پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی سێ ئافرەتی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە رفاندنی كچێك و بەكارهێنانی بۆ كاری لەشفرۆشی.
بەپێی راگەیاندراوێكی پۆلیسی هەولێر، بنكەی پۆلیسی كوردستان سەر بە بەشی پۆلیسی ناوشار/ڕۆژئاوا، سێ ئافرەتی تۆمەتباریان بەناوەکانی (ژ. ا. س.) و (ژ. خ. م.) و (هـ. خ. م.) دەستگیر کردووە بەتۆمەتی ڕفاندنی کچێک.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە تۆمەتبارەكان كچەكەیان لە ماڵێكی گەڕەكی (كەرتی 55)ی ماردین) دەست بەسەرکردووە و کاری بەدڕەوشتییان پێ ئەنجام داوە، پاشان داویانە بە ئافرەتێکی تر بەناوی (ت)، کە ئەویش هەمان کاری پێ کردووە.
جەختیش كراوەتەوە كە دوای دەستگیر کردنیان، تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بەپێی ماددە (٣ی بغاء) بۆ ڕێکخراوە و ڕەوانەی دادگا کراون.
