سهرهتا وتار هەڵسەنگاندنێكی بابەتییانە بۆ دۆخی ئێستای عیراق
د. سامان سۆرانی
لەگەڵ ئەوەی گرژییە جەماوەرییەکانی کۆتایی مانگی تەمووزی ٢٠٢٢ دەرئەنجامێكی چاوەڕوانکراوی ئەو دۆخە ئاڵۆز و بنبەستە سیاسییە بوو، کە لە سەرەتای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دەستی پێ کرد و ووردە ووردە لەگەڵ بەردەوامی شکستهێنان لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ چوارچێوەیەکی سیاسی، کە دەبوو بریتیی بێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
بە پێچەوانەوە دابەشبوونێ بە درێژایی جەستەی سیاسی شیعەدا ڕوویدا و بوو بە ناونیشانی سەرەکی ئەم بنبەستە سیاسی و دەستوورییە.
ئومێدی ئەوە دەکرا، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمان سیستەمی سیاسی شێوێنراو لە عیراق بخاتە بەردەم واقیعێکی جیاواز، بە تایبەتی گۆڕینی ئەو نەریتە سیاسییەی عیراق، کە دوورە لە پرنسیپ و بنچینەکانی دیموکراسی، چونکە سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای دەستورێکی شێوێنەر بوو.
ئەمەش بە ڕوونی لە شرۆڤەکانی دادگای فیدڕاڵ بۆ دەقە دەستورییەکان دەردەکەوێ، بە تایبەت بابەتی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار، کە دادگا وای شیکردەوە، پێویست بە دوو لەسەر سێ دەکات، بیچگە لە تەفسیرەکانی تری پەیوەست و دژ بە مافەکانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها نەبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەکان و بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی بەش بەشێن و نەبوونی ئۆپۆزسیۆن سەرجەم پرۆسەی سیاسی خستە بەردەم قەیرانێکی نوێ، بێجگە لە کێشەی دەرئەنجامی دۆسییەکانی گەندەڵی و بەسەربازکردنی کۆمەڵگە و هۆزەکان، پاش نزیکەی بیست ساڵ لە ڕووخانی رژێمی ستەمکاری پێشوو.
دوای کشانەوەی بەرەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، کاتێ نەیانتوانی پرۆژە سیاسییەکەیان جێ بەجێ بکەن، مەبەستیان بوو دەسەڵاتێکی جێ بەجێکاری زۆرینەی نیشتمانی دابمەزرێنن، لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی بوونی هەبێت. ئەم كشانەوەی سەدرییەکان و پەرەسەندنەکانی تر لەناو پرۆسەی سیاسی لە عیراق وەرچەرخانی نوێ و چەندین سیناریۆی گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی هێنا.
سیناریۆیەك، کە لەم دواییانە باسێ لێ دەکرا، گۆڕینی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسی بوو بە گشتی لە ڕێگەی دەرەوە. هەندێ لە پەرلەمانتارەکانی خولی پێشوو و کەسایەتی سیاسییەکان باسیان لەم سیناریۆیە دەکرد، گوایە لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت و پێیان وایە ئەو گۆڕانکارییە بە زەبری هێز دەبێت و لە ئێستادا کار دەکرێت و نەخشە دادەڕێژرێ بۆ ڕووخانی سیستەمی دەسەڵات لە عیراق، هەموو ئەمە لە ماوەی دوو ساڵدا و دوای ئەوەش قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات، عیراق لە ڕێگەیەوە دەبێت بە جەمسەرێ بۆ ناوچەکە و سەرجەم پرۆسەی سیاسی، بە هێزە حزبی و سیاسییەکانیشەوە، گۆڕانکارییان بەسەر دێت. بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێشە، ئەو پەرلەمانتار و کەسایەتییانە باسیان لەوە نەکردووە، ئەو هێزە دەرکییەی مەبەستی گۆڕانکارییە لە عیراق، کێیە، ئایا هێزێکی نێودەوڵەتییە، یان هێزێکی هەرێمییە؟
ئەگەر ئەو گۆڕانکارییە بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت، ئەوا سیستەمی سیاسی پاش ٢٠٠٣ دەستکردنی ئەمریکا بووە، لە پێناویدا سەدان ملیار دۆلار و ژمارەیەکی زۆر سەربازی کردۆتە قوربانی و لەم ساڵانەی دواییشدا بەهۆکاری سستی ئابوری جەختی لەوەش کردۆتەوە، بیر لە بەکارهێنانی هێز ناکات بۆ گۆرێنی سیستەمی لە جیهان ، تەنانەت بیر لە گۆرینی ئەو ڕژێمانەش ناکاتەوە، کە بە نەیاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێن، چونکە کۆڕینیان کاریگەیی نەرێنی دەبێت لەسەر توانا ئابوری و مرۆییەکانی ئەمریکا.
ڕاستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درك بە مەترسی جێهێشتنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ دەوڵەتەکانی تری وەکو چین و ڕوسیا و تاڕادەیەكی کەمتریش ئێران، کە لە ڕکابەری و ململانێین لەگەڵ ئەمریکا لەسەر سەپاندنی هەژوومنیان بەسەر ناوچەکە.
سەرۆكی ئەمریکا، جۆ بایدن، لەسەردانەکەی بۆ ناوچەکە و بە دیاریکراوی لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی جەددە لە عەرەبستانی سعودیە ئەو ئەجیندایەی ئاشکرا کرد ، کە ئەمریکا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕاشەکاوی ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێگە بە چین و ڕوسیا نادات هەژموونیان لەم ناوچەیە فراوانتر بکەن و باسی لەوەش کرد، لە ڕێگەی هێزی نەرمی ئابوری و سیاسی ڕێگرییان لێ دەکات و بەرامبەر بە ئێرانیش ووتی، بەکارهێنانی هێز دوا ئامراز دەبێت دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەژموونی هەرێمی ئەو وڵاتە.
ئەگەر ئەمریکا مەبەستی نەبێت هێز بەکار بهێنێت بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عیراق، ئەوا بە دڵنیاییەوە چین و ڕوسیا، کە وەبەرهێنانی گەورەیان لە بوارەکانی نەوت و گازی عیراق کردووە، دژ بەم سیستەمەی ئێستای عیراق نین، کە زۆرینەی هێز و دەسەڵاتە شیعەکەی بە ئاشکرا دژایەتی ئەمریکا دەکات.
وڵاتانی ئەوروپا، کە بە هۆکاری قەیرانەکانی جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕوسیا و گرفتەکانی کەش و هەوا و کۆچبەری لە بەرژەوەندییان نیە لە بری بەکارهێنانی هێزی نەرم، سیاسەتی دەرەوەیان لەسەر بنەمای هێز و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ هەڵچنن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عیراق.
لەگەڵ ئەوەی تورکیا و ئێران وەکو دوو هێزی هەرێمی بەدوای خواست نوێ و هەژموونن لە بوارەکانی بازرگانی و ئابوری و وەبەرهێنان و هەژموونیان هەیە بەسەر ژمارەیەكی بەرچاو لە هێز و حزبە سیاسییەکان لە عیراق، بەڵام هیچ گرفتێکیان لەگەڵ سیستەمی سیاسی لە عیراق نیە.
دەوڵەتە عەرەبییەکان، بەتایبەتی دەوڵەتەکانی کەنداو، ئەگەر چی زۆر شت بە خواست و ویستی ئەوان نیە، بەڵام ئەوان بە تەنها هێچیان پێ ناکرێت و هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ کردارەکانی ئەمریکا دەگونجێنن.
ئێمە پێمان وایە ئەو جۆرە سیناریۆیە تەنها پێشبینییە و خوێندنەوەیەکی ڕەشبینانەی ئەو کەسایەتی و لایەنانەیە بۆ واقیعی سیاسی لە عێراقدا، کە خواستیانە گۆڕانی سیاسی لە ڕێگەی دەرەوە ئەنجام بدرێت. بەڵام گۆڕانکاری لە ناوەوە بژاردەیەكە، زیانی کەمترە و دەتوانێ یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزێ.
تا چ ڕادەیەك هێزە سیاسییەکان لە عیراق دەتوانن کار بۆ کۆتایی هێنان بە پاشاگەردانی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی بکەن و بەرژەوەندی عیراق بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبی و بەرژەوەندی دەرەکی، ئەمە ڕۆژانی داهاتوو وڵامی دەداتەوە.
سەرجەم هێزە سیاسییە شیعەکان پێیان نەکرا کاریگەرییان هەبێت بەسەر موقتەدا سەدر، تا لە بڕیارەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی پاشگەزبێتەوە، بەڵام ئەو لایەنانە سەرکەوتووبوون لەوەی نەهێڵن سەدر زۆرینە سیاسی پێكبهێنێت. بۆیە سەدر ئەندامانی ڕەوتەکەی لە ئەنجومەنی نوینەران کشاندەوە و دەرفەتی بە نەیارەکانی دا، حکومەت پێکبهێنن. ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ گۆڕینی ڕێسای کایەکان و بەو شێوەیە سەدر فەزای سیاسی و یاسایی بەجێهێشت و چووە ناو فەزای جەماوەریی و تا ئێستا بە شێوەیەكی زیرکانە ئەو کایەیە لەگەڵ جەماوەر و شەقام بەڕێوەدەبات.
لە ئێستادا مەودای نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی فراوانە و ناکرێت بە ئاسانی بچووك بکرێتەوە. چارەسەرە ڕاستەقینەکان لەوانەیە تەنها بریتی بێ لە هێورکردنەوەی قەیرانەکە، لەوانەشە ڕێکەوتنی سەرەتایی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و دۆخەکە بەم شێوەی ئێستا بهێڵرێتەوە، بەڵام ئەم جۆرە چارەسەرە دەچێتە ناو وردەکاریی زۆرەوە، لەوانە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکان، دیارە چوارچێوەی هەماهەنگی مەبەستیە بە تەواوی بگۆڕدرێ و لە بەرامبەریشدا سەدر ییەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە.
بەردەوامبوونی مستەفا کازمی لەسەر بەڕێوەبردنی حکومەت بە دەسەڵاتەکانییەوە لەوانەیە سەدر ڕازی بکات، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتی دەکات. هەورەها ڕەفتاری دادگای فیدڕاڵ، کە سەدر لە ڕووی سیاسییەوە بە لایەنداری چوارچێوەی هەماهەنگی دەبینێ، بە تایبەتی بۆ مالکی، کە پێویستە هەندێ لە بڕیارەکانی، کە مشت و مڕی زۆریان لەسەرە، ڕابگرێ، بە تایبەتی تەفسیری دەستور، ئەوەی پەیوەستە بە سێ لەسەر یەكی پەکخەر و سێ لەسەر یەکی زامن، بە پێی ناسنامەی ئەو لایەنەی بەکاری دەهێنی، ئەم شرۆڤەیە دەرفەتی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەخساند، ڕێگری بکات لە تێپەڕاندنی حکومەتی زۆرینەی بە سەرکردایەتی سەدر.
ئێمە پێمان وانیە سەدر لە ڕێگەی نێوەندگیری و دیالۆگ لەگەڵ مالکی ئاشەوایی کەسی و سیاسی درووست بکات، بە تایبەتی پاش ئەو تۆمارە دەنگییانە، کە بە نهێنی تۆمارکرابوون و تیایاندا هێرشی توندی کردبووە سەر سەدر.
دیارە هەموو لایەکیش پیویستی بە کاتە و لە گەڵ بەسەرچوونی کاتدا گرەو لەسەر هێوربوونەوەی گرژییەکان دەکات.
بەڵام ئەم سیناریۆیە هۆکارەکانی قەیرانەکە چارەسەر ناکات و تەنها هەڵهاتنێکە بۆ پێشەوە، ئەمەش دەرفەت دەهێڵێتەوە لەبەردەم تەقینەوەی دۆخەکە، هێشتا نەیارانی سەدر ترسیان لە ویستە ئاشکراکانی سەدر هەیە، کە دەڵێ، پێویستە چەكی میلیشیاکان داماڵرێ و هەژموونی سیاسی شیعە کۆتایی پێ بێت و هێزە سیاسیە باوەکانی شیعە پەراوێزبخرێن و دوور بخرێنەوە لە ناو دیمەنی سیاسی.
سەرکەوتنی سەدر لە پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی کێشەی سیاسی لە عیراق قووڵتر کرد، چونکە بابەتەکە ئیتر گرێ نادرێ بە زمانی ژمارەکان و میکانیزمەکانی پەرلەمان و یاساکان، بەڵکو ململانێیەکە چۆتە ناو پانتاییەکی تر، کە شەقامە، جوڵەی شەقامیش کەمتر کۆنتڕۆڵ یان پێشبینی دەکرێت.
ئێمە پێمان وایە گرژییەکان تا دێ زیاتر دەبن، بەتایبەتی ئەگەر سەدر ناچار بێت، هەنگاوی ڕیشەیی بنێت، کاتێ وەڵامی خواستەکانی نەدرێتەوە و لایەنێکی سێیەم نەتوانێ وەکو چاودێر کار لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئەم قەیرانە بکات.
تاوەکو ئێستا مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵلا سیستانی، و نووسینگەکەی ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا دەستێوەردانیان نەکردووە، ئەگەر چی مەرجەعیەت لەگەڵ پاراستنی ئەم سیستەمەیە و لەگەڵ چاکسازییە لە ناوخۆ، بەڵام لەوانەیە تۆڕەکانی پەیوەست بە مەرجەعیەت ڕۆڵی نائاشکرا بگێڕن و لایەنەکانی ناوخۆ و دەرەوە هان بدەن بۆ دەستێوەردان.
تا ئەو کاتەی دۆخەکە نەگاتە ئاستی هەڕەشە بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵگەیی و ڕوودانی پێکدادانی چەکدارانە و داڕمانی سیستەم بە گشتی، کە مەرجەعیەت خۆی لێ بە بەرپرسیار دەزانێت، ئەوا دەستێوەردانی ئاشکرا لەلایەن مەرجەعیەتەوە ڕوونادات.
ئەم دۆخەی ئێستا پرسیاری زۆر درووست دەکات، ئایا قەیرانەکە بەرەو کوێ دەچێت، ئاسیا پێکدادانی چەکدارانە ڕوودەدات؟ ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ دەگەڕێ عیراق ڕووبەڕووی خزنە ناو پاشاگەردانی بێت؟
لەوانەیە ڕۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێش ئەوەی هەموو شتێ بگاتە لێواری داڕمان.
لە کۆتاییدا دەکرێت ئاماژە بەوەش بکەین، کەوا چوڵە سیاسییەکان و کۆبوونەوەکانی نێوان هەر چوار سەرۆکایەتییەکان، بە بەشداربوونی جینین بلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو، پیش ئەوەی کەشتی فریادڕەس عیراق لەناوەندی دەریای کێشەکان بەجێ بهێڵێت.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسیەت