سه‌ره‌تا ده‌ره‌وه‌ دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر گەڕانەوەی تاڵیبان … لە ئەفغانستان چ گۆڕاوە؟

دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر گەڕانەوەی تاڵیبان … لە ئەفغانستان چ گۆڕاوە؟

74

خه‌بات: هەندرێن شێرزاد:- رۆژی 15 ی ئابی 2021 هێزە بیانیەكان لە ئەفغانستان كشانەوە و بەرپرسانی حكومەتەكەی ئەشرەف رایانكرد ، بزووتنەوەی تالیبانیش دووبارە گەڕایەوە بۆ دەسەڵات. ساڵێك بەسەر ئەم رووداوە تێپەڕی و ئەگەرچی دۆخی ئەمنی تا رادەیەك هێور بۆتەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ئەفغانستان بەدەستی كۆمەڵێك گرفتی ئابووری و مرۆییەوە دەناڵێنێ. لەو راپۆرتەدا دیمەنی گشتی ئەو وڵاتە دەخەینە روو:

گەڕان بەدوای دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا
ساڵی 2001 بە بیانووی تێوەگلان لە پەنادانی ئوسامە بن لادن ئەمەریكا لە رێگەی دەستوەردانی سەربازیەوە یەكەم ئیدارەی تالیبانی لەناوبرد، ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر دووبارە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات ، تا ئێستا ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دانی پێدا نەنراوە. حكومەتی كاتیی تالیبانیش كە ناوی لەخۆی ناوە ئیمارەتی ئەفغانستانی ئیسلامی رووبەڕووی چەندین گرفت دەبێتەوە كە پەیوەندیان بە مافەكانی مرۆڤەوە هەیە ئەمە وێڕای دابینكردنی خزمەتگوزاریەكانی تەندروستی و فێركردن و ئابووری و كشتوكاڵ . هاوكات بەهۆی هەڵوێستی نێگەتیڤانە بەرامبەر مافی ئافرەتان و فێركردنی كچان ، بزووتنەوەكە رووبەڕووی رەخنەی بەردەوامی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

تالیبان و پرسی كوژرانی زەواهیری
لە ماوەی ئەو یەك ساڵەی دەسەڵاتی تالیبان ، لە كۆتایی مانگی تەموزی رابردوو ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە لە رێگەی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی ئەمەریكییەوە لەناو كابۆلی پایتەخت كوژرا. لە راستیدا پێشبینی ئەوە نەدەكرا زەواهیری لە ئەفغانستان بێ ، بە تایبەتی دوای مۆركردنی رێككەوتنی دۆحە لە نێوان تالیبان و ئەمەریكا كە جەخت لەوە دەكاتەوە نابێ بزووتنەوەكە رێگە بە مانەوەی ئەو كەس و گرووپانە بدات لە ئەفغانستان بمێننەوە كە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانانی . لە بەرامبەردا تالیبان هێرشەكەی پرۆتستۆ كرد و رایگەیاند ئاگاداری مانەوەی زەواهیری نەبووە لە وڵاتەكەی و سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیە ، واشنتۆنیش بزووتنەوەكەی بە پێشێلكردنی رێككەوتننامەی دۆحە تۆمەتبار كرد. لە لایەكی دیكە ، پاكستان ناڕەزایی توندی بەرامبەر بە بزووتنەوەی تالیبان دەربڕی بەوەی هیچ هەنگاوێكی نەناوە لە پێناوی دانانی سنوورێك بۆ بزووتنەوەی تالیبان پاكستان ، جار نا جارێكیش رووداوی تەقەكردن لەنێوان هەردوولا روویداوە.

پەیوەندیی دیبلۆماسی سنووردار
لە رۆژی یەكەمی گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات ، بەرپرسانی بزووتنەوەكە هەمیشە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە رێگە نادەن وڵاتەكەیان ببێتە هەڕەشە بۆ هیچ دەوڵەتێك ، بەڵكو خوازیارن پەیوەندی دیبلۆماسی پتەو لەگەڵ هەموو وڵاتان ببەستن ، لەولاشەوە لێبوردنی گشتیان بۆ هەموو كارمەندانی ئیدارەی پێشوو دەركرد. زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا ، داوایان لە تالیبان كرد حكومەتێكی هەمەلایەن پێك بهێنێ كە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا تیایدا بەشدار بن و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێ بۆ ئەوەی بە فەرمی دانی پێدا بنرێ . وەك بەرگریەك لە حكومەتی كاتی ، تالیبان لە رووی دبلۆماسیەوە پەیوەندی بە ژمارەیەك وڵاتی وەك نەرویژ و سویسرا و توركیا و چین و قەتەر و رووسیا و پاكستان و ئۆزبەكستان كرد و داوای لێ كردن دانی پێدا بنێن ، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێك ئەم هەنگاوەی نەناوە بەڵكو زۆربەیان كابۆلیان بەجێ هێشت و باڵیۆزخانەكانیان داخست. تالیبانیش كەسێكی وەك باڵیۆز لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەستنیشان كرد بەڵام تا ئێستا وەرنەگیراوە.

مافی ئافرەتان و خوێندنی كچان
بەهۆی گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك ، تالیبان رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە لەلایە چەندین وڵات و دامودەزگای نێودەوڵەتی ، لەو رێوشوێنانە:
-دەركردنی هەزاران ئافرەت لە كارەكانیان لە هەردوو كەرتی حكومی و تایبەت.
-تەنیا رێگەی بە كاركردنی ژمارەیەكی دیاریكراوی ئافرەتان دا كە لە چەند شوێنێكی وەك نەخۆشخانە و قوتابخانە و بەشەكانی پۆلیس و فرۆكەخانەكان كار بكەن .
-لە سەرتاسەری وڵاتدا خوێندنی كچانی لە قۆناغەكانی ناوەندی و دواناوەندی قەدەغە كرد.
-لە زانكۆكاندا كۆڕان و كچانی لەیەك جیا كردەوە.
-رێگە بە قوتابیانی كچ نادرێ بەبێ ئامادەبوونی كەسوكاریان گەشتی دوورودرێژ ئەنجام بدەن.
-وەزارەتی ” الامر بالمعروف و النهی عن المنكر” ی بە وەزارەتی كاروباری ئافرەتان گۆڕی.
-هەموو لیژنە سەربەخۆكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤی هەڵوەشاندەوە .
-مانگی ئایاری 2022 بڕیاری دەركرد كە دەبێ ئافرەتان نقاب بپۆشن.
-چەندین كۆت و بەندی بەسەر ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریدا سەپاند و ژمارەیەكی زۆر دەزگای میدیاییشی داخست.

بلۆككردنی پارەی یەدەگی ئەفغانستان
وڵاتانی رۆژئاوا داوایان كرد تالیبان لە رێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتیانەوە ببێتە هاوبەشی ئیدارەی پێشووی ئەفغانستان ، بەڵام ئەوە رووی نەدا و دواتر بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشوو كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتگیریان لێ دەكرا ، وڵاتیان بەجێ هێشت . پێشتر زیاتر لە دوو لەسەر سێی بودجەی وڵات لە دەرەوە دەهات ، بەڵام ساڵی رابردوو ئەمە وەستێنرا و زۆربەی رێكخراو و دەزگا نێودەوڵەتیەكان ئەفغانستانیان بەجێ هێشت و بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئیدارەی ئەمەریكا بڕیاریان دا رێگە نەدەن چیتر تالیبان دەستی بگاتە یارمەتیە داراییە دەرەكیەكان ، هەروەها واشنتۆن نزیكەی 9 ملیار دۆلاری لە یەدەگی دراوی بیانی ئەفغانستان بلۆك كرد ، ئەمەش وڵاتی رووبەڕووی تەنگژەیەكی قوڵی ئابووری كردەوە و لە ئەنجامدا سیستمی بانكی داڕما و هەزاران كۆمپانیا و كارگە داخران و ئاستەكانی بێكاری و هەژاری گەیشتنە لووتكە.

كۆچكردن بۆ دەرەوە
لە دوای گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات ، شەپۆلێكی گەورەی كۆچكردن لە ئەفغانستانەوە بەرەو ئێران و توركیا دەستی پێكرد ، ئەمەش بەهۆی ترسی ئەگەری بەرپابوونی ململانێ یان گۆڕانی شێوازی دەسەڵات ، لەنێو كۆچكردواندا هەزاران سەرباز و كارمەندی ئیدارەی پێشوو و رۆژنامەوان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ هەبوون . ئەگەرچیش ئێستا شەپۆلەكە كەمێك هێور بۆتەوە دوای ئەوەی تالیبان پەیمانی دا ژیان و موڵك و ماڵی هەموو لایەك بپارێزێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوان بەردەوامن لە راكردن لە وڵات.

داعش هەڕەشە لە تالیبان دەكات
هەرچەندە ئێستا دۆخی ئەفغانستان بەگشتی تارادەیەك هێور بۆتەوە ، بەڵام هێشتا هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی سڤیل بە گشتی و شیعەكان بە تایبەتی درێژەیان هەیە و نەوەستاون ، تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هێرش و تەقینەوە لە مزگەوتەكانی قەندهار و كابول و قوندوز و مەزارشەریف روویانداوە و سەدان كەس بوونەتە قوربانی ، داعشیش بەپرسیارێتی خۆی بەرامبەریان راگەیاندووە.

بەرەی نیشتمانی لە پەنجشیر
لە چەند شارێكی وەك پەنجشیر و بەرڤان كە زۆرینەی دانیشتوانیان تاجیكن ، بەرەی نیشتمانی ئەفغانی بە سەرۆكایەتی ئەحمەد مەسعود بە پشتگیری ئەندامانی پێشووی سوپا لە دژی تالیبان هەڵگەڕایەوە و دوای شكستهێنانی دانوستانی نێوانیان شەڕ لە نێوان هەردوولا بەرپا بوو . بەرەی ناوبراو رایگەیاند زیانی گەورەی بە چەكدارانی تالیبان گەیاندووە ، تالیبانیش ئەمەی رەت كردەوە و تا ئێستاش رێگە بە رۆژنامەنووسان نادرێ روو بكەنە ناوچەكە.

بنبڕكردنی مادە سڕكەرەكان
مانگی نیسانی رابردوو تالیبان بڕیاری قەدەغەكردنی بەكارهێنانی مادە سەرخۆشكەرەكانی وەك كهول و هیرۆیین و حەبی سڕكەر و قەنەبی دا ، هەروەها رایگەیاند كە چاندنی ئەو گیایانەی لێیەوە بەرهەم دەهێنرێن و كارگەكان لە سەرتاسەری وڵات دەبێ دابخرێن. هەرچەندە تالیبان پەیمانی دا سزای هەموو ئەوانە بدات كە پێشێلكاری ئەو بڕیارە دەكەن بەڵام تا ئێستا بڕیارەكە نەچۆتە واری جێبەجێكردن . بەرپرسانی تالیبان جەخت دەكەنەوە كە دەبێ ئەلتەرناتیڤی دیكە بۆ جوتیاران هەبێ لە پێناوی رێگەگرتن لە چاندنی خەشخاش و قەنب ، هەروەها لەو پێناوەدا داوای یارمەتیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد.

كێشە سنووریەكان
تا ئێستا بەهۆی پەڕینەوەی پەنابەرانی نایاساییەوە چەند جارێك هێزەكانی تالیبان لەسەر سنوورەكان لەگەڵ پاكستان و ئێران دووچاری چەند پێكدادانێكی سووك بوونە . وەك حكومەتی پێشووش ، هێشتا حكومەتی تالیبان دانی بە هێڵی دیورەندی سنووریدا نەناوە لەگەڵ پاكستان ، لە بەرامبەریشدا پاكستان بەدرێژایی سنوور شوورەیەكی بونیاد ناوە . جگە لەوە چەندین جار چین و تاجیكستان و ئۆزبەكستان تالیبانیان لە بوونی هێزی چەكدار لە باكوری ئەفغانستان ئاگادار كردۆتەوە و رایانگەیاندووە ئەمە وەك هەڕەشەیەك وایە بۆ خاڵە سنووریەكانیان.

یەك ساڵە تالیبان چی كردووە؟
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لەو بارەوە دەڵێ : لە ماوەی ساڵێكدا بزووتنەوەكە ئەم دەستكەوتانەی وەدەست هێناون:
-حكومەتێكی ناوەندی لە ئەفغانستان دامەزرێنراوە.
-ئەفغانستان بۆتەوە خاوەنی سەروەریی تەواو.
-حكومەتی دامەزرێنراو سەقامگیریی سیاسی خولقاندووە و سنوورێكی بۆ گێرەشێوێنی و گەندەڵی و راگواستنی بەزۆر داناوە.
-بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ زیاتر لە 500 هەزار كارمەندی ئیدارەی پێشوو دەركردووە.
-ئێستا ئەفغانستان خاوەنی بودجەیەكی سەربەخۆیە .
-ئاستی هەناردەكردن لە وڵات زیادی كردووە و لەو ماوەیەدا 100 كۆمپانیای سەرمایەگوزاری تۆمار كراون.
-حكومەتی تالیبان 330 هەزار دەرفەتی كار لە كەرتی مەدەنی و سەدان هەزار دەرفەتی دیكە لە بوارەكانی كانزاكاری و بونیادنان و كەرتەكانی تر دابین كردووە .
-ئاستی فێركردن و چاودێری تەندروستی لە بەرفراوانبوون دایە.
-هەزار رۆژنامەنووسی بیانی و 250 دەزگای میدیایی لە ئەفغانستان هەن.
-گەشتە ئاسمانیەكان دەستیان پێ كردۆتەوە.