دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوایکرد لە ماوەی یەک کاتژمێردا کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی بەغدا بهێندرێت و لایەنگرانی بکشێنەوە، خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز دەستیان بە کشانەوە کرد.
خۆپیشاندەرێک کە لە ناوچەی سەوز قسەی بۆ کوردستان24 کرد، گوتی: “موقتەدا سەدر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی لە ماوەی 60 خولەک بکشێنەوە ئێمە دەکشێینەوە، ئەگەر ئەوانیش نەکشێنەوە ئێمە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆمان”.
یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرەکانی دەڵێت: “ئێمە هۆز و عەشیرەتەکانی عێراق بە فەرمانی موقتەدا سەدر هاتووینەتە ئێرە و بە فەرمانی ئەویش دەکشێینەوە، ئێمە هیچ شتێک بەبێ فەرمانی ئەو ناکەین، پێمان بڵێت بمرن، دەمرین، چونکە قسەی سەدر لای ئێمە لە هەموو شت گرنگترە”.