وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه‌ ماڵپەڕێک دروست ده‌كه‌ن بۆ خستنەڕووی داتا و ئاماری کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م کەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە ئامادەبوونی جووتیار عادل بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و هیوا ئەفەندی بەرپرسی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەرپرسانی وەزارەت.

لەو کۆبوونەوەیەدا کتێبێکی دیکۆمێنتاری لەسەر مێژووی نەوتی کوردستان لە سەردەمی عوسمانییەکان خرایەڕوو کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە چاپکراوە.

هەروەها بڕیار لەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕێک بۆ بڵاو کردنەوەی کار و چالاکیی وەزارەت و ئامار و داتاکانی کەرتی نەوت و گازی هەرێم درا کە ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنانی بیانی و راکێشانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز و شەفافییەتی زیاتری داتا و زانیارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.