان جێبەجێ كردووە و بەرنامەشمان هەیە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی زیاتریش. هەر لەم دەڤەرە چەندین پرۆژەی ترمان هەیە بۆ دەڤەری سیدەكان-برادۆست، بۆ دەڤەری بارزان و قەزای برادۆست، هەروەها بۆ بەدووسایدكردنی ڕێگەی هاملتن. ئەمانە هەمووی لە بەرنامەدان و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێن.

ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی زۆر تایبەتە، لەوەی چ لە كاتی خۆڕاگری و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستاندا قوربانییەكی یەكجار زۆری داوە، چ لە ڕووی جوانیی سرووشتی خۆی كە ناوچەیەكی زۆر دڵگیر و سەرنجڕاكێشەیە. بۆیە بەرنامەی زۆرمان هەیە كە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە گرنگییەكی زیاتر بەم ناوچەیە بدەین، دیزاینێكی وا دابنێین كە ئەم ناوچەیە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە بكەینە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێشتر و گەشتیاران لە دەرەوەی ناوچەكەش بێن سەردانی ئێرە بكەن.

ئەمانە هەمووی لە بەردەمماندایە و هیوادارین خوا دەرفەتمان پێ بدات ئەم بەرنامانە جێبەجێ بكەین كە خەڵكی ئەم دەڤەرە لێی قازانج دەكەن و خەڵكی هەموو هەرێمی كوردستانیش سوودمەند دەبن.

من جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، سوپاستان دەكەم و هیوادارم ئەم پرۆژەیەش لە كاتی دیاریكراو و بگرە زووتریش جێبەجێ بكرێت. ئیشەڵا هەنگاو بۆ دروستكردنی پرۆژەكانی تریش دەهاوێژین.

زۆر زۆر سوپاستان دەكەم جارێكی تر. هیوادارم هەموان ساخ و سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.