خەبات: سەید فەخرەدین: سیڤان کوردۆ بابان لاوێکى بەهرەمەند، ئەو لە تەمەنى ٩ ساڵى خولیاى هونەرى هەبووە، لە رێکخراوى بە هرەمەند بۆ هۆشیارى و رۆشنبیرى منداڵان کار دەکات، تا رادەیەکى باش شارەزایى لە مەقامات هەیە، لە دیدارێکدا بۆ خەبات وەڵامى چەند پرسیارێکى ئێمەى بەم شێوەیە دایەوە.
*ئەگەر خۆت بەخوێنەرانمان بناسێنی؟
حەزی هونەریم بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە تەمەنم (9) ساڵان بوو لەگەڵ باوکم کە مامۆستای بەشی هونەری بوو، هەر ئەوکات باوکم و دەوروبەرم هەستیان بەوە کرد بەهرەیەکی دەنگ خۆشی لە مندا هەیە و هانیاندام بۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بم.
*ئێستا لەکوێ پەرە بەکارەکانت دەدەیت؟
لە ڕێکخراوی بەهرەمەند بۆ هۆشیاری و ڕۆشنبیری منداڵان کاردەکەم، لەو ڕێکخراوەدا له چەندین چالاکی و کاری هونەری بەشداریم کردووە.
*شارەزایت لە چ بوارێکی گۆرانی گوتن هەیە؟
تا ڕادەیەکی باش شارەزایم لە مەقامات هەیە، چونکە هەر مەقامێکی ناوچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژەنیاری ئۆرگم و حەزێکی زۆریشم بۆ ئامێری گیتار هەیە ئێستا بەردەوامم لە ژەنینی.
*حەز بە چ دەنگێکی ڕەسەن دەکەیت؟
من تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن گوێ لە دەنگە ڕەسەنەکان ناگرم، بەڵکو من سوودی زۆریشیان لێ وەردەگرم، بۆیە حەز و چێژ شتێکە و سوود وەرگرتن شتێکی ترە، هونەرمەندان ماملێ و حەسەن زیرەک وعەلی مەردان و مەزهەری خالقی ئەوانە قوتابخانەیەکن بۆ من و گۆڕانیبێژانی کورد، هەموو ئەو هونەرمەندانەی شاکاریان هەیە لای من خۆشەویستن.