رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکی نوێیدا ئامادەیی خۆی بۆ واژووکردنی رێککەوتنێک، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە 27/8/2022، محەمەد ساڵح عێراقی، وەزیرەکەی موقتەدا سەدر کە پەیامەکانی گوزارشت لە راوبۆچوونی سەدر دەکەن، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “شتێک لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە گرنگتر هەیە، ئەویش بەشداری نەکردنی هەموو ئەو پارت و کەسایەتیانەی کە بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا کردووە لە دوای ساڵی 2003ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ”.
ئاماژەشی بەوەداوە کە بە مەرجی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانە ئامادەن لە ماوەی کەمتر 72 کاتژمێردا رێککەوتن واژۆ بکەن.